دیسان هەر لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  594 مشاهده

دیسان هەر لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییە ئەڵێ:

کابرایەک لەو دەشتە، بڕە مەڕێکی هەبوو، یەکێ لە مەڕەکانی لە شەوی نەورۆزا زا و بەرخێکی هێنا، کابرا دەستبەجێ کێردێکی هەڵگرت و چووە سەر بەرخەکە سەری ببڕێ، بەرخە هاتە زمان و وتی: ئەوە چی ئەکەی؟ کابرا وتی: چی ئەکەم؟ سەرت ئەبڕم و ئەتخۆم! بەرخە وتی: کاکە برا تۆ ئەزانی من ئێستا پێم ناوەتە ئەم دنیایە، نازانم دنیا چۆنە و چۆن نییە، هەر ئەوەندە ئەزانم تاریکە، بۆچی دنیا هەر وایە؟ وتی: وا نییە ئەمە شەوە، بۆیە تاریکە، کە کەوتینە ڕۆژ دونیایەکی ڕووناکترە. وتی: کە واتە سەرم مەبڕە با ئەو دنیا ڕووناکەش ببینم! وتی: باشە. ئەو شەوە لێی گەڕا و ڕۆژ بۆوە. دنیایەکی ڕووناک هاتە پێشەوە، ئەو ڕۆژەش بەسەر چوو و کەوتنەوە شەوێ، کابرا بە خۆی و کێردەکەیەوە چووەوە سەری وتی: وا ڕۆژیش بەسەر چوو و کەوتینەوە شەوێ، ئیتر سەرت ئەبڕم. بەرخەکە وتی: کاکە، بۆچی ئەمە چ وەختێکە؟ کابرا وتی: ئەم وەختە سەرەتای بەهارە و دنیای دڵدارانە. وتی: کاکە تۆ ئەزانی من بەهارم نەدیوە، لێم گەڕێ با بەهار ببینم چۆنە و ئەو وەختە سەرم ببڕە! وتی: باشە. بەهار بەسەر چوو و کەوتنە هاوین. کابرا بە خۆی و کێردەکەیەوە چووە سەری، وتی: ئەوا بەهاریش بەسەر چوو، ئیتر سەرت ئەبڕم. وتی: بۆچی کەوتوینەتە کەی؟ وتی کەوتوینەتە هاوین. وتی: کاکە! تۆ ئەزانی من هاوینیشم نەدیوە، لێم گەڕێ با سروەی هاوینیش ببینم! وتی: باشە.

هاوین بەسەر چوو و کەوتنە پاییز. دیسان کێردی هەڵگرت و چووە سەری وتی: وا هاوین دوایی هات و ئەبێ سەرت ببڕم! وتی: بۆچ ئێستا واین لە چیا؟ وتی: واین لە پاییزدا و لە گەڵا خەزانی پاییزا. وتی: کاکەی بە دەورن! تۆ لە من چاکتر ئەزانی کە پاییزم نەدیوە، وازم لێ بێنە با پاییزیشم چاو پێ بکەوێ! وتی: باشە. پاییز بەسەر چوو و پێ نرایەوە زستان. کابرا کێردی هەڵگرت و چوو بۆ لای بەرخەکە. وتی: برا ئەوا پاییزیشت چاو پێ کەوت و پاییزیش بەسەر چوو، ئیتر سەرت ئەبڕم! وتی: بۆچی ئێستا چ وەختە؟ وتی: وەختی زستانە و کڵێڵەی کاوانە! وتی: کاکی مۆبەت خۆ ئەزانی کە من نە زستانم دیوە، نە کڵێڵەی کاوان! کە واتە لێم گەڕێ با ئەم زستانی توەش ببینم. وتی: باشە. زستان بەسەر چوو و کەوتنە شەوی نەورۆز و کەوتنە بەهار، کێردی هەڵگرت و چووەوە بۆ لای بەرخە، وتی:

ئەوا زستانیش بەسەر چوو، ئێستا چی ئەڵێی؟ وتی: بۆچی کەوتینە چی؟ وتی: کەوتینەوەی بەهار، وتی وەکوو بەهارەکەی پار؟ وتی: ئا. وتی: بۆچی شتی تر نەماوە؟ وتی: نەء. وتی: کە واتە ئیتر سەرم ببڕە، دنیا عیبارەتە لە شەو و ڕۆژ و چوار وەرزە، لە بەهار و هاوین و پاییز و زستان، هەر شتێکی تر بە شوێنیا بێت دەورکردنەوەیە. وە نەبێ شتێکی تازە بێت، لەگەڵ ئەوەشا هەر ئەم هەناسەیەیە کە تیایام، ئیشی خۆت بکە و خوات لەگەڵ!