کابرایەک لە پاش نیوە شەو بە ناو شارا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  502 مشاهده

کابرایەک لە پاش نیوە شەو بە ناو شارا ئەسووڕایەوە. پاسەوانەکان هاتن گرتیان، وتیان تۆ دزیت. وتی: باوکم من دز نیم، بەڵام نامەوێ بچمەوە ماڵی خۆم! هەر چەند قسەی کرد کەڵکی نەبوو، بردیان بۆ بەندیخانە و ئەو شەوە حەپسیان کرد و بەیانی بردیانە لای قازی. قازی وتی: تۆ بۆ چی ویستوتە دزی بکەی؟ ئەویش وتی: «جەنابی قازی من دزنیم، بەڵام نیو سەعات مۆڵەتم بدە و پیاوێکم لەگەڵ بنێرە، ئەچمە ماڵەکەی خۆم ئەگەڕێمەوە ئەو وەختە چیم لێ ئەکەی لێم بکە».

قازی وتی: باشە و پیاوێکی لەگەڵ نارد. کابرا چوەوە ماڵەوە، ژنێکی زۆرناشیرینی هەبوو، وتی: «ژنەکە هەستە خۆت کۆکەوە با بچین». ژنە کەوتە تەکی و چوونەوە بۆ لای قازی، کابرا دەستی برد پەچەی ژنەکەی هەڵدایەوە وتی: «جەنابی قازی! یەکێ ئامە ژنی بێ، نەوەک تا نیوە شەو، بەڵکوو تا بەیانیش ئەچیتەوە بۆماڵەوە؟» قازی کە ئەمەی بیست و ژنەکەی چاو پێکەوت بەرەڵای کرد.