فەرا میرزا حاکمی سنە خەرج و باجی لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  445 مشاهده

فەرا میرزا، حاکمی سنە، خەرج و باجی لە هەورامی ئەسەند. ڕەوشتی ئەو دەورەش وابوو پیاوێکی بە گالۆکێکەوە ئەناردە سەریان، ئەوانیش هەموو باجەکەیان کۆ ئەکردەوە و ئەیاندایە و ئەڕۆیشت! ساڵێکیان لە شاری هەورامان بۆئەوە کە کابرای گالۆک بە دەستیان نەیەتە سەر، هەرلە پێشەوە پارەکەیان کۆ کردەوە و دایان بە «بەلەپا» کە خیرا بیبا بۆ فەرا میرزا.

پارەیان نارد، کە چی کابرای گاڵۆک بە دەستیش هەر هات، وتیان: بابە پارەمان ناردووە. ئەویش بەم قسانە وازی نەهێنا، پێنج شەش پیاوی ئاقڵی باڵ بەست و لەگەڵ خۆی بردنی بۆ «سنە» بۆ لای فەرا میرزا. فەرا میرزا لێی پرسین. ئەوانیش وتیان قوربان بە «بەلەپا»دا خەراجەکەمان ناردووە، کە چوونە بنج و بناوانی «بەلەپا»وە، ئەمە «کەروێشک»ە، تومەز ئەمە چوون پارەکەیان بەستۆتە پشتی کەروێشک و پێیان وتووە ئەم پارەیە بەرە بو خان و کەروێشکیان بەرەڵڵا کردووە بەو نیازەی پارەی بەرێ! فەرا میرزاش ئەڵێ: با بێنین تاقیان بکەینەوە بزانین ئەمە ڕاست ئەکەن یا درۆ؟ هێنایان مێوژە ڕەشکە و قالۆنچەیان تێکەڵاوکرد و خستیانە بەردەستیان کە بیخۆن! ئەوانیش لێی کۆ بوونەوە قالۆنچەکان هەر یەک بەلایەکدا ئەڕۆیشتن، هەندێکیان خەریکی خواردنی مێوژەکە بوون، چونکە نەئەڕۆیشت. یەکێکی تریان تیابوو وتی: یانەت وێران بۆ، پادارێ گیردێ، بێ پا ماڵ و وێمانەن! ئنجا فەرا میرزا وتی: بابە ڕاست ئەکەن پارەکەیان داوە بە «بەلەپا» بەرەڵڵای کردن، کەروێشکیش لەولاوە خوا ئەیزانێ پارەی لە کوێ فڕێداوە!