ئەحەی کڕنوو لە سولەیمانی ئیشی تایبەتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  438 مشاهده

«ئەحەی کڕنوو» لە سولەیمانی ئیشی تایبەتی ئەوە بوو کە شەربەتی ئەفرۆشت، وەکوو قسە کردنی عەنتیکە بوو، سەر و گوێلاکیشی هەرعەنتیکە و بەزم بوو، نێرەکەرێکی هەبوو هەموو جار پێوەی ئەچووە دەرەوە. حەکیمیی بە سەرەوە ئەکرد و ئەگەیشتەوە شارباژێڕ، باری ئەکرد لە مێوژە ڕەشکە و ئەیهێنایەوە و ئەیکرد بە شەربەت و ئەیفرۆشت. کە تەواو ئەبوو بۆی دەرئەچووەوە. جێگەیان نەبوو لە ماڵا. نێرەکەرەکەی لە بەردوکانەکە ئەبەستەوە و کا و جۆی ئەکردە بەری و خۆیشی لە ناو دوکانەکە هەر شەربەتی ئەکرد. گۆبەند لەوەدا بوو لەگەڵ ئەم بانگی ئەکرد: «شەربەتی سارد وشیرین». نێرەکەرەکەش لەولاوە دەستی ئەکرد بە زەڕین! خالە حەمەد بەمە زۆر تێک ئەچوو، ڕۆژێک هەر پەلاماری نێرەکەرەی دا و جامانەکەی لە سەری خۆی کردەوە و بەستی بە سەر نێرەکەرەکەوە. ڕەشمەکەشی لە ملی ئەو کردەوە و کردیە ملی خۆی و نێرەکەرەکەوە. نێرەکەری بردە ناو دوکانەکە و پێی وت: «دە سەگی سەگباب ئەگەر تۆ شەربەتفرۆشی فەرموو بزانم چۆنی ئەفرۆشی؟» ئەمەی پێ وت و خۆیشی چووە سەر کا و جۆکە! ئەمجا نێرەکەرهیچ نقەی نەئەکرد. ئەمیش بانگی ئەکرد: «دە سەگی سەگباب، شەربەت بفرۆشە تا منیش دەست بکەم بە زەڕین، خۆ شەقم برد».