ئەڵێن مێژوو خۆی دەوری خۆی ئەکاتەوە ئەمە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  691 مشاهده

ئەڵێن مێژوو خۆی دەوری خۆی ئەکاتەوە، ئەمە ڕاستە چونکە ئەو کارەساتانە کە لەو ڕۆژانەدا پەیدا ئەبن بە دەگمەن دوویان لە یەک ئەچن، دەورکردنەوەکە مەعنای ئەوە نییە لە کارەساتی وەکوو یەک ئەگێڕێتەوە، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە زەمانەکە چەرخێکە ئەسووڕێتەوە، لە ناو چەرخەکەدا پەردەی ورد و درشت هەیە و پیشانی خەڵکی ئەدا، چەرخەکە لە سووڕانەوەدا ناوەستێ، کە نەوەستا ئیتر بەرەبەرە هەر پەردەی جۆراوجۆر دەرئەکەوێ.

جا بۆ ئەوە ئەو چەرخی مێژووە یەکێ لەو پەردانە کە نواندی بۆ پاشەڕۆژ ون نەبێ، ئەوا ئێمە لێرە وەکوو بخرێتە مەکینەی زەنگۆغرافەوە و بە تەواوی ڕوون بکرێتەوە ئەینووسین و بۆ پاشەڕۆژێ مێژوو ئەیهێڵینەوە. ئەو پەردەیەش پەردەی کارەساتی لافاوی سولەیمانییە، ئەم کارە ساتەش بەم جۆرە بوو:

ڕۆژ ڕۆژی هەینی ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ و ٢٨ی سەرماوەزی ٢٦٥٧ی کوردی بوو، سەر لە بەیانی هەتاو و ڕۆژێکی خۆش بوو، ئومێدی لە خۆشی بەو لاوە هیچ شتێکی تر نەئەکرا. هەتا کەوتە پاش نیوەڕۆ، پاش عەسر. سەعات بوو بە پێنجی پاش نیوەڕۆ، لە لای باکوور و باکووری ڕۆژئاواوە هەورە چڵکنەیەک پەیدابوو، زۆر بە تیژی بەرەو ئاسمانی ناوشارەکە و بناری شاخی گوێژەوە دایکرد و کردی بە ڕەهێڵە. زۆری پێ نەچوو بوو بە تەرزە، بۆ ماوەی ٤٥ دەقیقە هەورە تاڵەکە ئەیگرماند و ئەیشریخان و ئەگریا، باران وەکوو کوننە سەر بەرەوژێر ئەهاتە خوارەوە، تنۆکی باران بە چواریان ئیستکانێکی چایان پڕ ئەکرد. تەرزە لە هێلکە کەوێکەوە تا هێلکە مریشکێک بوو.

کە باران و تەرزە خۆشی کرد لافاو وەکوو شێری برسی پەلاماری ناوشاری دا. لە سەرووی شارەکەوە ڕژایە ناو شارەوە، سەری کرد بە کۆڵانەکانی گەڕەکی مەڵکەندیدا-کە یەکێکە لە گەڕەکی شارەکە و کەوتۆتە سەرووی شارەوە- لە کۆڵانیشەوە ڕووی کردە ناو ماڵەکان و ناو ژوورەکان، چی بەر پەل بکەوتایە لە نوێن و مناڵ و زەلام، لە دروشکەی بەردکێشان هەمووی ڕائەماڵی و ئەیهێنایە دەرەوە. ئەمجا بەسەر ئەو جادەیە تازەیەدا کە ئەچێ بۆ ئەزمەڕ شاڵاوی هێنا. چووە سەرای شارەکەوە، سەرا دوو نهۆمە، نهۆمی خوارەوە بڕی بوو لە ئاو و هەچ نووسراو و پسوولە و سەنەداتێکی سەرای حکومەت هەبوو لەو نهۆمەدا، هەمووی کەوتە سەرئاو و لە بن میچەکە توند بوو. لە پەنجەرەکانەوە ئاو هاژەی کرد و هاتەدەرەوە. لەگەڵ ئەوەی سەرەوە کە ئەهات قۆڵیان کرد بەقۆڵی یەکا و پەلاماری بازاڕ و گەڕەکەکانی خوارەوەیان دا، لەم بەردەرکی سەرایەدا لافاوەکە بەهێزتر بوو، ئەسپی کالیسکەچی و ئۆتۆمۆبێلی ڕاماڵی و ئەیبرد. ئەیدان بە دیوار و کەندەڵانا. لۆرییەکی بە حەوت تەن بارەوە برد، ئۆتۆمبیلی قەمەرە بە سەر ئاوەکەوە بۆی ببوو بە شۆفێر و بە کۆڵانەکانا ئەیسووڕاندەوە. لە شوێنێکی تر کە پێی ئەڵێن «ئەسحابەسپی» و ناوەندی شارەکەیە، ئۆتۆمۆبێل بە گوریس بەسرابووەوە، ئاو گوریسی پچڕاند و ئۆتۆمۆبێلی فڕاند. نرکەی ئەم لافاوەش بێ زیاد و کەم هەر لەوە ئەچوو ئەتوت کێوێک ئەکەوێ بەسەر کێوێکا، چونکە هەم دەنگی ئاوەکە خۆی، هەم دەنگی ڕووخانی ئەو دیوار و خانووانە کە بەر لەپی ئەکەوت، یەکیان ئەگرت و ئەو شاییەیان ئەگێڕا.

