هەمزاغای مەسرەف شەوێک چەند پیاوێکی گەورە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  447 مشاهده

هەمزاغای مەسرەف شەوێک چەند پیاوێکی گەورە لە دیوەخانەکەیا ئەبن، ئەویش خزمەتکارێکی ئەبێ، پێی ئەڵێ: ڕۆڵە سبەینێ پێویستە تا «گورگەدەر» بچی. گورگەدەریش دێی هەمزاغا ئەبێ. کابرا بەیانی زوو بەبێ ئەوە بچێ لە ئاغا بپرسێ ئیشی چییە، ملی ڕێگا ئەگرێ و ئەچێ بۆ گورگەدەر.

کوێخاکەی گورگەدەریش، کە خزمەتکاری ئاغا ئەبێ، پیاوێکی عەنتیکە ئەبێ. لە کابرا ئەپرسێ خێرە وا هاتوی؟ ئەڵێ: بەخوا ئیمشەو گەلێ میوانمان هەبوو، ئاغا فەرمووی پێویستە بەیانی بچی بۆ گورگەدەر. ئیتر منیش بەیانی زوو هەڵسام و هاتم. کوێخاش تیئەگا کە ئەم کابرایە دیارە زۆر عاقڵە ئەڵێ: باوکم! وەختی خۆی ئاغام بە منی فەرموو هەر وەخت پیاوێکی ئازام نارد، باگردێنێکی بەرد لە سەربانی مزگەوتەکەیایە بە گوریس بیبەستە بە کۆڵیەوە با بۆم بێنێ، چونکە ئەگەر بە وڵاخ بینێری دوور نییە لە ڕێی گویژە وڵاخەکە نەکەوێ و باگردێنەکە بشکێ. ئیتر ڕۆی. دوایی «کوێخا» باگردێن لە کۆڵی کابرا توند ئەکا و خۆیشی لەگەڵی دێت، ئێوارە ئەچنە ماڵی ئاغایان. «هەمزاغا» کە ئەمەی چاو پێئەکەوێ، زۆر پێئەکەنێ و کابرا خەڵات ئەکا کە ئەم بەزمەی بۆ ناوەتەوە، بە وڵاخێکیشدا باگردێنەکە لەگەڵ کوێخا ئەنێرێتەوە بۆ گورگەدەر.