مایەوە سەر ئەوەی ئایا ئەم کارە ساتە بۆ چی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  508 مشاهده

مایەوە سەر ئەوە ئایا ئەم کارەساتە بۆ چی لە سولەیمانی ڕووێدا؟ لەگەڵ ئەوەدا ئەو شارە شوێنێکی نیمچە کوێستانە و هەموو دەمێک شوێنی ڕەهێڵە و باران بووە؟ جێگەی ناوشاری سولەیمانی هەمووی شیو و دۆڵە، هەر لەو وەختەوە کە ئیبراهیم پاشای بابان لە ١٧٨٤دا بناغەی شارەکەی داناوە، تا ئەم ڕۆژە هەموو کاتێک ڕێبازی ئاو و لافاو بووە، کەچی تا ئێستاش بێجگە لە ساڵی ١٩٣٢ شتێکی تری وا ڕووی نەداوەتەوە. هی ساڵی ١٩٣٢یش لە چاو ئەمجارەدا شتێکی وا نەبووە.

ڕاستە سولەیمانی گەلێ باران و لافاوی چاو پێکەوتووە، بەڵام ئەوەی کە بوو بە هۆی فەلاکەتی ئەم جارە دوو شت بوو؛ یەکەم پڕبوونەوەی شیوەکان، دووەم پڕبوونەوەی خەندەقەکە.

وەکوو زانیمان لە زور شوێنی ناوشارەوە هەر لە کۆنەوە شیو و دۆڵ بووە. هەر باران و لافاوێک هاتبێ شیوەکان قووتیان داوە و ئیتر هیچ نەقەوماوە. ئەمە چەند ساڵێکە بە هۆی دروستکردنی شەقام و ڕێکخستنی جادە و کۆڵانی تازەوە ئەو شیوانە بەرەبەرە پڕبوونەوە. خۆڵی سەر جادەکان و خاکوخۆڵی مالان هەموو بە جۆرێکی کەمتەرخەمی ئەکرانە ناو ئەوانەوە. ئەو شتەش کە ئەم لایەنی کەمتەرخەم کردبوو، دروستکردنی ئەو خەندەقە بوو لە قەراخ شارەکەوە. گوایا ئەوترا کە خەندەق هەبێ، ئیتر شیو پێویست نییە، خەندەقەکە بوو بە هۆی تیاچوون و پڕبوونەوەی شیوەکان، کەچی ئەمە چەند ساڵێکە گوێ بە خەندەقەکەش نەدرا تا ئەویش پڕبووەوە. بە پڕبوونەوەی هەر دوو لایان، بەر بۆ لافاو بەرەڵا بوو.

کە وابوو هەزار خۆزگە بەو دەورە کە ئەو خەندەقە دروست نەکرابوو، چونکە نەبوونی ئەو، خەڵکەکە و حکومەتیشی وریا ئەکردەوە بۆ ئاگاداری لە شیوەکان. ئەمەیە ئەڵێ: بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی نایە بان.