کابرایەکی خۆشناو خەڵکی گوندی کونە فلوسە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  998 مشاهده

کابرایەکی خۆشناو خەڵکی گوندی «کونە فلوسە» بوو، گەلێ کەسی کوشتبوو، ڕۆژێک لە «کۆیە» زەفتییە بە گیری دێنن نەک بەو ناوەوە، کە خەڵکی کوشتووە، چونکە ئەو دەستەیە نەیانئەزانی ئەمە ئەوە، بەڵکوو بۆیە هەڵیان پێچابوو بیبەن بۆ «سخرە». لە کابراش وایە بۆیە تێی ئاڵاون ناسیویانە، کە ئەمە ئەوە خەڵکی کوشتووە، دەستی کردبوو بە پاڕانەوە لە زەفتییەکان بۆ ئەوەی بەرەڵڵای کەن. حاجی ڕەسووڵێکی کۆییش هەبوو، لەو وەختەدا بەسەرا ئەچێ پیاوێکی بەزمان و لێهاتوو بوو، کابرای خۆشناوەی ئەناسی، چووە بن دەست زەفتییەکانەوە و پێی وتن: ئێستا ئێوە ئەم کابرایەتان بۆ «سخرە» ئەوێ و ئەویش ماڵ و منداڵێکی وردی هەیە، ئەو بەرەڵڵا کەن و من لەباتی ئەو بگرن. بە هەر جۆر بوو زەفتییەکانی ساز کرد و کابرایان بەرەڵڵا کرد، کابرا هەر کە لە دەستیان دەرباز بوو، ئیتر وەکووو موورووی مار خۆی ون کرد. حاجی ڕەسووڵیش دەنگی نەکرد تا کابرا لە چاو ون بوو، ئنجا ئەویش ملی ڕێی گرت و ڕۆیشت، زەفتییەکان ویستیان بیبەن، پێی وتن: مردووتان مرێ، شێت بوون، بردنی چی؟ بێنن دوو بدەن لەمە! ئەویش خۆی نەدا بە دەستەوە و ڕۆیشت. حاجی ڕەسووڵ بۆ ساڵی دوایی چوو بۆ «کونە فلوسە» بۆ دار گوێز کڕین، دارێکی کڕی و کرێکاری خستە سەر بیبڕێتەوە، ئەم دارە لق و پۆپەکەی بەسەر ماڵێکا شۆڕ ببۆوە، کە ئەیانبڕیەوە حەیشی بە ماڵەکە تاڵ کردبوو، ژنی خاون ماڵ بانگی کرد لە مێردەکەی وتی: ئەرێ هیزە ئەوە بۆ چاری ئەو سەگبابانە ناکەی؟ خۆ حەیشیان پێ تاڵ کردین! مێردەکەشی دەست ئەداتە تفەنگ و دەرئەپەڕێ. تومەز ئەم ماڵە ماڵی کابرای پارەکە «حاجی ڕەسووڵ» لە دەست زەفتییەکان ڕزگاری کردبوو! کابرا هەر کە دێتە دەرەوە و چاوی بە «حاجی ڕەسووڵ» ئەکەوێ، لە شوێنەکەی خۆی سارد ئەبێتەوە، ژنەکەش لە خوارەوە هەر قسەی ئەکرد و جنێوی ئەدا و بانگی پیاوەکەی ئەکرد کە ما چاریان ناکا! ئنجا کابرا ڕووی کردە ژنەکەی و بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد و وتی: «کچێ وس بە، ئەوە حاجی ڕەسووڵە حاجی ڕەسووڵ، ئەگەر ئەو نەبا جارێکی کە ئەو جووتە گوونانەت بەر قونان نەدەکەوت، دە ئیتر وس بە».