ساڵح قازی بۆی گێڕامەوە وتی موعەلیمێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  811 مشاهده

«ساڵح قازی» بۆی گێڕامەوە وتی: موعەلیمێکی وەکوو من، ڕۆژێک «داو»ی نابۆوە بۆ چۆلەکەگرتن دەوروبەری داوەکەی پڕ کردبوو لە «دان» و خۆی لە دوورەوە لێی دانیشت. چۆلەکەیەکی زۆر لە دەوروبەری دانەکە ببوونەوە دەستیان کرد بە چینەکردن. کابرا «کەڵەشێر»ێکیشی هەبوو، لەو کاتەدا کەڵەشێرەکەش هات و لەگەڵ چۆلەکەکانا دەستی کرد بە دانخواردن. مامۆستا ویستی کەڵەشێرەکە دەر بکا بۆ ئەوەی بەڵکوو چۆلەکەکان نزیکی داوەکە بکەونەوە ببن بە داوەکەوە، بەڵام نازانێ چۆن ئەم کەڵەشێرە دەر بکا، ئەگەر ئەڵێ «کش» چۆلەکەکان هەڵئەفرن، ئەکەر ئەبزوێتەوە و بەردی تێ ئەگرێ، دیسان هەر لەبەر چۆلەکەکان ڕێ ناکەوێ. وتی: «چاک وایە بە زمانێک قسە لەگەڵ کەڵەشێرەکەدا بکەم، کە چۆلەکەکان تێ نەگەن!» زمانەکەش ئەمە بوو وتی: «کاف، شین، کاف، شین، کاف، شین! شەک، شەک، شەک!»