لە دەوری فەرا میرزادا لە سنە کوڕێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  460 مشاهده

لە دەوری «فەرا میرزا»دا لە «سنە» کوڕێکی «زاخە»یی لەسەر دزی گیرابوو، فەرا میرزا فەرمانی خنکاندنی دەرکردبوو. ڕۆژێکیان بۆ خنکاندنەکەی دانابوو، لەو ڕۆژەدا لەبەر «دەرماڵ» سێدارەیان بۆ هەڵخستبوو، کوڕەیان هێنا بۆ ژێر سێدارە، دایکە پیرێکی هەبوو ئەویش هاتبوو بۆ سەر سێدارەکە و بە گریان و زاری بۆ کوڕەکەی، دڵی ئەو عالەمەی کردبوو بە کەباب.

فەرا میرزاش لەسەر تەلارەکەوە سەیری خنکاندنی کوڕەکەی ئەکرد، کوڕەکە چاوی بە دایکی کەوت، سەری بەرز کردەوە و بۆ لای فەرا میرزا و وتی: شازادە تاقە ئاواتێکم هەیە لە سەرەمەرگا بەجێی بێنە. فەرامیرزا وتی: داوای چی ئەکا بۆی جێبەجێ کەن. کوڕە وتی: ئاواتم ئەوەیە، ئا ئەوە دایکمە، منی بەخێو کردووە و شەونخونی بەدیارەوە کێشاوم، ڕێگەی بدەن بێتە لام دەستێک ئەکەمە ملی و هیچی تر. دایکیان بردە لایەوە دەستی کردە ملی کوڕەکەی و ئەویش دەستی کردە ملی ئەو. وتی: دایە ئەمە ئاخر چاوپێکەوتنمە، زمانت دەربێنە با ماچێکی بکەم. دایکەکەی زەمانی دەرهێنا و کوڕە دەمی نزیک کردەوە و زمانی برد بە دەما و لە بنا زمانی قرتان.

دایکە خەڵتانی خوێن بوو، لەوێ کەوت. فەرا میرزا ئەم ئیشەی زۆر بە لاوە سەیر بوو، وتی: ئا بۆم بێنن، بزانن بۆ چ لەو وەختەدا وای بەم دایکەی خۆی کرد؟ کوڕەیان برد و لێی پرسی.کوڕە وتی: شازادە! ئا ئەم سێدارەیە کە بۆ من هەڵخراوە، ئەمە ئەم دایکەم بۆی هەڵخستووم. فەرا میرزا بە سەرسامیەکەوە پرسی چۆن؟ وتی: شازادە! من مناڵ بووم، ڕۆژێک چووم لە ماڵە دراوسێیەک هێلکەیەکم دزی و هێنامەوە. دایکم لێی پرسیم ئەمەت لە کوێ بوو؟ وتم لەو ماڵەم دزی. گەڵێ بە دەورما هات و پێی خۆش بوو، وتی ڕۆڵە بچۆ هی تریش بدزە. ئیتر هەموو ڕۆژ ئەچووم هێلکەم ئەدزی، پاش ماوەیەکی زۆر ئەمجا ئەچووم مریشکم ئەدزی و ئەمهێنایەوە بۆی. پاش ئەوە ئەچووم شتی ترم ئەدزی و لە ئاخرا وام لێ هات کار و فرمانم بوو بە دزی و ڕێگری. تا ڕۆژم بوو بەم ڕۆژە، ئەگەر هەوەڵجار ئەو سەرزەنشتی بکردمایە و پێی بووتمایە شتی وا مەکە، خراپە، بۆ چی تووشم ئەبوو بە تووشی ئەم ڕۆژە ڕەشەوە؟ کە واتە ئەو سێدارەکەی بۆ هەڵخستووم. ئێستاش من هیچم لە دەست نایە لەم وەختەدا تەنها ئەوە نەبێ ئەو زمانەی کە منی هاندا بۆ دزی، بیبڕم و تۆڵەی خۆم بسێنمەوە.

فەرمانی میرزا کە گوێی لە قسەکەی بوو، بە قسەیەکی گەورە هاتە بەرچاوی، لە کوڕەکە خۆش بوو، فەرمانی دا سێدارەکەیان هەڵگرت.