کابرایەک هەبوو لە سنە شێخ تەیمووری ناو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  645 مشاهده

کابرایەک هەبوو لە سنە «شێخ تەیموور»ی ناو بوو، ئەم شێخ تەیموورە پیاوێکی گاڵتەچی و قسە قوت بوو، دیوەخانگێڕی خەسرەوخانی کوڕی ئامانەڵڵاخانی والی و مووچەخۆری والیی ئەردەڵان بوو، گۆیا ئەم «شێخ تەیموور»ە دەستی پاشبازی هەبووە لەگەڵ شێخ ژنیا!، لەبەر ئەمە ژنەکەی هەڵئەسێ ئەچێتە لای «ماهـ شەرەف خانم» خانمی ژنی خەسرەوخان، شکاتی لێ ئەکا، ماهـ شەرەف خانمیش بانگی ئەکا و گەلێ قسەی پێ ئەڵێ و لە ئەنجاما شاربەدەریشی ئەکا، شێخ ئیتر چاری نامێنی پڕ و پریاسکەی خۆی چی ئەبێ لەناو ماڵا، کۆی ئەکاتەوە ئەیخاتە تاکی خورجێک و ئەیخاتە سەر گوێدرێژێک و لێی ئەدا لە شار ئەچێتە دەرەوە، تا بزانێ بەڵکوو خوا دەروویەکی لێ ئەکاتەوە.

دیارە خورجەکە لەبەر ئەوەی لاسەنگ ئەبێ، لەسەر پشتی کەرەکە ڕاناوەستێ، شێخیش خێرا خێرا هەر ئەیخاتەوە سەری و بە دەستییەوە بە هیلاک ئەچێ! ماهـ شەرەف خانم لە پەنجەرەوە چاوی لێ ئەبێ، زۆر بە لایەوە سەیر ئەبێ، بانگی لێ ئەکا ئەڵێ: شێخ تەیموور تۆ شێت بوویت، چۆن ئەم شتومەکانە ئەخەیتە یەک تای خورجەکەوە؟ نازانی لاسەنگ ئەبێ و ڕاناوەستێ؟ بیخەرە هەر دوو تاکەکەیەوە تا نەکەوێ. شێخ ئەڵێ: خانم نازانم قوڕی کوێ بکەم بە سەرما؟ ئەی تۆ لەسەر ئەوەی کە خستوومەتە هەردوو تاکەکەیەوە شاربەدەرت نەکردم؟! ئاخر نازانی من لەبەر ئەوە کە لاسەنگ نەبێ بۆیە وام ئەکرد. ئیتر ماهـ شەرەف خانم پێئەکەنێ و ئەڵێ: دەک بە لەعنەت بی بۆ خۆت و وەڵامت و کردەوەت! ئیتر فەرمانی دا بە گێڕانەوەی.