کابرایەک هەبوو لەو سەرە سامان و ماڵەکەی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  632 مشاهده

کابرایەک هەبوو لەو سەرە، سامان و ماڵەکەی لەوانە بوو لە هەموو ئەو وڵاتەدا ناوی دەرکردبوو، لە جووت و بەرەجووت، لە گوند و ئاوایی لە بەرزە و باخ، لە پارە و پووڵ هەڵیدابۆوە مەگەر خوا بیزانێ. کۆشکێکی دروست کردبوو لەو دەورە و لەو ماوەدا مەگەر هەر کۆشکی پادشاهی وا بوایە، بە هاتوچۆکردنی نۆکەر و کەنیزەکان و بە پڕمە و حیلەی ڕەوە ئەسپان و قەڵەمباز پەستنی تولە و تانجی، بە دەنگی تەواوی «بولبول» و «قومری» لەسەر چڵی داران و لەناو باخچەی گوڵستانا، بە خوڕەی جۆگەلە ئاوی ناو حەوزی کافوری ژیانی ئەم کابرایە ببوو بە ژینی دڵداران، ببوو بەو کەسانە کە لەم دنیایەدا بەهەشتی بەرینیان دەست کەوتووە.

هەر ڕاست لە بندەستی کۆشکی ئەم کابرایەوە «کەوێڵ»ێکی بچکۆلەش هەبوو کە هی پیاوێکی هەژاری دوور لە هەموو نعمەتانێکی دنیاوە بوو. چوار تۆپەڵە قوڕی خستبووە سەر یەک و بە بەڵم و زەل سەرەکەی گرتبوو و ناوی نابوو خانوو، خۆی و ژنەکەی بە شەو تیایا ئەحەسانەوە و بە ڕۆژیش هەر ئەوەندەیان ئیش دەست ئەکەوت کە نانێکی دەست کەوێ و هیچی تر.

ڕواڵەتپەرستی دنیا زۆر سەیرە، ئاگر و ئاو، ڕەش و سپی، تاڵی و خۆشی، زۆر جار لە تەنیشت یەکەوەیە! کۆشکی ئاغا بەو هەموو خۆشی و جوانییە، بەو هەموو خواردن و پۆشینی ڕەنگاوڕەنگ و نازدارییە، پیاو هیچی تری لێ نابینێ تەنها کامەرانی نەبێ، کۆڵیتی کابرای هەژاریش بەو هەموو خراپی و پیسییە. بەو ڕووت و قوتی و بێ نان و بەرگییە، دیسان پیاو هیچیش لەوا نابینێ تەنها کەساسی و دڵتەنگی نەبێ، کە چی وەکوو ئەم بورجە عاجییە ئەم زنجە ئاتاجییە لە تەنیشت یەکەوە لەژێر سێبەری بستێکی عاسمانا کۆ بوونەتەوە لەناو هەردووکیانا تاڵی و خۆشی هەر کۆ بوونەتەوە! نە ئەو بە تەواوی نە ئەمیش بە تەواوی کەوتۆتە کۆشی کەساسی و ناخۆشییەوە، وەکوو ڕواڵەتەکەی خۆی بانگ ئەکا.

هەر لەبەر ئەمە بوو بۆیە ئاغاژنی خاوەن کۆشک بەیانییەک نەبوو لە خەو هەستێ و لە سەرەوە چاوی بە بەژن و باڵای کابرای ڕووتەڵەی ناو کۆڵیتەکە نەکەوێ کە ئەچوو لەناو گۆمە قوڕاوی بەر ماڵەکەیانا لە کاتی مەلا بانگدانا مەلەی ئەکرد و سڵی ئەکرد بۆ ئەوە نوێژەکەی بەیانی نەڕوا، کە چی مێردەکەی ئەمیش، ئەتوت چۆڕی شیرە و ئاوەکەی ئەتوت ئاوێنەبەندی دەرگای میرە! هەر نەبوو جارێک ڕێ کەوێ و بڵێ: «نیەتمە بەم ئاوە لەشپیسی لە سەرخۆم لا ئەبەم!» ئەم دوو دیمەنە کاری کردە دڵە ناسکەکەی ژنی ئاغا، یا ژنی ئاغای خاوەن کۆشکی فراوانی دڵتەنگ! ناچار ئەمیش ئاگری جگەر هەڵی گرت و ڕووی کردە مێردەکەی و وتی: «پیاوەکە! ئا ئەو ژن و پیاوەی کە لە تەنیشتمانەوەن، لێفەیان ئاسمانە و ڕایەخیان زەوی، شەو نییە بەبێ شەوچەرەی بووکێنی ڕۆژ نەکەنەوە و بەیانییەک نییە لەشیان بە ئاوی «کام» تەڕ نەکەنەوە، خۆراکی گەورەیان هەرزنە و تەڕایی دەمیان دۆی تورش! کە چی ئێمە بەم هەموو ناز و نعمەتە و شوێنی دڵگوشا و ماڵ و سامانەوە جارێک نابینم بە هیوای ئارەزوویەکەوە دەستێک لە گەردنی یەک بکەین! ئەمە چ ڕۆژێکە و ئەمە چ ژیانێکە ئێمە هەمانە!؟»

مێردەکە وتی: «ئافرەت ئەوان وایان بۆ هاتووە ئێمەش وامان بۆ ئەلوێ، ئەگەر ئەو ناز و نازدارییەی ئێمە تیاین ئەوانی تیا بوونایە، نەوەک بە مانگێگ بەڵکوو بە ساڵی جارێکیش پێیان نەئەکرا ئاوڕ لە شەوچەرەی بووکێنی بدەنەوە!»

