کۆڕێک بووین لە دوکان سەراکەی وەستا بەشیر...
کۆڕێک بووین لە دوکان سەراکەی وەستا بەشیر ئەقۆزرایەوە. ئەمجا ئەو باسی ئەوەی بۆ کردین، وتی:
لە زەمانی عوسمانیا خۆم زابت بووم، ١١٤ کەسم لەبەر دەستا بوو، وتی ئێمە درابووین بە «حوکومەتی عوسمانی»، زوڵمێکی زۆر زلمان لێ کرابوو. سەربازەکانم هاتن وتیان چار چییە؟ وتم ئێستە من چارتان ئەکەم. هێنام بە دەستی خۆم ئیستعایەکم بۆ یەکێکیان نووسی، بۆ قائدی هەرە گەورە، کە ئیستعاکەی برد بە خوا سەگ بە حەسارێکیان پێ کرد. بۆ یەکێکی تریشیانم نووسی، ئەویش هەروا، بە کورتی بە دەستی خۆم بۆ هەر ١١٤ کەسەکەم نووسی، هەموویان گەماڵکوژ کران.
وتی سەرە هاتە سەر خۆم، وتم وەڵڵا ئەبێ بۆ خۆیشم بنووسم، هێنام هەر بە دەستی خۆم بۆ خۆیشم نووسی و بردم بۆ «ئوزدەمیر». ئەویش هێنای «جەم بۆریەسی» کرد و هەموو سەرباز کۆبوونەوە بە دەورە وەستان، من و «ئوزدەمیر»یش لە ناوەڕاستا بووین، هەر بە «ئۆغڵم، ئۆغڵم» قسەی لەگەڵ ئەکردم...
مامۆستا بەشیر لەو ڕۆژانەدا خانوویەکی بە دەستەوە بوو ،خەریکی دروستکردنی بوو، لەم کاتەدا کابرایەک هات. کاتیش دەمەدەمی ئێوارە بوو. وتی وەرە، ناوی کرێکارەکان بنووسە بۆ پارە پێدانەکەیان. وەستا لێی توڕە بوو و وتی بڕۆ جارێ ئیشمان هەیە و قسە ئەکەم، ئەمجا گەڕایەوە سەر قسەکە و وتی:
یەکێ لە والیەکانی ئەردەڵان، تاقە کوڕێکی ئەبێ ئەمرێ. بە هیچ جۆر سوکنایی نایە. یەکێ لە پیاوماقوڵەکانی ڕۆژێک لە بازاڕا کابرایەکی کەرک لە شان ئەبینێ کە جامەدانەیەکی لار و پێچی ناوە بە لایەکی سەریەوە، کەرکەکەی خستۆتە سەر شانێکی، گاڵۆکێکی بە دەسەوەیە، چەماوەکەی خستۆتە سەر شانەکەی تری، نانێکی لوول داوە لە قوڵی دەستیایە، چەمیلەیەک وا بە دەستەکەی تریەوە. دانی چیڕ ئەکاتەوە، قەپاڵێک لە نانەکە ئەگرێ و قەپێکیش لە چەمیلەکە. بەمجۆرە بە ناو ئەو بازاڕەدا ئەڕوا و شا بە گونی خۆی نازانێ. کابرای پیاوماقوڵ ئەڵێ ئەم پیاوە بەمجۆرە ئەبەم بۆ والی، ئەگەر بەمە سوکنایی نەیەت، بە هیچ شتێکی تر داناساکێ.
ئەچێ بە لای کابراوە قۆڵی ئەگرێ. کابرا ڕائەپرسێ و لا ئەکاتەوە، سەیر ئەکا یەکێ قۆڵی گرتووە، خۆی ڕائەچەنێ و ئەڵێ: «چییە کاورا یێژی میر غەزەوێ شانت لێ بڕیگمەوە». ئەڵێ: «برا هیچ نییە، منیش خەڵکی ئەم شارە نیم، چاوم پێت کەوت دڵم پێت کرایەوە، ئا توخوا وەرە با بچین بۆ ئەو ماڵە زەماوەندە، بە یادی عەشرەتەوە دەستێ ئەگرین». کابرا ناوی عەشرەت و زەماوەندی لێ دێنن بسکەیەک لە سمێڵیەوە دێت و ئەڵێ: «ئادەی توخوا برا لە کوێس با بچین». شوێنی ئەکەوێ و ئەچن بۆ بارەگای «والی».
