جارێک دوو کابرا لە بەینی دوو شاخا ڕێگری...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  602 مشاهده

جارێک دوو کابرا لە بەینی دوو شاخا ڕێگری ئەکەن، کاروانچی تووشی ئەبێ بە تووشیانەوە، ڕووتی ئەکەنەوە و دێنە سەر ئەوەی کە بشیکوژن، کابرا گەلێکیان لێ ئەپاڕێتەوە کە نەیکوژن و هەر شتومەکەکەی لێ وەرگرن و لێی بدەن بڕۆن هەتا ئەم زیاتر ئەپاڕێتەوە ئەوان زیاتر تووڕە ئەبن، پێیان ئەڵێ: «کوڕینە! خوا ڕەوای هەقی نییە لەخۆڕایی بۆچ ئەمکوژن؟ خوا ئەم هەقە ون ناکا و تۆڵەتان هەر لێ ئەکاتەوە.» ئەوان لەم قسەیە ئەوەندەی تر شێت ئەبن، ئەڵێن: تۆڵەی چی و هەقی چی؟ کوا کێ هەیە لەم دەشتە چۆڵە، کە بتوانێ هەقی تۆ وەربگرێ؟ ئەمە ئەڵێن و پەلاماری ئەدەن بیکوژن! لەو کاتەدا کە ئەیانەوێ بیکوژن دوو «کەو» لەمبەری شاخەکەوە هەڵئەفڕن بۆ ئەوبەری شاخەکە، کابرا ڕوویان تێ ئەکا و ئەڵێ: «کەوەکان بە شاهید بن، ئەم کابرایانە لەخۆڕایی و بە ناهەق منیان کوشت! ئەمە ئەڵێ و گیانی دەرئەچێ!»

چەند ساڵێکی زۆر بەسەر ئەم کارەساتەدا تێ ئەپەڕێ و کابرا وەکوو کوژرا خوێنی هەروا ڕۆیی. ڕۆژێک ئەو دوو کابرایە کە ئەم چەند ساڵە هەر ئیشیان جەردەیی و پیاوکوشتن بووە، بە میوانی لە وڵاتێکی دوور، لەو کوێستانە ڕێیان ئەکەوێتە ماڵی ئاغایەک و لە دیوەخانا دائەنیشن، ئاغا زۆر خزمەتیان ئەکا و بە دەوریانا دێت، نایانناسێ کە ئەمانە جەردە و ڕێگرن، شەوێ نان دائەنرێ پڵاو و گۆشتێکی زۆر دێتە ناوەوە. کابراکان، سەیر ئەکەن وا دوو کەو بە ساغی ئاوەڕووت کراون و سوور کراونەتەوە و لەسەر دەورییە برنجەکە دانراون، یەکێکیان بە زەردەخەنەیەکەوە سەیری ئەوی کەیان ئەکا. ئاغا ئەڵێ: ئایا نانەکە خراپە؟ ئەگەر خراپیش بێ ئەبێ ببوورن! یەکێکیان ئەڵێ: نەوەڵڵا لەبەر ئەوە نییە نان و خوانێکی زۆر ڕێکوپێکە، بەڵام زەردەخەنەکەمان یادگارێک بوو لە بەینی خۆمانا، کە ئێستا ئەم کەوانەم چاو پێ کەوت، ئەو یادگارییەم هاتەوە بیر، بۆیە پێکەنین گرتمی.

نان خورا هەڵگیرا، بەڵام کابرای خانەخوێ ئەو زەردەخەنەیەی کابرا لە دڵیا بوو بە گرێ و لە دڵی دەرنەئەچوو، دیسان ڕووی تێ کردنەوە و وتی: فڵانی، زۆر حەز ئەکەم لە سەمەرەی ئەم پێکەنینەت تێم بگەیەنی، چونکە من هەروا چۆتە دڵمەوە کە بە نانەکەی من پێ کەنیوی! کابرای میوانیش کە زانی وایە وتی: تۆ دڵت هیچ نەکا، مەسەلەکە ئەمەیە: من و ئەم هاوڕێیەم چەند ساڵێک لەمەوپێش لەو وڵاتە ڕێگریمان ئەکرد، لە شیوێکا تووشی کابرایەک بووین ڕووتمان کردەوە. سەرەڕای ئەوە هاتینە سەرکوشتنیشی، کابرا زۆر پاڕایەوە کە نەیکوژین، لەو کاتەدا کە کوشتمان دوو «کەو» بەوێدا تێ پەڕین، کابرا ئەقڵی وا بوو هات ڕووی کردە کەوەکان و وتی: «کەوەکان! ئێوە شاهید بن کە ئەم پیاوانە بە ناهەق من ئەکوژن!». کە ئەمەی وت ئیتر گیانی دەرچوو، ئێستاش کە چاوم بەم دوو کەوە سووروکراوەیە کەوت، ئەو کارەساتەم هاتەوە بیر و بە هاوڕێکەی خۆمم وت ئەقڵی ئەو کابرایەت بێتەوە بیر کە ئەچوو لەبەر بێدەسەڵاتی شتی وەکوو ئەمانەی ئەکرد بە شایەت! ئەگینا خوا هەقە نان و خوانی تۆ هیچ بێ تفاقییەکی تێدا نەبوو.

کابرای خانەخوێ تۆزێ سەری داخست و پاشان سەری بەرز کردەوە و وتی: کوڕینە! ئێوە ئەوانەن کە کەوەکان شاهیدیان لێ داون؟ وتیان: چۆن؟ وتی: وا ئەم کەوە سوورکراوانە ئێستا بە منیان وت کە ئەم دوو کابرایە لەسەر هیچ و بە ناهەق ئەو پیاوە بێ گوناحەیان کوشت، ئیمەش شاهیدین، کە واتە ئەبێ لە خوێنی ئەو پیاوەدا بیانکوژیتەوە و نەیەڵی دەرچن! کابراکان وتیان: چۆن شتی وا ئەبێ؟ ئەمە قسەیەکە کۆن بووە و ئێمە گێڕامانەوە، تۆ چۆن ئەبێ بە شتی وا بڕوا بکەی؟ ئەمە هەر دەمەتەقێیەک بوو کردمان!

ئاغاکە وتی: بە سەری ئێوە هیچ چار نییە و کەوەکان شایەتیان لێ داون و خۆیشتان بە دەمی خۆتان وتتان، خوێنی ناهەق ناڕوا و ستەمی نابەجێ تا سەر نابێ. مەسەلی کوردی خۆمانە ئەڵێ: «زاڵم زەواڵی هەر بۆ ئەگا!» وەڵڵا نەیهێشت ڕۆژ ببێتەوە هەردووکیانی نا بە نیشانی تفەنگەوە. جا ئەمەیە ئەنجامی جەور و ستەمی ناهەق.