استطراد

از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 3 دقیقه  853 مشاهده

بیست و شەشەم: «استطراد»ە کە ئەوەیە قسەکەر لەو مەبەستەی تیایەتی لابدا بۆ مەبەستێکی تر لەبەر موناسەبەتێک لەنێوانیانا، پاشان بگەڕێتەوە سەر مەبەستە ئەسڵییەکەی و تەواوی بکا، وەک لەم ڕستە عەرەبییەدا دەرئەکەوێ: «یقول القائل رأیت رجلا متینا في الاسلام، وان الدین عند الله الاسلام، و مراعاته تفید لصاحبة سعادة الدارین. وکان الرجل عالما بارعا في العلوم کافة وافادني واجاد في افادتي، جزاه الله عني خیرا.»

شاعیری خۆیشمان بۆ نموونە هێنانەوە بۆ ئەم سنعەتە ئەڵێ:

بزانن یارم پێکامی بە تیر
تیری دڵگیری «بیارە» دڵگیر
«بیارە» مەعنای «پیادەڕێ»یە
ڕێگەی پیادەیە پشتی ئەو دێیە
وەختێ هێرشی سوپای ئەسکەندەر
وڵاتیان داگرت ئەمسەر تا ئەوسەر
سوارە بە دڵی نائەمینەوە
هەموو سەرکەوتن لە سوورێنەوە
پیادەیش لە بیارەی خۆش سەر و دامان
سەرکەوتن بۆ سەر کێوی هەورامان
جا ئەو تیرەی وا دڵبەر دای لە دڵ
دڵی کرد بەجێی تێراوێی موشکوڵ
هەر لەو ساتەوە هەتا ئەم ساتە
دڵم چاوەڕێی بۆی بەرەکاتە
هەرچەند پێکامی بە تیری نیگا
دوعای بۆ ئەکەم کاتی سەحەرگا
قەت بێزار نابم بە ئێش و ئازار
ئازارم بۆنێ دێنێ لە گوڵزار
***
دەخیل لامەدەن لە دینی دڵبەر
دڵبەر دیدەیە بۆ خاوەن نەزەر
باڵای چون ئاڵای بەرزە چنارە
مەدینەی سەروی دەوری جۆبارە
وێنەی پەرچەمە لەبۆ نیشتمان
کانی ئەمانە و مەرکەزی ئیمان
گێسووی کەمەندە لەبۆ عاشقان
بەندی زنجیرە لەبۆ موشتاقان
برۆی کەوانە و برژانگی تیرە
تیری سەییادی هەزار نەچیرە
چاوی نەرگسی نەرگسەجاڕە
بۆنی وەنەوشەی چەمی بیارە
لێوی عەقیقی یەمەنی کانە
خاڵی «حجر الاسود»ی جوانە
ڕوخساری تاوی چەرخی چوارەمە
مایەی ڕووناکیی چەرخی عالەمە
ئەم یارە دیارە ئادەمیزادە
بەڵام بە ڕاستی باڵانەژادە
فەرامۆش مەبن لە عەشقی باڵای
لە مەشقی عیلم و لە زەوقی کاڵای
هەرچەند نیشانەی تیری برینە
برینەکانی جێی ئافەرینە
هەر ئەوە مایەی ڕزگاریی دڵم
هەر ئەوە چرای ماڵ و مەنزڵم
«نامی» ژیواری یادی یارانە
سەبر و قەراری بە کۆسارانە

ئەم شێعرانەیش هەروا نموونەی هونەری «استطراد»ن:

نەوجوانێکم دی، ئەویش بزانە
کەوا جوان زۆرن لەم نیشتمانە
وێنەی نایابە لەم کێو و دەشتە
سا مەگەر حۆریی باخی بەهەشتە
لە هەر شوێنێکا ساتێ بمێنێ
هەتا هەتایە بەهەشت ئەنوێنێ
پاش مردن کاتێ شوێنی خۆم ئەگرم
زیندووم، چون بە بۆی ئەوەوە ئەمرم
ئەمجار لەو کاتا ئەڕۆم بۆ مەحشەر
بە بەعسی عالەم «الله اکبر»
هیوام ئەوەیە لەژێر ئاڵایا
بم بە سەناخوان لەبەر باڵایا
لە حوزووریا بم تا «حوض المورود»
ئەوسا وەرئەگرم وەسیقەی خولوود
ئەمەیە مایەی ئارامیی «نامی»
لە عەینی عیشقا وەری گرت جامی