مەلایەک هەبوو لەو وڵاتی بادینانە. لە...
مەلایەک هەبوو لەو وڵاتی «بادینان»ە. لە سەرمایەی دنیا تاقە کەرێکی شینی هەبوو، بەرەڵای ئاوایی ئەکرد و بەر ئەبووە دەغڵودانی ئەو عالەمە و لەبەر ئەوەش کە کەری مامۆستا بوو، کەس نەیئەویرا دنگی لەگەڵ بکا. وای لێ هاتبوو گیپەرەی ملی باوەشی پیا نەئەهاتەوە. تەنانەت نەوەک زەلام، کەری گوندیش هەر پێی نەئەوێرا. ڕۆژێک کەری مەلا لەگەڵ کەری کابرایەکی تر، کە ناوی سۆفی قادر ئەبێ، ئەبێ بە شەڕیان و کەری مەلا بە جووتە کەری کابرا ئەتۆپێنێ. کابراش تەنها هەر ئەو گوێدرێژەی هەبوو کە بە کاروان و شتە پێوەی بەڕێوە ئەچوو. خەمی لێ هات کە چی بکا. وتی ئەگەر ئێستا ئەچم و ئەڵێم مەلا کەری تۆ کەری منی تۆپاندووە هیچم ناداتێ. نەوەڵڵا چاک وایە لە پێشا بڵێم کەری من کەری تۆی تۆپاندووە ئەو وەختە بە شەرع ئەیخاتە سەرم کە بیبژێڕم. پاش ئەوە من هەر بە شەرعەکەی خۆی کەری خۆمی پێ ئەبژێرم و هیچی پێ ناکرێ.
هەستا چوو وتی مامۆستا کەرەکەی جەنابت لەناو قەرسیلەکەدا بوو. منیش کەرێکم هەبوو، ئەویش چوبوو بۆ لەوەڕ، لە ناو قەرسیلەکەدا بوو بە شەڕیان و قەزاو قەدەری وای هانی کە کەرەکەی من دای لە هێنەکەی جەنابت و تۆپانی. ئێستا ئەوا هاتوومەتە خزمەتت بزانم چی ئەفەرمووی؟ مەلا کە گوێی لەمە بوو توڕە بوو، وتی چۆن تۆ کەری من ئەتۆپێنی و هەروا بە هیچ بڕوا؟ شەرع ئەفەرموێ ئەبێ بێبژێری. سوفی قادر وتی: قوربان لە کام کتێبا وا ئەفەرموێ، ئێمە مووسڵمانین و بەپێی شەرع ئەبزوینەوە، چی ئەو بفەرمووێ نابی لێی لاڕێ بین.
مەلا ئەمەی زۆر پێ خۆش بوو. وتی: باوکم لە «ئەنواری مەزنێ»دا وا ئەفەرمووێ و پەلاماری «ئەنواری مەزنێ»ی دا. سۆفی قادر وتی قوربان دیارە بۆم ئەخوێنیتەوە. مەلا وتی: بەڵێ، بەڵێ بۆت ئەخوێنمەوە. شەرع گەورەیە، نابێ لێی دەرچین. دەستی برد عەینەکەکەی هەڵگرت و تەلەکانی کە لار بووبوو تۆزێ ڕاستی کردنەوە و خستیە بەر چاوی و کتێبی لە بەردەمی خۆیا دانا و دەستی پێ کرد. سۆفی وتی قوربان ئەبێ مانعاشم بۆ لێ دەیتەوە ئەگینا تێ ناگەم. وتی: بەڵێ چۆن مانعات بۆ ڵی نادەمەوە. ئەوەتە ئەفەرمووێ: «ابجد» جووتە کەرا جووت بین جووت. «هوز» هەوەسانیان هەستا، «حطی» هەمی هەوی خست -بە شێوەی بادینان - «کلمن» کەلەمەکەی بەر زکی کەوت-هەر بە شێوەی بادینان-. «سعفڵ» کەری فرڕفسێ کرد. «قرشت» سکی شەقی برد و قیڕانی، «ئخڕ» کەوتە خیزەخیز و گیزەگیز «ڤظغ» فتبارك الله احسن الخالقينعربی. زوو بێنە هەقی کەرێ شین.
ئەمجا «سۆفی قادر» وتی: دە بە خوا مامۆستا، کەری تۆ کەری منی تۆپاندیە، بێنە هەقم. مامۆستا تۆزێ ڕاما و وتی «ابن حجر»انیش هەیە، بزانم لەوا چ دەفەرمووێ. «ابن حجر»ی هێنایە پێشەوە و دەستی کرد بە خوێندنەوەی و وتی: «لولاک، لولاک، لما خلقت الافلاک، سبوح قدوس، سبوح قدوس ربنا ما خلقت هڕا باطلا»عربی.
کوڕم مانعاکەشی ئەمەیە: کەری مەلا لە کۆڵانان، لە ناو قەرسیل و ناو لۆیان ئەگەر خولقیان تێکدا و خستیانە فەلاکەتەوە، لەسەر سبەینان لەقەی هاویشت و بە قەدەر دای لە کەری «سۆفی قادر» ڕێبوار و خەلقی گوندان، با برین هەزاران باتمان لە هوونیەتی. «ڕبنا ما خلقت هڕا باطلا «هیچت ناکەوێ و هەستە بچۆ بەولا.
سۆفی هەناسە سارد دەست لە گوونان بەرەوژێرتر بە ڕێگەی خۆیا گەڕایەوە.