جناسی ناقس

از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 6 دقیقه  1043 مشاهده

ئەگەریش لە ژمارەی حەرفدا جیاواز بوون ئەوە ناو ئەبرێ بە «جناسی ناقس». جا ئەگەر جیاوازییەکەیان بە یەک حەرف بوو لە سەرەتاوە ئەوە پێی ئەوترێ مردوف. لەم بابەتەدا «نامی» ئەڵێ:

بەراوردم کرد بە ماوەی چەند ساڵ

کە دەوامی حاڵ مەحاڵە مەحاڵ

مادەم «لایسأل» نەسسی کەلامە

پرسیار لە خوا مایەی مەلامە

هەر وا ئەڵێ:

ئەگەر بەڕاستی کراسی یۆسوو
بۆنی بکەین و بیخەینە سەر ڕوو
چاوی سەر و دڵ ڕوون ئەبێتەوە
وەک چاوی یەعقووب ڕۆشنەوە بوو
***
چووم تا ببینم ئەوزاعی ماڵێ
لە کەم و کورتی یا لە کەماڵی
بە قەزا و قەدەر لە ماڵا نەبوون
نە ماڵم بینی نە حاڵ و باڵی
***
وام لە مەراقا لە فیراقی تۆ
مردم بە دەردی ئیشتیاقی تۆ
دنیام گشت تەی کرد لە هیچ لا نەمدی
ڕازابێتەوە بە ئەخلاقی تۆ
***
پەشێویی جیهان ئەگەر بزانی
لەسەر دوو شتە: لاتی و نەزانی
خۆزگە نەزانی ڕیشەی دەرئەهات
تا نەڕوێتەوە داری نەزانی
***
عەشقی شیرینە فەرتووتیی فەرهاد
عەشقی دێرینە شەیدایی نەوزاد
ئازادییش وا لە بەندیخانەدا
ئازادی ناکەن بە داد و فەریاد
***
تا مانم مابێ دامانت ئەگرم
بۆ ئەوەی لەبەر دامانت بمرم
ژینە مردنم بۆ مانی دڵبەر
خۆم شەهید ئەکەم بۆ ئەوەی نەمرم
***
کارم دیدەنی دیداری تۆیە
قارم لە قار و ئازاری تۆیە
شادیی من لەسەر شادیی دڵبەرە
بێزاریم لەسەر بێزاریی تۆیە
***
زاۆ بە داخۆ لاوک دەوێژێ
عەقرە وەک نوقرە ئەسرین ئەڕێژێ
نە نە سەهوم کرد، لەباتیی نوقرە
ڕێزەی ئاڵتوونی شیرین ئەبێژێ
***
زەمان ئەمانی نییە لەبۆ کەس
نامدار زامدارە بە نێزەی ناکەس
بەدکار بێدارە و بە شەو ناخەوێ
زۆر ئاگادارە نەفەس بە نەفەس
***
دوژمنی بەددڵ، بەددەم و بەدلێو
لە ماڵ و لە دەر، لە سارا و لە کێو
گورگ و قەساب و شوانی مەڕ و ماڵ
هەموو هەر یەکن بۆ بەرخی بێخێو
***
مەکینەی کینەی دڵی دوژمنان
کە دای لە کێڵگە وەفای موسوڵمان
هەرچیی تێدا بێ لە گیا و گوڵی جوان
ڕاپێچی ئەکا بۆ دنیای نەمان
***
خودا خودایە و جیهانیش جیهان
زانایە بە گشت ئاشکرا و پەنهان
تا بەندەی ڕاست و دڵسۆزی خوا بی
ئەویش لەگەڵتە و ڕەحیمە و ڕەحمان
***
ئەی هاوار لە دەس کاری ناڕەوا
تووشی چی بوون مەخلووقی خودا
بێفەرقیی بەینی هامان و هێمن
عالەمیان فەوتاند بە هۆسە و هەوا
***
ژیان ملوانکەی گێژی گەردنە
زیان هات، چارەت خۆڕاگرتنە
ئەگەرنا ژینێ ژان بێ لەبۆ دڵ
هەر بە ناو ژینە، بە ڕاست مردنە
***
لە شاری تائیف چووم بۆ لەتایف
بۆ لای عاریفی خاوەن مەعاریف
عەرزم کرد: قوربان! هاتوومە خزمەت
فەرمووی هەر ڕۆحە لایق بە عاریف
***

ئەگەریش جیاوازییان لە حەرفی ناوەڕاستا بوو، ئەوە ناو ئەبرێ بە «مكتنفعربی». بۆ نوونە وەک ئەو بەیتەی شاعیر کە ئەڵێ:

جدي و جهدي في الوفا بالعهدعربی
مادمت حيا منذ عهد المهدعربی

«نامی»یش ئەڵێ:

