کابرایەک لەو بناری شارەزوورە کە خێڵ ئەچێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  475 مشاهده

کابرایەک لەو بناری شارەزوورە کە خێڵ ئەچێ بۆ کوێستان لەگەڵ خێڵ ئەڕوا و ئەگاتە پێنجوێن. لەوێ ئەچێتە لای کابرایەکی بازرگان ئەڵێ: «ئا برا لەو باوەشە چەمەریەسی گەزم بۆ لێ کەوە بۆ کەوا». کابرا سێ گەزی بۆ لێ ئەکاتەوە و پارەکەی لێ وەرئەگرێ و ئەمیش قوماشەکە ئەبا بۆ لای وەستایەکی کەوادوور بۆی بدوورێ. پێی ئەڵێ ئا برا هەر ئێستا بۆم بدوورێنە وا خێڵ وە ڕێوەیە، ئەچمە ناو بازاڕ و تێمەوە هەق وەستاییەکەت ئەدەم و با بگەم وە خێڵ. کوڕە نەیێژی خیڵی لە دەست دەرئەکەم، وەو «شێخ کەریم»ە، وە گالۆک پشتت ئەشکێنم. ئەمەی وت و لێیدا ڕۆیشت. دوو هەنگاو ڕۆیشت و نەڕۆیشت گەڕایەوە دواوە، بە پەلە پێی وت تۆخوا برا بیژەنە وە ئاوەکەشا. ئێوە وە گۆوەنن، با دواجار نەیێژی نەژەیناگە وە ئاوا و کورت بووەسەوە. کابرای وەستاش وتی بەسەرچاو، ئەو لێیدا ڕۆیشت. کابرا گەڕاوە. وەستا وتی برا خستومەتە ناو ئاو، هێشتا وشک نەبووەتەوە. کابرا وتی: «وەو قورعانە شێخ لێی خوێندگیە ئەوا ئەچم سووڕێکی تر ئەخۆم و تێمەوە، کەوام وە دووریاگی نەدەی وە دەسەوە هەزار خراوت پێ ئەکەم».

ئەمەی وت و لێیدا ڕۆیشت. زور دوور نەکەوتبووەوە، یەکێ لەو بەری شیوەکەوە بانگی کرد: کورە عەلە عەلە عەلە، وا عێڵ گەیشتە قنگە لووتکەکەی شلێر، بۆ وێستاگی؟ بێ وە ڕێوە. عەلە کە گوێی لەمە بوو گاڵۆکی هەڵە شان و بە ڕاکردن چوو بە شوێن عێلا. پاییز کە خێڵ سەرەوخوار بووەوە، هاتەوە بۆ لای کابرای بەرگدوور، وتی برا کەواکەم پێ بدەرەوە! وەستاش وتی برا، هەر ئەو وەختەدا خستمە ناو ئاو و چاوەڕێم بێیتەوە، لەبەر چاوی خۆتەوە خێرا بۆت بدوورم، تۆ هەر نەهاتیەوە. تا دوێنێ کە چوومە سەری، تەماشا ئەکەم هەمووی چۆتە ئاو و هیچی نەماوە. ئەویش وتی چۆن برا؟ هەر گشتی چووە وە ئاوا؟ وەستا وتی ئەگەر بڕوا ناکەی وەرە با بچینە لای کابرا کە لێت کڕیوە. وتی باشە. پەلی گرت و چوونە لای کابرای بازرگان. وەستا پێی وت ئەرێ میرزا ئا ئەو تۆپە قوماشە چەندی لێ ئەچێتە ئاو؟ وتی ئەم قوماشە زۆر نایابە، سێ گەزی لێ ئەچێتە ئاو. ئەمجا وەستا ڕووی کردە کابرا وتی: «ئا برا من نەموت، ئەوە سێ گەزەکەی داوە بە تۆ کە چووەتە ئاوەکەوە، تۆ بڕوا بە قسەی پیاو ناکەی».

کابرا ڕووی کردە میرزای بازرگان و وتی: هەی بکەم وە قنگ دایکتەوە، بۆ چی سێ گەزە لە ئاوچوگەکەت دا وە من و خۆی تووڕە کرد و بە دەم سەرقالێیەوە ڕۆیشت لە ترسی ئەوە نەوەک وەستای بەرگدوور هەقی کەواکەی لێ بستێنی. جا هاتبۆوە بۆ ماڵەوە ئەیوت: «بکەم وە قنگ دایک کاورای بەرگدوورەوە هەقی کەواکەم پێ نەدا».