کابرایەکی کورد ماڵی لە بێستانسور و ماڵی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  514 مشاهده

کابرایەکی کورد ماڵی لە «بێستانسورمکان» و ماڵی برایەکیشی لە «سەیدسادقمکان» بو. مانگی ڕەمەزان ڕۆژێک تووشی براکەی ئەبێ، لێی ئەپرسێ ئەڵێ: کاکە! ئێوە کەی ڕۆژووتان گرتووە؟ ئەڵێ: ڕۆژی جومعە. لەگەڵ ئەوە ئەمان ڕۆژی شەنبە بەڕۆژوو ببوون. ئەو ڕۆژە کە ٢٩ی مانگی خۆیان ئەبێ، ئەڵێ: بە خوا سبەینێ لە ماڵی کاکەم جەژنە، با بچم لەوێ پڵاو بخۆم و سبەی شەو بێمەوە، دووسبەی لە ماڵی خۆیشمان جەژنە، دیسان پڵاو ئەخۆم. پێی لێ ئەکا و ئەڕوا، لەگەڵ شەبەقی بەیان ئەگاتە ماڵی کاکی، سەیر ئەکا هیچ مەنجەڵ و دووکەڵ دیار نییە، ئەپرسێ ئەڵێ: خۆ ئیمڕۆ ئێوە جەژنتانە. بۆ چی هیچتان دیار نییە؟ کاکەی ئەڵێ: بە خوا براکەم ئێمە دوێنێ جەژنمان کرد! چار ناچار کابرا قاوەڵتی بە نان و دۆ ئەکا.

وەختی عەسر ئەڵێ وا چاکە خۆم بگەینمەوە لای خۆمان. داوێنی لێ بە لادا ئەکا نیوەشەو ئەگاتەوە ماڵ. ژنەکەی لە خەو خەبەر ئەکاتەوە ئەڵێ: «کچێ ئیمشەو جەژنە هەڵسە هەر لە ئێستاکەوە پڵاوەکە لێنێ». ژنە ئەڵێ: مێردەکە هەر دوێنێ لە دوای تۆ مەلایەک هات فەرمووی ئیمڕۆ جەژنە، ئیتر هەموو ئاوایی کردیان بە جەژن و منیش پڵاوم کرد. بەڵام وامزانی «سندان» ئەخۆم بە بێ تۆ. کابرا هەناسەیەکی هەڵکێشا و بەم جۆرە لە هەردوو جەژنەکە بوو!