من بە جد و جەهد نەگەیمە ئەو جێ
دوورە لە پەستی و پێی ئەڵێن ئەوجێ
تەوفیقی خودا بردمییە بورجێ
کەم کەس پێی بگا و بۆی بێ جێبەجێ
***
دەردم ئەوەیە دەربم باریکە
لەم دنیایشا جێم تەنگ و تاریکە
مەگەر لوتفی خوا بگاتە فریام
لەو جێ تاریکە و لەو ڕێ باریکە
***
خانەدان یەعنی مەیدانی میوان
کە میوان نەبێ، نابێ خانەدان
بەرزیی ڕووی جیهان لەسەر قازانجە
قازانجیش خوڵکە و جێگە و چێشت و نان
***

ئەگەریش جیاوازییەکە لە ئاخری وشەوە بێ، ئەوە پێی ئەڵێن «مطرف». لە نموونەی ئەمەدا شاعیری عەرەب وتوویە:

يمدون من ايدٍ عواص عواصمعربی
نصول بأسياف قواصٍ قواصمعربی

«نامی»یش ئەڵێ:

ژین لەبۆ ژیرە نەک بۆ بێهۆشە
هۆش بۆ هوشیارە. نەک بۆ سەخۆشە
بە هەوا دەرچووم لەبۆ هەواڵی
ببینم مینای سەرگۆنای ئاڵی
بزانم حاڵی و ماچی کەم خاڵی
ڕوخسار و لێو و چاوانی کاڵی
بە بەختیاری بەختم یاریی کرد
ئەحواڵم زانی، زانینێکی ورد
دم پڕ کەماڵێ لە بەرزە ماڵێ
خاوەن تەمکینێ، شیرین ئەحواڵێ،
هیوای دڵداران لەقای دڵبەرە
هەرچەند کەمیش بێ ساتێ لە ساڵێ
حەجی ماڵی خوا یەک کەڕەت فەرزە
نەک هەموو ساڵێ، جارێ لە ساڵێ
خودا ئەم بەشە نەسێنێتەوە
بەسمە بۆ بەسمەی دوو لێوان ئاڵێ
«نامی» لە شەوقا شێت و شەیدایە
نازانێ ئاگای هۆش و کەماڵێ

ئەگەریش جیاوازییان بە زیاتر لە حەرفێ بوو، ئەوە پێی ئەوترێ «مذیّل» واتە: داوێنەدار، وەک لەم بەیتەی خەنسادا:

إن البكاء هو الشفاءعربی
من الجوي بين الجوانحعربی

«نامی»یش ئەڵێ:

یاری من جوانە، جانی جانانە
لەعلە، یاقووتە، دوڕە، مەرجانە
گیانی من عاشق بۆ عاشقانە
ئەوەی کە بۆ یار لە موشتاقانە
***
گەلێ گەلێکم بینی کوێر و کەڕ
ئەسووڕانەوە بە سواریی کەر
زۆری پێ نەچوو گشتیان بەسەر چوون
نە کەر مایەوە و نە خاوەنی کەر
***
بار و بارگەی یار بە سەد عیزز و ناز
ڕۆیی بۆ کوێستان، کێوی «مێشەڵواز»
سەرقافڵە گەورەی دەستەی یاران بوو
دەست و پێم ماچ کرد وتم: هۆ شاباز
گەر قوبووڵم کەی بە خوڵامی خۆت
ئەگەم بە سوود و سەرمایەی دڵخواز
ڕۆیشتم بۆ گوڵ بۆ دێی «گوڵچیدەر»
گوڵێکم بینی لە تاریف ئەودەر
پێم وت: ئەی گوڵی سەرانسەر جیهان
فیدای پەڕەت بێ جیهان سەرانسەر
مادەم نایابە لە وێنەی تۆ گوڵ
هەرگیز ناچمە دەر لە دێی «گوڵچیدەر»
***
حەسەن نیگادار نیگادارت بێ
لە شەو و ڕۆژا ئاگادارت بێ
«إنا فَتَحناعربی» کلیل دارت بێ
«وحفظناهاعربی»یش چاوەزارت بێ
***
بە هەوا دەرچووم بۆ هەوارگەی یار
لەبۆ تەماشای ڕوخساری دڵدار
دیم دانیشتبوو لەناو گوڵزارا
بە عیشوە و بە ناز، بە چاوی خومار

بەڵام دروست نییە جیاوازیی حەرفەکان بە زیاتر لە دوو حەرف بێ. «نامی» ئەڵێ:

دڵ زۆر ئەترسێ لە دڵ نیگەران
نابێ بە برا بۆ برادەران
مارێ کە کلکی بە تیغ بڕابێ
فەرامۆش ناکا کلکی لە دەران

ئەگەریش جیاوازیی ئەو دوو وشەیە کە ڕیزدا بوو ئەوە پێی ئەڵێن «قلب»، وەک لەم ڕستە عەرەبییەدا: «حسامه فتح لاوليائه، وحيف لاعدائهعربی».

«نامی»یش ئەڵێ:

ئەوەی بە دەردی دووریت ئەفەوتێ
حەیفە بە ئاگری دۆزەخ بسووتێ