حەسن بەگی عەلی بەگی جاف بۆی گێڕامەوە وتی...
حەسن بەگی عەلی بەگی جاف بۆی گێڕامەوە وتی:
دوو تیرە لەو سەرە هەن، یەکێکیان «کاک سەوەنی» و ئەوی کەیان «قەمەری»یان پێ ئەڵێن. تۆزێ ناکۆکی هەبوو لە بەینیانا، سمایلێکی «بامۆکی» هەبوو مەلای «سلێمان خان»ی سەرۆکی عەشیرەتی ئەم کاک سەوەنییە بوو، مەلا نوێژی بۆ ئەکردن و بە منداڵەکانیشیانی ئەخوێند.
کورێکی ئەم سلێمان خانە هەبوو لای مەلا ئەیخوێند، هەر لە «ٲ، ب، ت»وە دەرسی پێ وت تا گەیشتنە «والشمس والقمرعربی». کە ئەگەنە ئەوێ کوڕە، مان ئەکا و نایڵێت، مەلا ئەڵێ: بۆچ دەنگ ناکەی؟ کوڕە ئەڵێ: مامۆستا تۆ نانی باوک و عەشیرەتی من ئەخۆیت، کەچی عەشیرەتی قەمەریت بەلاوە گەورەترە و ئەوان سەر ئەخەی بەسەر ئێمەدا؟! مەلا زۆر سەری سووڕ ئەمێنێ، ئەڵێ: ئەمە مانای چییە؟ ئەڵێ: ئەی ئەوە نییە تۆ ناوی قەمەری دێنێ لە «قورئان»ا و هیچ گوێ بە ئێمە نادەی!
مەلا ئەمجا تێ ئەگا و ئەڵێ: ڕۆڵە ئەمە بە دەست من نییە و ئەمە «قورئان»ە، خۆ من دام نەناوە. هەرچەند قسە ئەکا، کوڕە ناچێ بە گوێیدا و نایڵێ و ئەچێ بۆ شکات بۆ لای باوکی! کە باوکی تێ ئەگەیەنێ، باوک خراپتر!، مەلا بانگ ئەکا و پێی ئەڵێ: تۆ نانخۆر و بەرگدڕی منی، کەچی ناوی «قەمەری»ی سەگباب دێنی و ناوی کاک سەوەنی بەو نەجیمی و پیاوەتییەوە ناهێنی لەو «قورئان»ەدا کە بە کوڕەکەمی ئەڵێیت، دەسا هەر سێ تەڵاقی ئەم «سلێمان خان»ە کەوتبێ! ناوی کاک سەوەنیش نەخەیتە «قورئان»ە وە بە گوللەیەک ساردت ئەکەمەوە، هەی بکەم وەقنگ دایک خۆت و تەغارێک عەشرەتتەوە!
مەلا ئیتر دەمی ئەبێ بە تەڵەی تەقیو و هیچی پێ ناوترێ، هەر ئەوەندە نەبێ کە ئەڵێ: خان، ئەمە فەرمایشتی خوایە، من چۆن دەستی لێ بدەم، خۆ بە دەست من نییە. خان پێی ئەڵێ: من ئەمانە نازانم هەر ئەوەیە کە پێم وتویت! مەلا ناچار ئەچێت قورئانەکە دێنێتە پێشەوە و تیایا ئەنووسێ «والشمسی و کاک سەوەنی والقمر» و بەیانی کوڕە، کە دێتەوە بەمجۆرە پێی ئەڵێت! کوڕە لە خۆشیانا پێی ناکەوێتە عەرز، ئەچێتەوە بۆ باوکی ئەگێڕێتەوە، باوکی ئەنێرێ بە شوێن مەلادا و خەڵاتێکی باشی ئەکا.
ئەمجا مەلا ئەڵێ: خان! من هەر بەمەوە ناوەستم، هەر ئێستا ئەنێرم هەرچی «قورئان» هەیە بیهێنن و هەمووی ئەکەم بە «والشمس و کاک سەوەنی والقمر!». خان بە جارێ لە خۆشیانا شێت ئەبێ و ئەنێرێ دوو ئەوەندەی تر خەڵاتی مەلا ئەکەن.