کە ئەچن و سەرئەکەون، والی لەو سەرەوە بە جلێکی جوانەوە لەسەر تەختێک دانیشتووە. کابرای کەرەک بە شان هەر کە چاوی پێ ئەکەوێ، ئەڵێ: سڵاوێک لە جوبرایل. ئەڵێ: کوڕە گەوجە من جوبرایل نیم. ئەڵێ: «کە واسە سڵاوێک لە پێغەمبەر». ئەڵێ: کوڕە کابرای شێتە من پێغەمبەر نیم. ئەڵێ: ئەی دەویت باوک تۆ نە خوایت و نە جوبرایلیت و نە پێغەمبەری، چی ئەکەی لەو بەرزیەوە وەک سیچکەسڵاو دانیشتگی؟ هەی کوتامە دایکت! گاڵۆک ڕزگاری ئەبێ و ئەمیش پەلاماری گاڵۆکەکەی ئەداتەوە و هەڵیئەگرێتەوە.
لەو کاتەدا کە گاڵۆکەکەی هەڵئەگرێتەوە ئاوێنەیەکی باڵانما لەو سەرەوە دانرابوو، کابرا خۆی لە ئاوێنەکەدا ئەبینێ، وێنەیەکی سەیری دێتە پێش چاو، چاوێکی لێ مۆڕ ئەکاتەوە. وێنەی ناو ئاوێنەکەش، -کە ئەم هەر خۆیەتی- ئەویش چاوێک لەم مۆڕ ئەکاتەوە. کە وا ئەکا، ئەم دەست ئەداتە گالۆکەکەی و ئەڵێ: «ئای هیزە کوچکت لێ نەوارێ، خۆ ئەو کاورای تاینگ گەرەکیە لەم غەریویەدا سەرم بدا وە قەڵبەیەکا. ئای کوتامە قنگ دایکت هەی». ئەمە ئەڵێ و گاڵوکێک ئەگرێتەوە ئاوێنەکە و ئاوینە هاڕە ئەکاتە خوارەوە و ئەڵێ: «ئاوا دایکت ئەگێم، دە بیخۆ، دەویت باوک». والی لەم ئیشە ئەوەندە پێ ئەکەنێ، ئەکەوێ بە گازی پشتا. پاش ئەمانە والی ئەمر ئەکا کابرا دائەنیشێ و هەروا سەر ئەخاتە سەری و قسەی لەگەڵ ئەکا و لە قسەکانی بە تەواوی هەموو خەمێکی لە بیر ئەچێتەوە. نان دێتە ناوەوە و «فڕنی» لەسەر سینی والی ئەبێ. ئەڵێ ئەم فڕنییە بۆ ئەو دابنێن. کابرا فڕنی بۆ دائەنێن و دەست ئەکا بە خواردنی، هەر لەگەڵ کەوچکێکی لێ ئەخوا گورج هەڵئەستێ. والی ئەڵێ: ئەوە بۆ چ وات کرد؟ ئەڵێ: «قوروان، فرە خز و سافە، ئەترسم گورج لە خوارەوە دەرچێ». «والی» ئەوەندەی تر پێ پێ ئەکەنێ. پاشان لێی ئەپرسێ: ئەمە چی بوو خواردت؟ ئەڵێ: «قوروان باوکم گ جارێ هاتگەسە شار، کە هاتەوە ئەیوت مزگەوتی جامعە و حەمان فرە خۆشن، ئەمە یا مزگەوتی «جامعە» س یا حەمامە». پاش ئەوە کە والی بە تەواوی سەبووری پێ دێ خەڵاتی ئەکا و بەرەڵای ئەکا.