پیاوێک هەبوو سەی عەولقادری ناو بوو خەڵکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  513 مشاهده

پیاوێک هەبوو «سەی عەولقادر»ی ناو بوو خەڵکی ئەو وڵاتی دزەییە بوو. ساڵێک هاتبووە بەغدا، بۆ ئیمامەتی لەشکر، کوڕێکی تریش لە بەغدا هەبوو، دوکانی بۆیاغچییەتی هەبوو، ئەویش هەر «سەی عەولقادر»ی ناو بوو، نەخوێندەوار بوو و خەتی ڕەش و سپی لێک جیا نەئەکردەوە، لەگەڵ ئەو سەی عەولقادرەی تر، ناسراویان هەبوو. ڕۆژێک پۆستەچی کاغەزێک دێنی، کە لە سەرەکەی نووسرابوو «مەولانا سەید عەبدولقادر» ئەیدا بە دەست ئەو سەی عەولقادری بۆیاغچییەوە، ئەمیش قاقەزەکە ئەدا بە یەکێ بۆی بخوێنێتەوە، پاشان سەیر ئەکا ئەوی لە قاقەزەکەدا نووسراوە پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، زانی کە ئەمە هی سەی عەولقادرەکەی ترە، قاقەز هەڵئەگرێ و کە سەید ئەچێتە لای قاقەزەکەی ئەداتێ. سەید، کە سەیر ئەکا قاقەزەکەی هەڵپچڕاوە، پێی ئەڵێ: لۆ ئەم قاقەزەت هەڵپچڕیە؟ ئەویش پێی ئەڵێ: «تۆ خۆت ئەزانی من نەخوێندەوارم، پۆستەچییەکە هێنای بۆ من و منیش ناوم سەی عەولقادرە، لام وا بوو هی منە، دام بە یەکێ بۆی خوێندمەوە، پاشان زانیم هی من نییە و هی تۆیە، ئیتر من چوزانم.» ئەویش ئەڵێ: «کو نازانیت هی تۆ نییە، مردیت مرێ! تۆ نابێ ئەقرت ببێ، ئاخر کو لۆ تۆ دەنووسن «مەولانا»؟ تۆ کەی مەولانای بویتە؟ تۆ خۆت و مەولانا لێک ناکەیتەوە؟!»