ماوە زۆری نەخایاند، پیاوە زۆری وت و ژنە کەمی بیست. لە ئاخرا پیاوەکە وتی: ئەم هەویرە زۆر ئاو ئەخوا، ئەگەر هەر وا بڕوا ئەم ژنە ئەکەوێتە دنیایەکی ترەوە. نەوەڵڵا وا چاکە چاری بکەم! ڕۆژێک ناردی بە شوێن کابرای هەژاری دراوسێیدا و پێی وت: تۆ ئیشت چییە؟ وتی: قوربان کۆڵکێشی، ئەچمە بازار، سا چوار کۆڵ بۆ چوار کەس هەبوو هەڵی ئەگرم و شتێکم ئەدەنێ و دێمەوە و ئیتر شوکری خوا ئەکەم. ئاغای خاوەن کۆشک وتی: باوکم تۆ هەقی دراوسێیەتیت بەسەر منەوە هەیە، نامەوێ وا ڕابوێری. ها ئەمە سەد لیرە بچۆ دوکانێکی پێ دابنێ و پێوەی دەست بکە بە کەسابەت و توجارەت. دەستی برد سەد لیرەکەی نایە بەردەمی وتی: هەر وەختیش ئەگەر بووت بمدەرەوە ئەگەر نەشت بوو هیچ.

کابرا گەلێ دوعای خێری بۆ کرد و بە دڵێکی پڕ لە خۆشییەوە سەد لیرەی هەڵگرت و هاتەوە. ئەو شەوە کەوتە لێکدانەوەی، کە چی بکا و چی نەکا و چی بکرێت و بە چییەوە خەریک بێ؟! خەوەکەی لێ تێک چوو، گەمە و گاڵتەکەشیان نەکرد! شەوی دوایی هەر بەو جۆرە و سەرباری ئەوەش پەژارە دایگرت کە ئاخۆ ئاخری ئەم ئیشەی بە چی ئەبێ و بە چی نابێ؟! ئەو شەوەش هەر هیچ! بە هەر جۆر بوو شەوی سێهەم پوچەڵێک کرا! لەو لاوە ژنی ئاغای خاوەن کۆشک بەیانیان، وەک جاران، سەرەتاتکێیەتی بزانێ کابرای دراوسێیان لەسەر ئیشی خۆی ماوە، سەیری کرد دوو شەوە بەیانیان مەلە و وسڵەکەی نەماوە! چوو بە مێردەکەی خۆی وت ئەویش وتی: جارێ هێشتا لە کوێتە وە لە کوبانەوە؟!

کابرا لەملاوە ڕۆژی سێهەم چوو هەندێ شتومەکی کڕی دوکانێکی دانا، کە دوکانی دانا و کەوتە نما و پارە و حساباتەوە، نە شەوچەرەی بووکێنی لە فیکر ما و نە خواردن و نووستنیشی بۆ ئەکرا، بە جۆرێک خەریک بوو، نە شەوی شەو، نە ڕۆژی ڕۆژ! ئەوی بە دڵیا نەهاتایە هەرە ئەو ئیشە خێرە بوو! ژنەکەشی جار جار دەستێکی تێوە ئەژەند کە پیاوەکە بۆچ وات لێ هاتووە؟! پیاوەیش ئەوا کەوتۆتە عالەمێکی تر!

ئەمجا ژنەی خاوەن کۆشک چووە لای مێردەکەی خۆی، وتی: پیاوەکە تێم ناگەیەنی ئەمە چ باسێکە؟ جاران ئەمانە وەکوو چۆلەکە وا بوون؟ کە چی ئێستە هەزار خۆزگە بە ئێمە! پیاوەش وتی: ژنەکە چیت تێ بگەیەنم؟ ئەمانە لە هەوەڵەوە هیچ شتێکیان نەبوو، بە تایبەتی پیاوەکە، ئەوی کە فیکر و خەیاڵ خەریک بکا، ئەو نەیبوو، هەموو ئیشێکیان هاتبووە سەر ئەو ئیشە، ئێستا پەژارە و هەڵسووڕاندنی ئەم چوار پووڵە کە بە دەستییەوەیە خەریکی کردووە و ئیتر بە سەر هیچی تریەوە ناپەرژێ، ئەمەیە ئیشی دنیا: ئەوی بانی زۆرترە بەفری زۆرترە، کە واتە پەڕۆیەک لە حاڵی من دادڕە!

کابرای هەژاری هەندێ شتومەکی کڕیبوو و فرۆشتبوویەوە، شەوێ لەناو جێگەکەدا کەوتە پەژارەی ئەوەی کە ئەمجارە چی بکڕێ؟ و ئایا ئەگەر شتێکی تری کڕی، تیایا سەرئەکەوێ؟ یا پارەکەی ئەڕوا؟ ئەم شەوەیانی هەر بە جارێ تێک چوو، وەختێک بە خۆی زانی گزنگی بەیان لە کڵاورۆژنەی کۆڵیتەکەوە هاتە خوارەوە! ئەو وەختە هۆشی هاتەوە بە خۆیا، دەنگی نەکرد، تا هەتاو کەوت، سەد لیرەکەی هەڵگرت و چووەوە بۆ لای ئاغای خاوەن کۆشک وتی: «قوربان خوا ڕاوەستاوت کا، ئەمە سەد لیرەکەت و خۆشییەکەی جارانم بدەرەوە!»