لە هەندێ شوێنا ئاو کە چووە ژوورەوە ئەو مێز و کورسییانەی کە لە ژوورەکە بوون، ئاوەکە لە بن میچەکەی تونگ ئەکردن، لە هەندێ شوێنی تر ئاو لە پاش ئەوەی کە نهۆمی ژێرەوەی خانووەکەی پڕ ئەکرد، ئەچووە نهۆمی سەرەوە، لەوێوە لە دەرگا و پەنجەرەکانەوە وەکوو تاڤگەی هەرە بەهێزی کوێستانەکان ئەڕژایە کۆڵانەکانەوە. لافاو لە دەشتەکانی سەروی شارەکەوە مەڕی هێنابوو بە جۆرێ ڕایماڵی بوو ئەو مەڕ فریای ئەوە نەکەوتبوو کە ڕووی خۆی بگۆڕێ بۆ ڕووی ئاوەکە. هەروەها لە ناوشارا ئەسپی ڕائەماڵی و ئەیبرد،. کە ئەمانەشی ئەبرد ئەیدان بە دیوار و کەندەڵانی ناوشارەکەدا و لەوێ یا ئەبوون بە ژێر دیواری ڕووخاوەوە یا هەر تونگی ئەکردن لە دیوارەکە و بەو جەزرەبەیە گیانیان تیا نەئەما. ئاوەکە بەمەوە نەئەوێستا، مناڵ و زەلامی لە ناو ماڵا ئەفڕاند و ئەیبردن. چەند بێشکەی کۆرپەی ساوا بەسەر ئاوەوە بوو، کەس نەیئەوێرا توخنی کەوێ. ئەمجا لافاو ڕووی کردە بازاڕان. لەوێ چووە «قەیسەری»یەکانەوە. سولەیمانی دوو قەیسەری تیایە؛ قەیسەری نەقیب، قەیسەری وەسمان پاشا. ئەمانە شوێنەکەیان چاڵن. شتومەکی بازرگانی و تجاری سولەیمانی هەموو لەم دوو «قەیسەری»یە دان، کەچی، چی لەوێ بوو لە کوتاڵ و شەکر و چا و بابەتی عەتاری هەموویانی ڕاماڵی. فەردەی پڕ لە کوتاڵ و سندووقی چا بەسەر ئاوەکەوە وەکوو پووشکە وابوو. دیارە ئەم ئاوە هەتا ئەهات زیادی ئەکرد و ئەهاتە سەری، لێرەدا نۆرە هاتە سەر گەڕەکی «سەرشەقام» و «شێخە باس». بەو تووڕەیی و توندوتیژیە پەلاماری ئەو گەڕەکانەی دا و ڕووی تێ کردن، لەو دوو شوێنە کارەساتی زیاتر کرد. ماڵ ڕوخان و مناڵ بردن زۆرتر بەر ئەو شوێنە کەوت. شوێنی شاری سولەیمانی لێژە؛ هەتا سەرەوخوارتر بڕوا بە لای قیبلەوە گوڕی ئاو زیاتر ئەبێ.ئەم گەڕەکانەش کەوتوونەتە خوارووی شارەوە بۆیە زیاتر کارەسات لە مانا ڕووی دا. تا گەیشتە ئەوێ و لەوێ دەرچوو و هەر شتێک هەبوو بردی و ئەمجا لە خوارووی شارەوە ڕووی کردە چەمی تانجەرۆ.

