ئەمیر تەیمووری گوڕکانی (٧٧١-٧٠٨ی هیجری)...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  469 مشاهده

ئەمیر تەیمووری گوڕکانی (٧٧١-٧٠٨ی هیجری)، گەلێ وڵاتی گرتبوو، مەتەڵێکی لە عالەم و زاناکانی ئەو وەختە داهێنابوو کە خوا ئیشی چییە؟ ئەچووە هەر وڵات و مەملەکەتێک ئەم پرسیارەی ئەکرد و هەر کەس هەر وەڵامێکی ئەدایەوە، بە دڵیا نەئەچوو. ئەم پرسیارەی ئەم لە هەموو وڵاتێکا ناوبانگی دەرکردبوو. ئەوەش بڵاو ببۆوە، کە کەس وەڵامی پێ نەدراوەتەوە.

لە پەلامارەکەیا بۆ سەر بەغدا، دیارە لە ڕێگەی کوردەوارییەوە چووە، ئەڵێن لەوێشا کۆڕێکی گرتووە و ئەم پرسیارەی کردووە. مەلاکان هەموو لەرزیان لێ ئەنیشێ. مەلایەک فەقێکی بچکۆلانەی لا ئەبێ، پێی ئەڵێ: مامۆستا! سبەینێ کە چوویتە دیوان، من لەگەڵ خۆتا بەرە وە بە «ئەمیر تەیموور» بڵێ ئەم پرسیارە لە من بکا، من وەڵامی ئەدەمەوە! مەلا ئەمەی بەلاوە زۆر سەیر ئەبێ، چونکە هەموو عالمەکانی ئەو دەورە، نەیاتوانیوە وەڵام بدەنەوە، ئێستا ئەم منداڵە چۆن ئەتوانێ؟! ناچار مەلا، کە ئەکەونە سبەینێ فەقێ بچکۆلانە لەگەڵ خۆی هەڵئەگرێ و بە ترس و لەرزەوە ئەچێ بۆ بارەگای پادشاهی کە پڕە لە عالم و لە وەزیرەکان «سەعدەدین تەفتازانی» ش لەگەڵ ئەمیر تەیموور ئەبێ، لە تەنیشتی ئەمیرەوە دانیشتووە. ئەمیر تەیموور خۆی لەسەر تەختێکی بەرزی پادشاهی دانیشتووە. مەلا ئەچێتە ژوورەوە و پاشان قسە دێتە پێشەوە، ئەمیر تەیموور ڕوو ئەکاتە مەلا دانیشتووەکان و ئەڵێ: «خوا ئیشی چییە؟» مەلا ئەڵێ: پادشاهم پرسیار لەو فەقێ بچکۆلەیە بکە. ئەو وەڵامت ئەداتەوە! پادشا و دانیشتووەکان سەریان سووڕ ئەمێنێ لەم قسەیە، کە شتی وا چۆن ئەبێ؟ پرسیارێکی وا کە تا ئێستا هیچ عالمێک جوابی نەداوەتەوە ئێستا بە منداڵێکی وا چۆن جواب ئەدرێتەوە؟! لە ئاخرا پادشاهـ ڕوو ئەکاتە فەقێ بچکۆلەکە و ئەڵێ: کوڕم! تۆیت کە خۆتت ئامادە کردووە بۆ وەڵامدانەوە؟ ئەڵێ: بەڵێ پادشاهم، بەڵام لە پێش پرسیارەکەتا من پرسیارێکت لێ ئەکەم! پادشا ئەڵێ: بیڵێ. فەقێ ئەڵێ: پادشاهم ئەو کەسەی کە پرسیاری لێ ئەکرێ، ئایا لە شوێنی بەرز دائەنیشێ؟ یا ئەو کەسەی کە پرسیار ئەکا؟ پادشا ئەڵێ: دیارە ئەو کەسەی پرسیاری لێ ئەکرێ. ئەڵێ: کە واتە تۆ هەستە وەرە شوێنەکەی من و من دێمە شوێنەکەی تۆ!

پادشا و دانیشتووان هەموو لەم قسەقوتە، سەریان سووڕ ئەمێنێ و پادشا قسەکەی ئەچێ بە دڵیەوە و هەڵئەستێ لەسەر تەختەکە دێتە خوارەوە. فەقێ ئەچێتە سەر تەخت و ئەم بە چۆکا لە بەردەمیا دائەنیشێ! ئینجا فەقێ ئەڵێ: ئێستا پرسیارەکەت بکە. پادشا ئەڵێ: «خوا ئیشی چییە؟» فەقێ بەبێ وەستان ئەڵێ: ئیشی ئەوەیە تۆ لەسەر تەخت دێنێتە خوارەوە من ئەخاتە سەر تەخت! پادشا و دانیشتووەکان لەم وەڵامە واقیان وڕ ئەمێنێ! پادشا وەڵامەکەی ئەچێتە دڵەوە، هەڵئەستێ ناوچەوانی فەقێ ماچ ئەکا و فەقێ ئەڵێ: پرسیارت تەواو بوو؟ ئەڵێ: بەڵێ. ئەڵێ: دە کەواتە وەرەوە شوێنی پادشاهی خۆت و من دێمەوە شوێنی خۆم من تەنها بۆ ئەوەندە ماوە، شایستەی ئەم شوێنە بووم، لە ئێستا بەدواوە ئیتر شایستەی تۆیە و هەر کەس بۆ شتێک دروست کراوە، لە کوردی لای ئێمەدا هەیە ئەڵێ: نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب! ئەمە ئەڵێ و هەڵئەستێ دێتە خوارەوە. ئەمیر تەیموور ئەم قسانەی لە جەرگی وەڵامەکە زیاتر پێ خۆشتر ئەبێ و هەموو عالم و دانیشتووەکانیش ئەیسەلمێنن کە وەڵامەکەی و قسەکانی هەموو لە شوێنی خۆیا بووە و هەموو بەرزی و نزمییەک سەرچاوەکەی ئەچێتەوە سەر خوا.

هەندێک ئەڵێن ئەم منداڵە وەختی خۆی «سەعدەدین تەفتازانی» بووە، بەڵام وا نییە، بەڵێ سەعدەدین هاوڕێی ئەمیر تەیموور بووە و زۆر پایەبەرز بووە لەلای، ئەوەندە هەبووە وەختێ کە ئەو بووە بە هاوڕێی ئەمیر تەیموور، پیاو بووە و تا ٧٩٢ی هجری لەگەڵیا بووە و پاشان مردووە.