کورێکی هەرتەلی لەو خۆشناوە ژنێکیان لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  653 مشاهده

کوڕێکی «هەرتەلی» لەو خۆشناوە، ژنێکیان لە بەری «کۆیە» بۆ مارە کردبوو، ڕۆژێک کوڕە هەڵئەسێ دوو گوێدرێژ بار ئەکا لە مێوژ و دۆشاو ئەچێ بۆ ماڵی دەزگیرانی، کە ئەگاتە ئەوێ خەسووەکەی لە دوورەوە چاوی پێ ئەکەوێ و دێتە پێشوازی و گەلێ بە دەوریا دێت و ئەیباتە ژوورەوە، بەڕەیەکی پاک و خاوێنی بۆ ڕائەخا و پێی ئەڵێ: کوڕم لەوێ دانیشە. خۆی ئەچێ بە لای تاقەتکردنی وڵاخەکانەوە.

کە دێتەوە تەماشا ئەکا کوڕەکە بەڕەکەی هەڵداوتەوە و لە سەر زەوییەکە، بە ڕانکە شڕەکەیەوە دانیشتووە، پێی ئەڵێ: کوڕم ئەوە من بەڕەم بۆ تۆ ڕاخستووە لەسەری دانەنیشتوویت؟ کوڕە ئەڵێ: بەخودای دایە قونانم بڕە مووی پێوەنە، ڕایەم ناکەوێ لەسەر بەڕەکی دانیشم. خەسووەکەی سەرێکی بۆ با ئەدا و ئەڵێ: دەک موبارەک نەبێ بۆ خۆم و زاوام. کوڕە گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان و لە پاش ماوەیەکی تر برایەکی لە خۆی گەورەتری هەبوو، دایکەکەی پێی وت: دە کوڕم تۆش بچۆ سەرێک لە ماڵی خزمێکمان بدە و شتێکیشیان بۆ بەرە، ئەویش هەستا بارێک دیاری دایە پێش و چوو بۆ ماڵی دەزگیرانی برای.

ئەمیش کە گەیشتە ئەوێ، ئامۆژنی هات و پێشوازی کرد و ڕایەخی بۆ ڕاخست و دانیشت، پاش بەخێرهاتن و چاک و چۆنی، گلەیی براکەی لا کرد وتی: من ڕایەخم بۆ ڕاخستووە و پێم وتووە دانیشە، کەچی ئەو وای جواب دامەوە، ئەمە ئەقڵە ئەو هەیەتی؟ کوڕەی براش سوور بۆوە و تووڕە بوو و وتی: دەک لە قوڕێم نا، دەسا وەڵڵا دوو جارم گایە، چ بڕ مووی بە قونانەوە نییە، وەکوو کسۆکی درۆی کردینە. خەسووەکە، کە گوێی لەمە بوو وتی: بەهـ هەتەر مەتەر ئەم لەو بەدتەر.

ئەویش گەڕایەوە، بۆ ماڵەوە و پاش بەینێکی تر باوکی کوڕە بە دەستووری ئەو وڵاتە ئەویش هەستا و دوو گوێدرێژی دایە پێش و چوو بۆ سەردانی بووک، کە گەیشت، خەسوو هات بە پیریەوە و داینا و پاش حەسانەوە شکاتی کوڕەکانی لا کرد، کابراش وتی: ئەو هەتیمە بیژییە، گچکەکەیان هیچ، بەرا داخی کوڕە گەورە لە درا منە. وتی: بۆچی؟ وتی: ئەوی ڕۆژی کەران دەگێم ئەو بیژیە دێ پخەی لە کەران کرد، کیرم دە دوڕ قۆزی کەرێ حاسی بوو، ئەویش لۆ خۆی پێدەکەنێ. ژنە ئەڵێ: گوڵمە، گوڵمە ئیشێکی باشمان کرد کچی چاکمان دا بە شوو.

کابراش ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە پاش چەند ڕۆژێک ئنجا دایکی زاوا هەڵئەستێ بە بارێ دیارییەوە ئەچێ بۆ ماڵی بووکێ بۆ سەردان، دایکی بووک زیاد لە هەموویان بە دەوریا دێت و پاشان ئەکەونە ڕاز و گلەیی و هەموو قسەکانی بۆ ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ: شکاتم بردە بەر خاڵە مستۆی باوکیان، کەچی ئەویش ئاوای وت. دایکی زاوا وتی: توخوا واز بێنە، داخی باو زۆر گەورەن لە دڵا من. دایکی بووکیش وتی: بۆچی؟ وتی کچێ ئەوا کوڕوکاڵا دێ هەموو بە من خەنی دەبن، کەچی ئەویش دەچێ جاشکانی دەگێ. ژنە گوتی: دە خوا پێمان ڕەوا بینێ ئەم خزمایەتییە تازەمان!