عێزەتی تەل لە سولەیمانی لیرەیەکی دابوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  433 مشاهده

«عێزەتی تەل» لە سولەیمانی لیرەیەکی دابوو بە «عەلیە تورکە» بیبا بۆی ورد کاتەوە. ئەویش ئەڕوا ون ئەبێ. لە پاش چوار ڕۆژ عێزەت چاوی پێی ئەکەوێتەوە. ئەڵێ: عەلی کوا لیرەکە؟ ئەویش ئەڵێ: «ئەمە سێ ڕۆژە بە شوێنتا ئەسووڕێمەوە، وەرە تا حسابەکەت بدەمێ ». عێزەتیش ئەڵێ: عەلی حسابی چی؟ لیرەم پێداوی بۆم ورد کەیتەوە، ئیتر حسابی چی پێ ئەوێ؟ ئەڵێ: «ئاخر بێ قەزا بی، ئاخر سەبرکە، هەر ئەو ڕۆژە چووم بۆم ورد کەنەوە هەژدە تارانیم لێ دا بە کەباب خواردم». ئەویش ئەڵێ: باشە باقیەکە بێنە. ئەڵێ: « بێ قەزا بی! ئاخر سەبرکە تا حسابەکەت بدەمێ». هەژدە تارانیشم دا بە جووتێ کەوش لە پێم کرد. ئەڵێ: باشە ئەوی تری بێنە. ئەڵێ: «ئاخر قوربان تۆ تۆزێ ئارام بگرە هەتا بە پوختی حسابەکەت بدەمێ». ئەڵێ: کوڕە غەزەبی خوا، حسابی چی؟ من کەی حسابم لەگەڵ تۆ هەیە، لیرەم پێداوی بۆم ورد بکەیتەوە، ئیتر چ حسابێک هەیە؟ عەلیش ئەڵێ: «هۆهۆ، بێ قەزا بی! تۆ گوێ بۆ پیاو ڕاناگری». عێزەتیش ئەڵێ: ئادەی فەرموو. ئەویش ئەڵێ: «ئەی ئەمە سێ ڕۆژیشە بە شوێنتا ئەسووڕێمەوە بۆ ئەوە باقیەکەت بدەمێ، ئاخر ناڵێیت بە چی ژیاوە؟ لەم سێ ڕۆژەدا خۆ گووم نەخواردووە، ئەوی تریشم خەرج کرد. ئەوا ئێستا بەر چاوم کەوتی، هیچ نەما بتدەمێ! من ئەڵێم سەبرکە با حسابەکەت بدەمێ -سەلامت بی!- تۆ هەروا لە هەموو شتێکا بە پەلەی». عێزەتیش ئەڵێ: «دەک ڕووت ڕەش بێ بۆخۆت و بۆ لیرەیەک کە بۆت ورد کردمەوە».

قسە دێ قسە ئەبڕێ، ئەم عەلیە تورکەیە پۆستەچی بوو لە تەلخانە لەبەر دەستی عێزەتا.