وەختی خۆی چایی وا زۆر نەبوو ڕۆژێک دوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  432 مشاهده

وەختی خۆی چایی وا زۆر نەبوو، ڕۆژێک دوو زەلامی شارەزووری ئەچنە شار، تێر نان و کەباب ئەخۆن و پاشان ئەچنە چایخانەیەک -وا ئەزانن شەربەتخانەیە- چایچی دوو چایان بۆ ئەبا. کە ئەیخۆنەوە، یەکێکیان ئەڵێ: «بە خوا گەرمە. ئەوە بۆ چی وایە؟ هاوڕێیەکەی ئەڵێ: «ئێستا کوڵاندگیانە، هێشتا بەفریان تێنەخستگە».

لە دوای ئەمە تۆزێک، یەکێکیان دەست ئەبا و دوو پووڵ ئەدا بە چایچییەکە. چایچی ئەڵێ: «خزمە، هەر پیاڵەیەک دوو پووڵە، کە چی بە دوو پیاڵە دوو پووڵم ئەدەیتێ؟» کابرا هاواری ئەکرد: «خەڵکینە! تەماشای ئەم کاورایە کەن چەند بێ ئینسافە! حاجی ئەحەی کڕنو بەو پیاڵە زلانە پڕیشی لە بەفر ئەکا ئەیدا بە پووڵێک، کە چی ئەم پیاوە بەو پیاڵە بچکۆلانەیە داوای یەکی دوو پۆل ئەکا. ئەوەندەش گەرم بوو هەموو دگانمان سووتا».