گەر تۆ یاری باوەفایی، هێندە سەنگین دڵ مەبە
از کتاب:
دیوانی ئەحمەدی کۆر
اثر:
احمد کور (1771-1856)
3 دقیقه
1048 مشاهده
گەر تۆ یاری باوەفایی، هێندە سەنگین دڵ مەبە
یا مەکە کەس ئاشنایی، یا نە لێی غافڵ مەبە
غافڵی عەیش و مەعاشی، بە زبان چوست و هەراشی
هەر وەکوو سەنگی سەراشی، لێم بە تۆز و خۆڵ مەبە
خۆت مەکە غەرقانی دەردان، من مەخە ژێر باری بەردان
ڕێگە بگرە میسلی مەردان، دڵ بۆ ئاو و گڵ مەبە
ئاو و گڵ نەخشی دیواری، بێ سەدا و ڕەنگ دیاری
تۆ بە دۆستی ئاشکاری، دوشمنی قاتڵ مەبە
دوشمنی بۆ شێخ و شابی،، قاتڵی عەنقا و عوقابی
تۆ بە مەعشووقە حیسابی، ساکین و حاییل مەبە
ساکنی سەدر و نیقابە، هەرچی هەن پەردە و حیجابە
ساعەتێ دووانم لە لا بە، تۆوی خەردەل گوڵ مەبە
ڕاستە گوڵ بێ خار نینە، هەرچی بەر ڕوویی زەمینە
دڵ لە حاستی من حەزینە، مەخفی و موشکڵ مەبە
خۆت مەکە مەخفی لە پەردە، ڕوویی پاکت هەمچوو وەردە
تۆ خەبەردار نی لە دەردە، یاری ناکامڵ مەبە
یاری با عەقڵ و کەماڵی، باخەبەر لە دەرد و حاڵی
دڵ بە ئیحسان و خیساڵی، تووشی بەدمەنزڵ مەبە
مەنزڵی بەدخواهـ و بەدکەر، مەیکە مەوتەن یاری دڵبەر
عەرزی بێ کیشت، داری بێبەر، باغی بێ حاسڵ مەبە
باخی بێ میوات و دانی، ڕەنج بەبادە باغەبانی
هێندە با ساعی جیهانی، تالیب و مائیل مەبە
تالبی دنیای غەدارە، هەرکەسێ بیبێ بە یارە
سەعی و ڕەنجی وی خەسارە، مەردی قەت دوودڵ مەبە
سونجوو و خورما ببینە، نێوڕەقی توێکڵ شیرینە
خۆت بە تۆ و ڕێحان بچێنە، عاقیبەت پێکوڵ مەبە
کۆخ و قەیسی نوور جەماڵن، هەر دوو مەردی بەدخیساڵن
توێکڵ خۆشی نێوک تاڵن، تاڵی خۆش توێکڵ مەبە
گوێز و بادام هەر دوو جانن، ئەو لە سێ پەردەی نیهانن
خۆت لەوان چاکتر بزانن، وەک ئیلان قانگل مەبە
بی دەبێ بێ توێکڵ و پەردە، یا نییە یا زەهر و دەردە
بی بەری چون بێخی بەردە، وەک شیلان چڵ چڵ مەبە
نەک توو شیلان دڕوو ساقەت، هەر چی دەگرێ بەر نەدا قەت
حەز دەکەی پاک بی لە عیللەت، موفسید و موخیل مەبە
نەک وەکوو گورگی لە گەڕ بی، بۆ موسڵمانان بەزەڕ بی
ساکین ئاسا پێستی مەڕ بی، گورگی خوێن ئاکیل مەبە
هەرچی موفسید ناعەدیلن، ئەو بێ ڕێگە و بێ دەلیلن
عەبدی شەیتانی زەلیلن، شوبری بێ دەلیل مەبە
سۆفی دەبێ دین دروست بێ، نەک لە تاعەت پشتی سست بێ
شەو هەتا ڕۆژ حەقپەرست بێ، قەت سەری بێدڵ مەبە
ئەحمەدی کۆرتخلص بێ وجوودی، ئەبلەهـ و بێ سەرف و سوودی
کەم نماز و کەم دروودی، وەک خرووس دەنگ زل مەبە