ئەڵێ شەیتان جارێک لەو بەرکێوە تووشی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  648 مشاهده

ئەڵێ شەیتان جارێک لەوبەر کێوە تووشی کابرایەکی «بێسەری» بوو، پێی وت: نایەیت تۆزێ دەمەتەقێ بکەین؟ کابرا وتی: با بیکەین. شەیتان زۆر شەکەت بوو و گەلێ سووڕابۆوە بە کابرای وت: برا با یەکتر هەڵبگرین. کابرا وتی: باشە، بەڵام مەرجەکەمان چۆن بێ؟ شەیتان وتی: قسەکەت باشە، تۆ من هەڵگرە و دەست ئەکەم بە گۆرانی. هەتا هەچ گۆرانییەک ئەزانم ئەیڵێم، کە هیچ نەما دائەبەزم و تۆ سوار بە، تۆش دەست بکە بە گۆرانی وتن خۆت تا دوایی دێ ئەو وەختە تۆش دابەزە!

کابرا وتی: باشە و ملی بۆ دانەواند و وتی: وەرە بچۆرە سەر قەڵادۆشکانم. شەیتان سوار بوو دەستی کرد بە گۆرانی وتن، ماوەیەک بەمجۆرە سووڕانەوە، ئاهەنگەکەی هەموو وت و پاشان وەستا کابرا وتی: ئەوە بۆچ دەنگت نایە؟ وتی: «وەڵڵا ئیتر هیچ نەما» وتی: کە واتە دابەزە نۆرەی منە.

شەیتان دابەزی و کابرا چوووە سەر شانی و دەستی کرد بە گۆرانی وتن: «حەیولانێ، هەی حەیولانێ حەیولانێ، هەی حەیولانێ.» هەر وتی و هەر نەبڕایەوە! شەیتان بە تەواوی پرزەی لێ بڕا، حەو جار دەوری دنیای دایەوە. «حەیولانێ» هەر دوایی نەهات! وتی: ئەرێ ئەوە تۆ چیت کرد؟ ئەم گۆرانییە هەر دوایی نەهات؟! کابرای کوردە وتی: لە کوێتە، ئەمە جارێ ئەوە هەر «حەیولانێ»یە، تڕحێو، تڕحێوەکەی هێشتا لە دواوەیە! شەیتان وتی: کاکە نە لە من دەنگ و نە لە تۆ دەنگ وەرە دابەزە و بچۆ بە ڕێی خۆتەوە، لەمە زیاتر ئیتر مەمگێ، ئیشم زۆرە، عالەم و زاڕۆڵەکانم بێ‌خاوەن ماونەتەوە!