یاری من عالەم دەخیلە، نیک و بەد بۆی تالیبە
از کتاب:
دیوانی ئەحمەدی کۆر
اثر:
احمد کور (1771-1856)
3 دقیقه
1050 مشاهده
یاری من عالەم دەخیلە، نیک و بەد بۆی تالیبە
کافر و ئیسلام قەتیلە، قەوسی ئەو دوو حاجیبە
قەوسی پڕ تیر و خەدەنگە، سەربەژار قەترانی ڕەنگە
هەر دڵێک ئەو لێی بە جەنگە، مردنی لێ واجیبە
چون کەوان نیشان زەمیرە، ئەژدیهای پڕ گاز و گیرە
جوملە دڵها بۆی ئەسیرە، زۆر بە دەست و غالیبە
ئەو بە سام و دەستەڵاتن، چین بە چین پۆل پۆل دەهاتن
ساف لە گشتی مەخلووقاتن، هەر دڵێک بۆی ڕاغیبە
هەر چی حوببی وی لە دڵ بێ، ڕەنگە ڕیسوا و خەجڵ بێ
پێ بە کۆت، زنجیر لە مل بێ، عەیش لەکن وی ڕاهیبە
کوانێ عەیش و کوانێ شادی، بێ لەبۆ جەڕحی فوئادی
وای بە حاڵی نامرادی، یار لە قەتڵی کاسیبە
کەسبی وان هەر قەتڵ و خوێنن، کاری وان جەڕح و برینن
مار و عەقڕەب چین بە چینن، یەک لەسەر یەک ڕاکیبە
یەک لەسەر یەکدی سوارن، سەر بە لوئلوء سەهمدارن
سونعی زاتی کردگارن، شوعلەبەرق و ساقیبە
دینی وان قوللابی داوان، ئاگری جەرگ و هەناوان
عاشقان داییم لە چاوان، دەمعی خوێناو ساکیبە
دەمعی وان دڵ پڕ جەغاران، دێ وەکوو سەیلی بەهاران
دینی ڕوویی گوڵعوزاران، بۆ عوقوولان غاسیبە
عەقڵ بەر، ئیمان ڕفێنن، موهلیکی تەن، دڵ توێنن
چون عوقابی چنگ بە خوێنن، بەندی هەر شەش جانیبە
قودڕەتی خالیق چ خاسە، خیلقەتی کرد جینن و ناسە
ڕووی بە حوسنی کرد خولاسە، وەرنە تینی لازیبە
وەرنە قەترەی ئاوی لیچە، بوو لە جێی بەولی مەزیجە
حوببی تۆی لێ موندەریجە، بۆ قولووبان جازیبە
جازیبی قەلبی جینانە، ئافەتە بۆ عەقڵ و جانە
خاڵی ڕوویی نەوجەوانە، تاقیشی باش کاتیبە
نەقشی سونعی لایەزالە، ساف لە نوورە، نوور جەماڵە
ساحێبی قەوسی هیلالە، دوشمنێکی زاریبە
زاریبی کەس تیغ نەدیتن، لێی دەدا دڵ حەل دەبێتن
چی بەوان مەجڕووح نەبێتن، ڕووسیاهـ و کازیبە
ڕووسیاهـ و شەرمەسارە، گەر نەبینم ڕووی یارە
بە نوێژ و ڕۆژووم چ کارە، سەد کە فەڕز و واجیبە
لێم بە دوورن فەرز و سوننەت، غەیری وی هەر چی بێ غەفڵەت
شوکر یاری نوور جەبهەت، میهرەبانم خاتیبە
خۆش خیتابە، میهرەبانە، شەککەرین نوتق و بەیانە
نائومێدی دوو جیهانە، چی لە ڕێی وی خائیبە
خائیب و ئەهلی مەعاسی، گەر بە حەققت یار بناسی
بێ گومان بۆت دێ خەلاسی، لێت دەپۆشێ عاییبە
«ئەحمەدی کۆرتخلص» وا دروستە، غەیری وی دەرکەی لە دەستە
ئەو بوتی تۆبە پەرەستە، غەیبزان و ساحیبە