مەلا قادری بیارە زاوای شێخ ڕەزای...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  697 مشاهده

مەلا قادری بیارە زاوای شێخ ڕەزای عەبابەیلە ئەبێ. شێخ ڕەزا نوێژ ناکات، مەلا ئەفەرموێ: یاشێخ تۆ سەیدیت و ڕیشت سپییە و خەزووری منیشی، چۆن ئەبێ نوێژ نەکەی؟ نابێ، ئەبێ هەر بیکەی. ئەویش ئەڵێ: مەلا نوێژم پێوە نایە، بە خەزوور خەزوور مەمگێ! مەلا هەر وازی لێ ناهێنێ، تا ئاخری هەڵی ئەگرێ و ئەو شەوە ئەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژ.

نوێژ دائەبستن و شێخ لەو وەختەدا ئەچێ بۆ «سجدە»، بۆ نەگبەتی، دووپشکێک پێوەی ئەدا! لە تاو ژانی دووپشکەکە کتوپڕ بایەکی گەورەی لێ بەر ئەبێ! زۆر تەریق ئەبێتەوە نوێژەکە ئەبڕێ و دەست ئەکا بە جنێودان بە مەلا و ئەڵێ: من ئەڵێم نوێژم پێوە نایە ئەو هەر ئەڵێ نوێژ بکە، لای وایە مارەیی دایکی بە سەرمەوەیە!