ئەڵێ دەوری زوو لەو وڵاتی مادستانە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  637 مشاهده

ئەڵێ دەوری زوو لەو وڵاتی «مادستان»ە پادشایەکی بە دەسەڵاتی زۆر ساماندار هەبوو، هیچ منداڵی نەئەبوو، بەم بۆنەیەوە شەو و ڕۆژ لە پەژارەدا بوو، هیچ شێخ و پیاوچاک و پزیشکێکی نەهێشت، کەڵکی نەبوو، قەڵەمڕەوەکەشی ڕۆژ بە ڕۆژ هەر زیادی ئەکرد، بەڵام دڵی ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ تەنگتر ئەبوو. ڕۆژێک هەموو ئەستێرەژمێری مەملەکەتی کۆ کردەوە کە بەڵکوو لە ئەستێرەی بەختی ئەوا شتێکی بۆ بدۆزنەوە، ئەستێرەژمێران لەپاش ئەوە، کە بە زانایی خۆیان هەموو ئەستێرە گەڕان، شتێکی زۆر سەیریان چاو پێ کەوت! قسەیان هاتە سەر ئەوە کە بۆ پادشای نەگێڕنەوە، بەڵام پادشا تەنگی پێ هەڵچنین و وتی: «هەر شتێکتان دیوە ئەبێ پێم بڵێن.» ناچار ئەوانیش وتیان: «ئەوی ڕاستی بێ پادشاهم! لە ئەستێرەی بەختی تۆدا کوڕێک بەرچاو ئەکەوێ و کوڕێکت ئەبێ، بەڵام ئەم کوڕە کە بوو بە تەمەنی حەوساڵان مار پێوەی ئەدا و ئەمرێ!

پادشا بەمە لە لایەکەوە دڵخۆش بوو کە کوڕی ئەبێ، لە لایەکیشەوە دڵتەنگ بوو کە کوڕی ئەمرێ. وتی: «دیسان بۆم سەیر بکەنەوە.» ئەستێرەژمێرەکان هەر چەندە کەلێن و قوژبنی ئەستێرەیان پشکنی، لەمە زیاتریان بەرچاو نەکەوت. وتیان: «پادشاهم لەمە زیاتر هیچی تر نییە، تۆ کوڕێکت ئەبێ و قەزا و قەدەر وای هێناوە کە ئەبێ لەو تەمەنەدا و لە فڵانە کات و وەختا مار پێوەی بدا و بمرێ.» پادشا وتی: «خۆ لە حسابی ئەستێرەدا هەیە کە من کورێکم ببێ؟» وتیان: بەڵێ، بەڵام قەزا و قەدەر وایە کە ئەبێ بڕوا! وتی: سا، من ئەو قەزا و قەدەرە ئەگێڕمەوە. بەڵێ لە پاش ماوەیەک، وەکوو ئەستێرەژمێران وتبوویان خوا کوڕێکی بە پادشا دا و لە هەموو قەڵەمڕەوی وڵاتا بوو بە ئاهەنگ و زماوەند و شایلۆغان، شا و شاژن کۆرپەی ئیمڕۆ جێنشینی پاشەڕۆژیان نەوەک لەناو دڵی خۆیان، بەڵکوو لەناو دڵی هەموو مەردومی وڵاتا بە نازی و شیر شەکر بەخێو ئەکرد، پادشایش ئیتر هەر لەو فیکرەدا بوو کە چۆن ئەم قەزا و قەدەرە بگێڕێتەوە و ئەم جگەرگۆشەیەی بۆ بمێنێتەوە! هەموو ڕۆژێ دانا و زانا و توانای مەملەکەتی کۆ ئەکردەوە و ئەکەوتنە ڕاوێژکردن، ئەوان ئەیانوت: قەزا و قەدرە ناگێڕێتەوە! ئەم ئەیوت: ئەبێ بیگێڕمەوە! بەم جۆرە شەش ساڵی ڕەبەق تێ پەڕی و پێ نرایە ساڵی حەوتەمین.