لە هەندێ لە کۆڵانەکانی ناوشارا، ئەو شوێنانەی کە ڕێبازی ئاوەکە بوون، تا دوو مەتر ئاو بەرز بووبووەوە. بەڵای زیاتر لەوەدا بوو کە ئاوەکە سارد بوو. هەمووی هی تەرزە بوو، لەبەر ساردییەکەشی کەس نەیئەوێرا توخنی کەوێ و شتێک بگرێتەوە. لە هەندێ لە حەوش و سەربانەکانا وەکوو هێنابێتت بە سەد بار سەد بار تەرزەت تێ کردبێ ئاوا کۆمەڵە بووبوو. سەیرتیش ئەوە بوو شوێنی وا هەبوو نووسابوو بە شارەکەوە، وەکوو هەر بارانی لێ نەباریبێ وابوو. لە هەندێ پەنا دیوارا لە پاش ٤٢ ڕۆژ تەرزە ئەدۆزرایەوە لە هێلکە کەو گەورەتر بوو. دەنگی نرکەی لافاو دەنگی هاواری ژنان و پیاوان کە کەسوکاریان ئاو ئەیبردن وە یا ماڵەکانیان لەبەر چاویانەوە ئەڕووخا وە یا شتومەکی ناو ماڵیان بەسەر ئاوەوە ئەبینرا وە یا بارخانەی بازرگانەکەیان ئەچوو بە گەرووی لوورەی لافاوەکەدا و ئەمان هیچیان پێ نەئەکرا بێجگە لە هەناسە هەڵکیشان نەبێ، ئەم دەنگانەی ئەو ڕۆژەی ناوشاری سولەیمانی بێ گومان کردبوویە کارێ کە فریشتەی ئاسمان بەزەیی پیابێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەکە ئەو شارە هەر لە ماوەی چەند ساڵیکا جارێک ئەبێ ئەم دەنگانەی لێ بەرز ببیتەوە، جارێک بە هۆی بۆردومانەوە، جارێک بە هۆی ڕژانی خوێنی شەهیدەکانەوە، جارێک بە هۆی لافاوی بێ ئەمانەوە. لەبەر ئەمانە فریشتەی ئاسمانیش گوێیان کەڕ بووبوو لە دەنگی ئەو هەموو زایەڵانە. وا دیارە شاری سولەیمانی ئەبێ هەموو جار ئەم دەرد و مەینەتە بخاتە سەر شانی. لە گەرمەی لافاوەدا خەڵکەکە پەرتوبڵاو بووبوونەوە؛ کەس ئاگای لە کەس نەبوو. یا کەس نەیئەزانی چی دیار نییە و کێ بووە بە قۆچی قوربانی و بە ماڵی تاڵانی. باران و تەرزەکە لە پاش ٤٥ دەقیقە خۆشی کردەوە، لافاو هەر درێژەی کێشا و شەو بەسەرهات، لێرەدا عالەم کەوتنە دەربەدەری وفەلاکەت، بەرە بەرە ناڵەی جگەرسووتاوان بەرز بووەوە. ئەمجا هەر یەکە لە لایەکەوە هاواری ئەکرد کوڕەکەم وە یا براکەم یا کوڕپەکانم دیار نین، ڕاست بوو دیار نەبوون، چونکە لافاو بردبوونی و کردبوونی بە گاوگەردوونی خۆی.

ئەوانەی لە ناوشارا بە خنکاوی لە دەمی لافاو سەنرانەوە وە یا ئەوانەی بە مردوویی لە ژێر دار و بەردی خانووی ڕووخاوی دەست لافاو دەرهێنرابوون، ئەمانە لە ماوەی شەو و ڕۆژێکا دۆزرابوونەوە، بەڵام لە پاش ئەو شەو و ڕۆژە لە «عەربەت» و «تانجەرۆ» لاشەی مردوو ئەبینرایەوە و ئەهێنرایەوە. دەستە دەستە خەڵک ئەچوون بۆ ئاشتنی مردووی ئەم کارەساتە لە گردی سەیوان، گۆر هەڵکەنەکان فریای ئەوە نەئەکەوتن بێنەوە بۆ ناوشار، کە گۆرێکیان هەڵئەکەند بەپەلە ئەچوونە سەرهەڵکەندنی گۆرێکی تر. سەیرتر ئەوە بوو لە پاش دوو ڕۆژ منداڵێک لە ناو بێشکەیا، کە ئاو بردبووی، لە دەوروبەری «عەربەت» و «تانجەرۆ» دۆزرابۆوە، پەنجەی خۆی خستبووە دەمی و ئەیمژی. هێنایان بۆ خەستەخانە، وا دیاربوو لەوێدا ویستبوویان دەرمانی بکەن، ئەو وەختە مردبوو. لە جادە، لە زیراب و ڕەهەن، لە جوانی ناوشار، ئەم لافاوە ئەم ئیشانەی کە بەو ساڵانە کرابوو، هەمووی لە ماوەیەکی کەما تێکدا و هیچی بەسەر هیچەوە نەهێشت، شاری سولەیمانی لەم مێژووەدا بوو بە شوێنێک وەکوو هەرگیز دەستی ئاوەدانی بە خویەوە نەدیبێ وابوو، لە لایەکەوە جادە و کوڵان هەموو تێکچووبوو، ڕووخابوو بەسەر یەکا. لە لایەکەوە خانووبەرەیەکی زۆر ڕمابوو بەسەر یەکا. دەنگی زایەڵەی ڕۆڕۆیش سەرباری هەموو بوو.