کەریم خانی زەند پێیان ئەوت وکیل الرعایا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  619 مشاهده

کەریم خانی زەند پێیان ئەوت «وەکیلەڕۆعایا»، دادگوستەر و میللەتپەروەر بوو. لە گەڕانەکەیا بە وڵاتی کوردەواریدا بیستی پیاوێکی زۆر بە عومر لە دێیەک هەیە، لەبەر تەمەن درێژی هەر لە ناو جێگەدا کەوتووە، لە قسە و گفتوگودا وریا بوو، بەڵام هێزی هەڵسوکەوتی نەمابوو.

وەکیلەڕۆعایا ناردی هێنایان و ڕێزێکی زۆری لێ گرت و گەلێ دەنگوباسی کۆنی لێ پرسی. پاشان پێی وت داوای چی ئەکەی بیکە. پیاوەکە وتی: تۆ ناتوانی شت بدەی بە من. وەکیل وتی: ئەمە قسەیە تۆ ئەیکەی؟ من چۆن ناتوانم شت بدەم بە تۆ؟ وتی: کە شتت لە دەست دێت جوانیم بۆ بگێڕەوە. وەکیل وتی: ئەمە لە دەست منا نییە. کابرا وتی: ئەمەت پێ نادرێ بەهەشتم بدەرێ. وتی: ئەمە تۆ داوای چی ئەکەی؟ ئەمەش لە دەست منا نییە. وتی: کە واتە بم گێڕەوە بۆ شوێنەکەی خۆم.