مراعاة النظیر

از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 2 دقیقه  1223 مشاهده

دووەم: «مراعاة النظیر»ە چاودێریکردنی دوو هاووێنە، کە ئەوەیە خاوەن وتار ئەو شتانە یەکن، بە ڕێکی نە بە دژی و ناڕێکی، کۆ بکاتەوە و بخاتە پاڵ یەک وەک خوای پەروەردگار لە قورئانا فەرموویەتی: «وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُعربی». دیارە لێرەدا دوو سیفەتی شنەوایی و بینایی ڕێکی یەکن و موناسبن بە یەک. لە وێنەی ئەمەدا نامی ئەڵێ:

ئاسمانی ساف بە نەخش و نیگار
ئەستێرە بە ماف جوانی شۆڵەدار
مانگی چواردەی دەرهاتوو لە کەل
ڕۆژی پڕتەودەر بە سەرجەم کۆمەڵ
سارای سەوزەپۆش، ئازاری گوڵزار
لالەی ڕەنگاوڕەنگ بە ڕیز و قەتار
ئەخەنەوە یاد نشینگای یاران
یانێ سەیرانگای فەسڵی بەهاران
لە جێی چیمەنی پڕ چینی چنار
لەگەڵ هاتوچووی یارانی دڵدار
شۆڕەبی و عەرعەر، سەرو و سنەوبەر
وەنەوشەی ملکەچ چون گێسووی دڵبەر
لەگەڵ باڵاکەی ئاڵای خۆش کاڵا
تاڵان کەردەی هۆش لەگەڵ کەماڵا
لەگەڵ ڕوخساری مانگی دوو هەفتە
لەسەر گەردنی زیوی زەڕکوفتە
بەم جۆرە یادە دەرئەچێ گیانم
لێم تاریک ئەبێ ڕۆژی ژیانم
ناچارم لێرا بژیم یا بمرم
تا لەناو گۆڕا جێگەی خۆم بگرم
هەرچەند ئەم یادە فەنای «نامی»یە
فەنای بەقایە و هۆی ئارامییە