ئینجا پادشا هێنای لە دەشتێکی پان و فراوانی وەکوو دەشتی «سەرنۆی» دا فەرمانی دا هەموو خۆڵی دەشتەکەیان تا قوڵایی چوار گەز هەڵکۆڵی و خۆڵەکەیان فڕێ دا، شوێنەکەیان بە بلوور و مینا داڕشتەوە. ئەم دەشتە هەتا چاو کاری ئەکرد، بەم جۆرەی لێ کرا، پاش ئەوە هێنایان لە ناوەڕاستی دەشتەکەدا چوار کۆڵەکەی زۆر ئەستووری زۆر درێژیان هەر لە بلوور و مینا داڕشت و بردیان بە عاسمانا. چوار زنجیری ئەستووری بلووریان هێنا لەگەڵ «کەت»ێکی گەورەی داڕژاوی بە تۆراغی بلوور. ئەمەیان بەمجۆرە هەموو ئامادە کرد و هەر چی تیرەنداز و تیربەدەستی مەملەکەت بوو کۆ بوونەوە و چاوەڕێی وەخت و سەعات بوون، ئەستێرەکانیان ئەگرت. حسابی ئەستێرە وای گەیاندبوو لە پادشا، ئەگەر لە فڵانە دەقیقە و ساعاتا ئەو کوڕە بپارێزی و مار پێوەی نەدا، ئیتر قەیرانەکە بەسەر ئەچێ و هەزار ساڵ لە دنیادا ئەمێنێ. وەخت نزیک بۆوە هەتا ڕۆژی قەیران، ئنجا کوڕەیان هێنا و قوتیان کردەوە و خستیانە ناو کەتەکەوە، زنجیرە کانیان هێنا سەری زنجیرەکانیان شەتەک دا بە یەکێ لەو کۆڵەکە بلوورەکانەوە، سەرەکەی کەیان بەست بە پێچکەی کەتەوە و ڕایان کێشا، کەت بەرز بۆوە چوو لە ناوەڕاستی عاسمانەوە ڕاوەستا، تیرەندازان و تیربەدەستان هەموو خۆیان ڕووت کردەوە و تیر لە کەوانا و هەر یەک و دوو چاویان پێوە بووبوو بە چوار چاو و سەیری ئەملا و ئەولایان ئەکرد، ئەم هەموو ئیشەیان بۆ ئەوە کرد کە نەوەک مار پەیدا ببێ یا کتوپڕ خۆی لە شوێنێ یا لە جلوبەرگی یەکێکا حەشار دابێ.

وردە وردە وەختی قەیران هەر ئەهات و نزیک ئەبۆوە و مار لە هیچ لایەکەوە دیار نەبوو، خۆ ئەگەر ماری هەموو دونیاش کۆ ببوایەوە لەوانە نەبوو بتوانێ بگا بەو کوڕە، پادشا و ئەهلی مەملەکەت کەوتنە خۆشی خۆشی و دڵەتەپی خۆشیکردنەوە، چونکە قەیران هەر زۆر کەمی ماوە و مار لە هیچ لایەکەوە دیار نییە. هاتە سەر ئەوە کە نیو دەقیقەی ماوە بۆ بوونی ڕەتبوونی قەیرانەکە، کتوپڕ لە دوورەوە سەیریان کرد وا «حاجی لەقلەق»ێک ڕووبەڕووی کەتەکە هات و مارێکی بە دەمەوەیە! تیرئەندازان و کوتەک بەدەستان و هەموو عالەم شڵەژان، ناڵە و نەوا لە جەرگی فەلەکەوە بەرز بۆوە! تیرئەندازان کەوتنە تیرهاویشتن، تیریان هاویشت بۆ مارەکەی، کە بە دەمیەوەیەتی، تیر هیچ سەری نەکرد، بە هاژە هاژ چوو، نووسا بە گەرووی «حاجی لەقلەق»ەوە! حاجی لەقلەق ماری لە دەم بەربۆوە مار کەوتە ناو کەتەکەوە و دای بە کوڕەکەوە و کوڕەکە مرد!!

چەرخی زەمانە پێکەنی قاقا و ئافەرینی کرد
لە ئەقڵی بەندەی لاواز و لە دەستی تیرەندازان!

پێکەنی بەوەی کە گوایا ویستیان قەدەر بگێڕنەوە، ئافەرینیشی کرد لەو تیرەندازەی کە چۆن توانی لەو عاسمانەوە ئەو تیرەی سەر نەکا و بدا لە گەرووی ئەو «حاجی لەقلەق»ە.