ئینگلیز تازە هاتبوونە عێراقەوە جارێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  540 مشاهده

ئینگلیز تازە هاتبوونە عێراقەوە، جارێک دوو کەسیان لە بناری هەڵەبجە ئەچن بۆ ڕاو. بە دەم گەڕانەوە ڕێیان ئەکەوێتە گوێ چەمێک، لەوێ دوو شوانی کوردیان لێ پەیدا ئەبن، بە شتێکی سەیریان ئەزانن، ڕووتیان ئەکەنەوە و تێروپڕیشیان لێ ئەدەن! ئینگلیزەکان ئەچنەوە بۆ بەغدا و شکات ئەکەن، بەناونیشان دوو کوڕەکە ئەدۆزنەوە و ئەیانبەن بۆ بەغدا لە بەرانبەر حاکمەوە ڕایان ئەگرن. ئەمانیش زمان نازانن، دیلماجێکیان بۆ دێنن.

حاکم لێیان ئەپرسێ: بۆ چی لەو ئینگلیزانەتان داوە؟ کوڕەکان یەکێکیان ڕوو ئەکاتە ئەویکەیان و ئەڵێ: «ئەرێ حەمک! ئەوە ئەم هەفمە ئێژێ چی؟» لە پاش ئەوە کە تێیان ئەگەیەنن هەر ئەوەیان ڕوو ئەکاتە حەمک و ئەڵێ: «کوڕە حەمک! ئەوە ئەو سوور سوورەکەی پار نەئێژن کە لە گوێی ئاوەکەی «پریس» گرتمانن تێروپڕمان لێیان دا؟» حەمکیش ئەڵێ: «تۆ بێژی ئەوە بێژن؟» ئینجا هەرئەوەیان لێوێک لە حاکمەکە هەڵئەقرتێنێ و ئەڵێ: ئۆ! خۆزگەت پێنەوێ و بەردی تۆی لێنەوارێ! قسەی پار ئەگێڕیتەوە». لە پاشا کە بەم جۆرەیان ئەبینن بەرەڵایان ئەکەن.