پیاوێکم لابوو لە بەغدا مام پیرداود مان...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  602 مشاهده

پیاوێکم لابوو لە بەغدا «مام پیرداود»مان پێ ئەوت، خەڵکی «دیبەگە»ی دەشتی دزەیی بوو، پیاوێک بوو بە دوو بارا هەژار بوو، ئەوی خوا عەرەبییشی دانابێ ئەو نەیئەزانی. ئەو سەردەمە بوو، کە حاجییەکانی کوردەواری ئەهاتن ئەچوون بۆ حەج. دیارە ئەمانە بە «بەغدا»دا تێئەپەڕن، ئەمانەش کە دێن، خۆت ئەیزانی، بە تایبەتی کە هاوین بێ، زۆرتریان دزداشەیەک لەبەر ئەکەن و پشتێنێکی بە سەرەوە ئەبەستن و حەمایلەکەیان ئەخەنە ملیان و دیارە جەمەدانییەکیشیان بە سەرەوەیە، ڕاستی پیاو ئەمانە بە حاجی نازانێ، بەڵام با حاجی بن!

مام پیرداودی لای منیش ئێوارە وەخت بوو. دزداشەیەکی سپیی تازەی لە بەرا بوو، جامانە ڕیشوەدارەکەی بە دەور سەرەوە بوو، لە چەقی بەردەرگای مزگەوتەکەدا لەسەر چیچکان دانیشتبوو، جگەرەیەکی قامیشی بە لالێوەوە بوو، جگەرەکەی ئەکێشا و سەیری ئەو عالەمەی ئەکرد، کە ئەهاتن و ئەچوون! هەندێ کەسیش هەن لە بەغدا، قاوەی دەستگێڕ ئەگێڕن، تووشی هەر کەسێ ئەبن، ئەیدەنێ و پارەی لێ ئەسێنن، بڕوات ببێ سواڵ گەلێ باشترە لەو ئیشەی ئەوان. ئەوەندەم زانی کابرایەکی ڕەشی پیسی شڕی چڵکنی گرژن جەزوەیەکی قاوەی بە دەستەوەیە لە دوورەوە «مام پیرداود»ی بەدی کرد و بۆی کشا، لە باوەڕی ئەوا ئەم حاجییە و هاتووە بۆ حەج ئەچێ، هیچ نەبێ شتێکی لێ ئەبەستێتەوە! هات و لە بەردەم «مام پیرداودا» تەقەیەکی لە فنجانەکانەوە هێنا و قاوەیەکی تێکرد و لەبەردەمیا ڕایگرت. مام پیرداودیش هیچ سێ و دووی لێ نەکرد و وەری گرت و خواردیەوە. فنجانەکەی دایەوە دەست کابرا، جگەرەکەی نەفەسێکی مابوو، نەفەسەکەی لێ دا و تا ئەم ئەمەی کرد کابرا قاوەیەکی تریشی بۆ تێکرد و ئەویشی وەرگرت و خواردیەوە.

ئەم قاوەچییانە ڕەوشتیان وایە لە قاوەی یەکەم و دووهەمدا ئەگەر کابرا نەیوت بەسە، بۆی ئەکەن بە سێ فنجان و ئیتر بۆی تێ ناکەن، جا لەبەر ئەوە کە «مام پیرداود» نەیوت بەسە کابرا قاوەی سێهەمیشی بۆ تێ کرد، ئەویش وەری گرت خواردیەوە و فنجانەکەی دایەوە دەستی.

کابرا ئیتر ڕاوەستا و چاوەڕێی ئەوە ئەکا، کە هیچ نەبێ مام پیرداود حاجییە، دەست بەرێ پەنجا فلسی بداتێ، خۆ مام پیرداودیش ئەسپێ لە گیرفانیا فەتاح پاشا ئەکا، هەر نازانێ دنیا چ باسە. کابرا، کە سەیری کرد هیچ دیار نییە و زۆریش وەستا، ڕووی کردە مام پیرداود و وتی: «عمی اشو ما تلعب ايدك؟عربی» واتە: مامە وەکوو ئەتبینم دەستت ناخەیتە کار. مەبەستی ئەوە بوو یانی دەست ناکەی بە گیرفانتا پارە دەربێنی!

مام پیرداودیش هیچ چۆنیەتی دانیشتنەکەی تێک نەدابوو و نەشیئەزانی کابرا ئەڵێ چی. سەرێکی بۆ بەرز کردەوە و وتی: چ دەرێ؟ کابراش نەیئەزانی ئەم ئەڵێ چی، هەر ئەیوت: «عمی اشو ما تلعب ايدك؟!عربی»

لەو وەختەدا مام پیرداود دەستی برد کیسە توتنەکەی لە پشتێنەکەی کردەوە، پەڕەیە بەرماخی دەرهێنا و ئەغزە کۆنەکەی کردبوو بە پێچی جامەدانەکەیا، ئەویشی هێنا، لەبەر ئەوەی قاوەی خواردبۆوە ئارەزووی جگەرەی بوو، دەستی کرد بە جگەرە تێکردن! کابرای قاوەچی، کە ئەمەی چاو پێکەوت دەستێکی ڕاوەشاند و وتی: «انی اقول هيچی تلعب بيدكعربی» واتە ئەڵێم وا تۆ دەستت بخەیتە کار؟ ئەمیش هەر ئەیوت: چ: دەرێی؟!

کابرا سەیری کرد هیچ کەڵکێک لەمە وەرناگرێ، قاوەکەی لە دەست دەرچوو، زۆریش ماتڵ بوو و سەری خۆی حیز کرد و بە بۆڵەبۆڵ لێیدا ڕۆیشت، لەبەر ئەوەی چاوی لە خەڵکی ترەوە بوو، نەیشیوێرا جەمەدانەکەی لەسەر بکاتەوە. لێرەدا سەیرتر ئەوە بوو وەکوو کابرا ئەڵێ: ئاش لە خەیاڵێک ئاشەوان لە خەیاڵێک. کابرای قاوەچی لای وا بوو نێچیرێکی قەڵەوی دەست کەوتووە و ئێستا بەبێ قڕە پارەیەکی باشی لێ دەست ئەکەوێ. مام پیرداودیش لای وا بوو، لە دیوەخانەکەی «سلێمان ئاغا»دایە لە «دیبەگە»یە. کابرای قاوەچیی ئاغا قاوە بەسەر کرمانجەکانا ئەگێڕێ! ئیتر هیچ ئەوەی بە دڵا نەئەهات، کە ئەمە «بەغدا»یە و ئەبێ پارە بدات.

تەنانەت لە پاشا من پێم وت: بۆچ ئەو قاوەت وەرگرت؟ وتی: لۆ؟ وتم: ئاخر ئەبێ پارە بدەیت. وتی: کو ئەبێ پارەش بدەم؟! وتم: ئەی بۆچ سێبەری بن ئەشکەوتە؟ وتی: کو خۆ لە کن خۆمان چ پارە و مارە نینە، جا من پارەم لە کوێ بوو بیدەم! وتم: کە واتە زۆر چاکە!