دیسان هەر بۆ ئەوە کە مێژوو شت ون نەکا: لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  549 مشاهده

دیسان هەر بۆ ئەوە کە مێژوو شت ون نەکا:

لە ڕۆژی یەکشەنبەی ١٩٥٨/١/٥ دەمەدەمی ئێوارە بوو، هەورێکی شام کشا بەسەر لیوای دیالەدا، وڵاتی خانەقینی هەموو داپۆشی. لە سەعات پێنجی پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا باران وەکوو کوننەی سەر بەرەو ژێر دەستی پێ کرد. بێجگە لە تاریکی دنیای هەور تاریکی دنیای شەویشی هاتە سەر. لێزمەی باران هەر زیادی ئەکرد. لە سەعات سێی پاش نیوەشەو وریەی ترس لێدرا، لافاو لە کێوەکانەوە هێرشی هێنا بۆ ناوشار، نە دیواری باخ و باخات ئەیگێڕایەوە، نە کۆشک و خانووبەرەی ناوشار.

ئاژاوە کەوتە شارەوە، ماڵ و مناڵ کەس لە ژێر خانوا نەما. لافاو ڕووی کردە گەڕەکی خوارووی ناوشار و خانەکان. لە پێش هەموو شتێکا مەکینەی کارەبای پەک خست و ڕووناکی لە شار بڕا دەنگی ڕووخانی خانوو دەنگی هاواری مناڵ و گەورە یەکیگرت.

سامی تاریکیش هەر ئەهات زیاتر هەڕەشەی ئەکرد، بارانیش ئەهات زیادی ئەکرد. تا سەعات پێنجی بەیانی ئەو لێزمەیە درێژەی کێشا و پاش ئەوە خۆشی کردەوە و وردە وردە کونی ڕووناکیش کەوتە دنیاوە. بەڵام هاوار و دادی شار و سەر لێ تێکچوونی دانیشتووانی شار، هەر زیاد ئەبوو، چونکە کەس بە تەمای هیچ نەمابوو و هیچ دەروویەکیش نەبوو ڕووی تێ کرێ. جەستەی ئەو شارە لە دڵا جەستەی خامۆشان بوو، لە ڕووا جەستەی واوەیلای دادفرۆشان.

ناوشاری خانەقی ڕووباری ئەڵوەندی لە ناوایە کە ئەمە لە وڵاتی ئێرانەوە دێت. ئەم لافاوە هی ڕووبارەکە نەبوو، چونکە لەو سەردەمەدا و لەو شەوەدا باران لە ئێران نەباریبوو تا ئەڵوەند زیاد بکات، بەڵکوو ئەم ئاوە هەر هی بارانی ئەو ناوە بوو کە لە شیو و کێوەکانی سەرووی خانەقی ئەیکرد بە لافاو و ئەیڕژانە ناوشارەوە. لەم لافاوەدا زیان لە گیان نەکەوت، بەڵام زیان لە ماڵ ئەوەندە بوو:

سێ عەلافخانەکە ڕووخان و هەموو شتومەکی بوو بە ژێر ئاوەوە. ٢٠ خانوو هەر لە ناوشار ڕووخا و شتومەکی بوو بە ژێر ئاوەوە ٢٥ خانوو لە ئاوایی «تۆلەفرۆش» کە لووتی بە لووتی شارەکەوەیە کەوتۆتە سەروویەوە. ٣٠ خانوو لە «کارێزی ئەرکەوازی» کە ئەمەش هەر لووتی بە سەر شارا داژەندووە و کەوتۆتە سەروویەوە. زیانی بەشی خانەقی بە باخاکانەوە گەیشتە ٤٠ هەزار دینارێک. دیسان دە ڕۆژ ئەم شارە بێ کارەبا و سێ ڕۆژ بێ ئاوی خواردنەوە مایەوە.

هەر لەو بارانەدا و لەو شەوەدا ئەم لە شکری هەوری بارانە، بەو جۆرە دای بەسەر «قزرابات»(سەعدیە) و «جەلەولا»دا؛ لێرەدا گەلێ ناخۆشتر و ناڕەواتر بوو. شوێنی قرزابات چاڵە؛ بارانی ئەو ناوە هەموو بوو بە لافاو و لە ناکاو سەدەی خەتی شەمەندەفەری شکان و هەرەسی هێنا بەسەریانا. دەس لەسەر شان ئاو ڕژایە ناو ماڵان، لەوێوە هێرشی بردە دوکانەکان، کارەساتی قزرابات وەکوو هیچ شوێنێک نەبوو، دنیا تاریک، لافاوی ئاو بەهێز، شوێنێک کە مناڵێک تیایا ستار بگرێت نەماوە.