ڕەشەی مچەی نوورەی سیتە بە سەری هەمەوەن...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  447 مشاهده

«ڕەشەی مچەی نوورە»ی سیتە بە سەری هەمەوەن هەبوو، خەریکی جەردەیی و پیاوخراپی بوو. ڕۆژێک قائمقام سێ زەفتییە ئەنێری بۆ «نوورە» بیگرن. زەفتییەکان سوارئەبن و ئەڕۆن لە قەراخ ئاواییەکە تووشی ڕەشە ئەبن. ڕەشە لێیان ئەپرسێ: ئەوە بۆ کوێ ئەچن؟ ئەڵێن: ئەچین ڕەشە ئەگرین. ئەڵێ: جا ڕەشە بە ئێوە ئەگیرێ؟ ئەڵێن: چون پێمان ناگیرێ؟ ئیمانی ئەسووتێنین. زەفتییەکان هەر کە گوێیان لێ ئەبێ ئەمە ڕەشەیە، لە شوێنەکەی خۆیان وشک ئەبن! ڕەشە ماین و تفەنگەکانیان لێ ئەسێنی و بەرەڵایان ئەکا و خۆی ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. دایکێکی ئەبێ «زەمزەم»ی ناو ئەبێ، پێی ئەڵێ: ڕۆڵە! تۆ بەمجۆرە بێ پەروا و سەرشێت بیت و کۆ لە کەس نەکەیتەوە، ئاخریەکەی ئەکوژرێی و جەرگی منیش ئەسووتێ. کوڕی چاک بە لەسەر کەری شەیتان وەرە خوارەوە. ڕەشە، کە ئەم قسەیە ئەبیەت، هەڵئەکێشێتە خەنجەر و ئەیدا لە شلکەی ڕانی خۆی و خەنجەر دیوەدەر ئەچێ بە زەوییەکەدا! بە دایکی ئەڵێ: «دە دایە وەرە کەری پێ ببەستەوە. من کە وابم بزانم کێ ئەتوانێ بێت بمکوژێ».