مەلا عەبدولرەحیمی چورستانی لە دێی فەقێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  503 مشاهده

مەلا عەبدولڕڕەحیمی چورستانی لە دێی «فەقێ جنە» بوو. مانگی ڕەمەزان سەر لە ئێوارەیەک لە مزگەوتا دانیشتبوو و وەعزی ئەدا، ئەیوت: ئەوانەی کە لەم دنیادا چاکە ئەکەن و ئەمرن، تۆڵەی چاکەکەیان ئەبیننەوە. هەموو دەمێک چاویان لەوەیە ئەڵێن بریا دەستمان بگەیشتایەتەوە بە خزم و کەسوکار و دۆستەکانمان پێیان بووتنایە ئەوەی ئێمە کردوومانە ئێوەش بیکەن. هەروەها ئەوانەش کە لە دنیادا خراپە ئەکەن، پاش مردن تۆڵەی خراپەکەیان ئەبیننەوە. ئەوانیش ئەڵێن بریا دەستمان بگەیشتایەتە دۆست و کەسوکارەکانمان پێیان بووتنایە ئەوەی ئێمە کردومانە ئێوە ئەوە مەکەن. حەسەن بەگی قادر بەگی جاف کە مەلا بوو ئەویش لە وەعزەکەدا هەڵیدایە، وتی: مامۆستا کە واتە لەو دنیاش ڕەحەتی هەر نییە. چونکە ئەوەی چاکە بکا و خراپە بکا هەر تووشی ئەو مەراقە ئەبێ لەوێدا کە بڵێ بگەڕامایەوە دنیا بۆ ئەوەی کەسوکارەکەم تێ بگەیەنم. دەی ئەمە کەی وایە کە ئێوە ئێژن کە لە بەهەشتا هیچ خراوەیەک و دەردەدڵیەک نییە. دەسا وە قەورەکەی حەمە پاشا خوا ئەمە فتنەیە دروستی کردگە، فتنە.