دینارێکم لای مقدم ئەمین ڕواندزی بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  449 مشاهده

دینارێکم لای «مقدم ئەمین ڕواندزی» بووو نەیئەدامەوە. ڕۆژێک دانیشتبووین دەستی کرد بە قسە کردن و من هیچ دەنگم نەکرد. وتی بۆچ دەنگ ناکەی؟ وتم: چارم ناچارە، تا دینارەکەم ئەدەیتەوە هەرشتێک بڵێیت دەنگ ناکەم. ئەمین ئەمەی تۆزێ پێ خۆش بوو. ئیتر لە هەر شوێنێک دائەنیشتین بە ئارەزووی خۆی دەستی ئەکرد بە قسە کردن، منیش یان ئەموت وایە وە یان هیچ دەنگم نەئەکرد. ڕۆژێک لە بەغدا لە کۆڕێکا دانیشتبووین، خانوێکی هەبوو، دابووی بە «سەعیدفەهیم» و لەسەر خانووەکە تۆزێ تێکچوبوون تووڕە بووبوو، دەستی کرد بە قسە کردن، وتی: من پیاو نیم، دیارە زۆر خراپم، ناجنسم ئەگینا چۆن خانوو ئەدەم بە «سەعیدفەهیم»؟ منیش هیچ سێ و دوم لێ نەکرد، وتم: «ئەشەنوبیللا ڕاست ئەکەی» ئەمیش بە مۆڕەیەکەوە سەیرێکی کردم و دەستی کرد بە باخەڵیا وتی: «ها ئەوە دینارەکەت و هەستە، بڕۆ من شایەتی وام ناوێ».