ئەو زیانەی کە لەم لافاوەدا کەوت لەم شارە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  622 مشاهده

ئەو زیانەی کە لەم لافاوەدا کەوت لەم شارە بەمجۆرە بوو؛

ئەوانەی کە خنکان و بوون بە ژێر دار و پەردووی خانووی ڕووخاوەوە ٣٥ کەس. ئەمانە زۆرتری مناڵی ساوا و پاشان ژن و ئەمجا پیاو. ئەو خانووانەی کە لافاو ڕووخاندی ٤٧ خانوو بوو. ئەوانەی کە لافاو پەکی خستبوون ئەبووایە بڕوخێنرێن ٧٦ خانوو بوون. ئەو زیانەی کە لە خەڵکی ناوشار کەوتبوو لە کوتاڵ و بابەتی عەتاری و شتومەک ئاوبردووی ناوماڵ دانرا بە سەد هەزار دیناری عێراقی. ئەو زیانەی کە لە شارەوانی(بەلەدیە) کەوتبوو هی خیابانەکان، باخچە گشتییەکان، زێراب و بۆرییەکان بە ٣٠٠ هەزار دیناری عێراقی. ئەم کارەساتە بەم جۆرە قەوما. پاش ئەوە خەڵکی ناوشار و کوردەکانی دەرەوەی ناوشار بە تایبەتی ئەوانەی لە «بەغدا» بوون هاواریان لێ بەرز بۆوە بۆ پڕکردنەوە و چارەکردنێکی ئەم زیان و کارەساتە. ئیستگەی کوردی و عەرەبی لە بەغدا دەنگی بەرز کردەوە، مەسەلە گەیشتە هەموو شارەکانی دەرەوەی عێراق و ئیستگەکانی عالەم. هەموو باسی ئەم لافاوە و پەرێشانیی خەڵکی شاری سولەیمانیان کرد. خاوەن شکۆ پادشای عێراق وجێنشینی پادشای عێراق، لە بەغداوە چوون بۆ بینین و سەرەخۆشی کردن لە لێقەوماوانی شاری سولەیمانی. هەروەها پیاوانی کوردیش لە هەموو لایەکەوە هەر چوون بۆ ئەوێ بۆ بینینی ئەم کارە ساتە. بە تەلەگراف و تەلەفۆن و نامەی تایبەتی کوردەکانی عێراق و دەرەوەی عێراق دەربڕینی ماتەمی خۆیان بۆ ئەو پەریشانییە کە ڕووی کردۆتە شاری سولەیمانی، ئەنارد بۆ موتەسەڕیفی شار و سەرۆکی شارەوانی و ڕۆژنامەی ژین لە سولەیمانی. هەروەها پادشا و سەرۆک کۆمارەکانی کیشوەرانی دەرەوەی عێراق باسی ماتەمی خۆیان ئەنارد بۆ خاوەن شکۆی عێراق و ئەمانە هەموو لە ڕۆژنامەکانی بەغدا بڵاو ئەکرایەوە.

لە بن دەست ئەمەوە، خەزێنەی حکومەتی عێراقی ٢٠ هەزار دیناری نارد بۆ لێقەوماوانی شار. ئەنجا فەرمانیشی دەرکرد کە تا ٥٠ هەزار دینار پیتاک بکرێ و ئەمانەشیان هەر بدرێتێ. لیژنەیەک بۆ ئەم لایەنە لە بەغدا دامەرزا و دەستیان کرد بە ئیشکردن، لە شارەکانی تری کوردەواری عێراق، ئەوانیش لیژنەیان بۆ خۆیان دروست کرد و دەستیان کرد بە پارە کۆکردنەوە و هەموو لایەک مەردانە هاتنە دەست. لە ناو شاری سولەیمانیش ٨ لیژنە دروست کرا بۆ ئەوەی بزانن هەر کەسێ زیانی لێ کەوتەووە بەو پێیە لەم پارانە، پارەیان بدەنێ و تۆزێ لە کەساسییان کەم بکەنەوە.

ئەو لیژنە گەشتییەی لە بەغدا دروست بوو لە پاش ئەوە کە بە جۆریکی جوان کەوتنە ئیشکردن، پەنجا هەزار دیناریان کۆ کردەوە و نزیکەی ٣ هەزار دینارێکی تریش هەبوو، دەستوورێکی تازەشیان بۆ ئەوە داوا کرد. هەروەها ١٥٠٠ دیناری تریش پێش ئەمانە لە لایەن یەک دوو کەسەوە بەرات کرا. بە کورتی بۆ ئەم ئیشە پەلامارێکی باش درا.

لە ڕۆژی ١٩٥٨/١/١٦دا لیژنەی گشتی چوون بۆ سولەیمانی و پارەیان بڵاو کردەوە. زیان لە ٦٤٪ پڕ کرایەوە. دیارە ئەمە بێجگە لەوە کە تا ٢٠ هەزار دینارێک لە دەوڵەمەندەکانی سولەیمانی کە زیانیان لێ کەوتبوو وازیان هێنا و بەشی ئەوانیش دابەش کرا بە سەر ئەوانەدا کە زۆر پێویستی یارمەتی بوون. شتێکی تر کە شایانی باس بێ ئەوە بوو:

ئەم لیژنەیە هێنایان ئەو کەسانە بە هۆی لافاوەوە مردوویان مردبوو، ئەو مردووە ئەگەر سەرۆکی خێزان بووبێ بێجگە لە بەشی زیانەکە ٢٥٠ دیناری تریشیان داوە بە خێزانەکە، ئەگەر خۆ مردووەکە سەرۆک نەبووبێ ١٠٠ دیناریان پێ داون.

ئەمەی کە من نووسیم لێرەدا بۆ ئەوە بوو کە مێژوو شت ون نەکا. جا لەبەر ئەوە ئەم باسە ئەخوێنینەوە و دوور نییە نەزانرێ کە زیانەکە چەند بووە بەرامبەر بە پارەی ئەوان وە یا نەزانرێ دیناری عێراقی چ نرخێکی هەیە، ئەوا هێنام بەرانبەری دیناری عێراقیم کرد لەگەڵ هەندێ لەو پارانەدا کە خاوەنەکانیان دراوسێتی و ئاشنایەتیان لەگەڵ عێراقا هەیە بۆ ئەوە هەموو لایەک وەکوو یەک بزانن کە زیانی شاری سولەیمانی لە ماوەی ٤٥ دەقیقەی ڕۆژی ١٩٥٧/١٠/١٨ چەند بووە و بۆ ئەوەی نەوەی پاش ئەم ڕۆژەش هەر بە تەواوی بۆیان دەرکەوێ.

نرخی پارەکان لەو ڕۆژەدا بەم جۆرەی خوارەوە بوو:

دینار عیبارەتە لە ١٠٠٠ فلس وە ئەمە وەحدەیەکی قیاسی عێراقییە.

فلس دینار

٧٥٠ ٣ = لیرەی ڕەشادی زێڕ.

١٠ ١ = پاوەنی ئینگلیزی

١٠ ١= جونەیهی میسری

٣٦٥ = دۆلاری ئەمەریکی

١٠٢ = لیرەی قاقەزی سوری

٢٦ = لیرەی قاقەزی تورکی.

١١٨ = لیرەی قاقەزی لوبنانی.

٤٦ = تەمەنی ئێرانی.

٧٥ = ڕوپیەی هیندی.

٨٠ = فەرەنگی سویسری.