کابرایەک خەڵکی دێی باخیان ئەبێ ناوی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  544 مشاهده

کابرایەک خەڵکی دێی «باخیان» ئەبێ، ناوی «حەسەن مەنگوڕی» بوو، لەسەر پیاو کوشتن بۆ پانزە ساڵ خرابووە بەندیخانەوە، شەش ساڵ بوو لە بەغدا حەپس بوو. ڕۆژێک پیاوێکی باخیانی ئەچێتە دێی «قەرەنگوێ»، تەماشا ئەکا پیاوێکی پینەچی دانیشتووە کەوش پینە ئەکا، بەڵام زۆر شێوەی لە «حەسەن مەنگوڕی» ئەچێ، دیتەوە بۆ براکەی حەسەنی ئەگێڕێتەوە. ئەڵێ: پیاوێکی وا لە قەرەنگوێ پینەچییە هەر وەکوو حەسەنی براتان وایە، ئەویش دەستبەجێ سێ چوار کەسی تر لە خزمی خۆیان هەڵئەگرێ و ئەچێتە قەرەنگوێ، تەماشای پینەچی ئەکەن. ئەڵێ: حەسەن، ئەڵێ: «باوکم من ناوم ئەحمەدە، ناوم حەسەن نیە». ئەوانیش ئەڵێن: «تۆ خۆت لە ئێمە مەگۆڕە، تۆ حەسەن مەنگوڕی و لە حەپسخانە ڕاتکردووە. لە ترسی حکومەت ڕاستی ناڵێی، هەڵسە بچینەوە سەر ماڵ و دەوڵەت و ژنی خۆت. هەرچەند کابرا ملپێچی و قنگەجڕی ئەکا و سوێند ئەخوا من حەسەن نیم، ئەڵێن: خزمە، ئێمە دوڕ ناسین. تۆ هەر حەسەنیت، گۆیا ئەبێ ئێمە خزمی خۆمان نەناسینەوە؟ بە زۆر لەگەڵ خۆیان ئەیبەن بۆ باخیان، خەڵکی دێ هەموو لە ماڵی «حەسەن مەنگوڕی» کۆ ئەبنەوە و هەموویان بڕیاری لەسەر ئەدەن کە ئەم پیاوە حەسەن مەنگوڕیە، گورج تفەنگێ قۆناغ خڕ و دەمانچەیەکی پەرەبەلۆی ئەدەنێ، جلی بۆ ئەکەن و شەوێ ئەیخەنە باخەڵی ژنی حەسەنەوە. بەیانی ژنەکە ئەڵێ: خوا هەڵناگرێ! ئەم کابرایە من بە حەسەنی نازانم. برا و خزمەکانی حەسەن ئەیانگوت: تۆ ئاخو حەزت لە کێ کردووە ئیمە قابیلە کەسی خۆمان نەناسین؟

بەم جۆرە مانگێک کابرا گل ئەخواتەوە، هەموو ماڵی «حەسەن» بە ژنەوە ئەیدەنە دەستی، هەتا ڕۆژێک کابرا هەندێ پارەشیان ئەبێ بە تفەنگ و دەمانچە و شتومەکەوە هەڵیئەگرێ و شانی پیا ئەکا و ئەڕوا. ئاخری لە دوای دوو ساڵێک حەسەن مەنگوڕی ڕاستەقینە لە حەپسخانە بەر بوو و هاتەوە چووە سەر ماڵی خۆی.

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ، ئەیوت: ئەم حەسەن مەنگوڕییە خۆی و ژنەکەی مابوون و ماڵیان لە دێی «جونبڵاخ» بوو، من هەر دووکیانم ئەناسی.