شتی چۆن ڕوو ئەدا! تازە شەمەندەفەردا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  733 مشاهده

شتی چۆن ڕوو ئەدا!

تازە شەمەندەفەر داهاتبوو، کابرایەکیان کردبوو بە مەئمووری سەر چواردەڕێیانی شەمەندەفەرەکە، دوو بەیداخیان دابوو دەست و فیقفیقەیەکیش بە لا قەدیەوە بوو، کە شەمەندەفەرەکە لە دوورەوە ئەهات و بۆڕەکەی خۆی لێ ئەدا، ئەم کابرایە ئاگاداری ئەبۆوە، ئەمیش فووی ئەکرد بە فیقفیقەکەی خۆیا و بەیداخەکانی ڕائەوەشاند بۆ ئەوە ڕێگەی خەتی شەمەندەفەرەکە بەرەڵا بکرێ.

جا ئەم کابرایە ژنێکی عەرەبی هێنابوو، بە شەو کە ئەنووستن بیلامانی بۆنی «تس» زۆر بوو. کابرا بە ژنەکەی ئەوت تۆیت. ژنەکەش ئەیوت: من نیم تۆیت. ئاخر قسەیان هاتە سەر ئەوە کە یەکی «پشقل»ێ بخەنە قنگیانەوە ئەگەر دوابڕاوەکە هات پشقلەکە دیارە دەرئەپەڕێ و ئەو وەختە دەرئەکەوێ کە کامیانن.

لەسەر ئەم «تەکبیر»ە سەر و پشقلیان خستە قنگیانەوە و نووستن، شەوێ کە کابرا خەبەری بۆوە سەیری کرد پشقلەکەی دەرپەڕیوە و نەماوە. لە ترسی ئەوەی کە دواجار ژنەکەی پێی بڵێ؛ دیارە بۆنە پیسەکە هی تۆیە، دەستی گێڕا بۆ پشقلێکی تر کە بیخاتە خۆیەوە و ڕزگاری ببێ. چاوی بە خەوەوە بوو. هەروا دەستی ئەکوتا کتوپڕ فیقفیقەکەی بەردەست کەوت، لای وا بوو پشقلەکەیە، تەپانیە خۆیەوە و نووست، زۆری پێ نەچوو کابرا تسی هات، و لە دەنگی فیقفیقە خەبەری بۆوە، لای وا بوو ئەوە شەمەندەفەرە هات، هەر خێرا ڕاست بۆوە دەستی دایە بەیداخەکان و دەستی کرد بە باڵ ڕاوەشاندن و بەیداخ هەڵتەکاندن. فیقفیقەش لە ژێرەوە هەر خەریکە، ژنەکەی خەبەری بۆوە سەیری مێردەکەی کرد پێی وت: ئەوە بۆچ وا ئەکەی؟ وتی: ئاخر ئەوەتە شەمەندەفەرە هات، وتی کوڕە شەمەندەفەری چی؟ تسەکەی خۆتە ئەم گیز و هوڕەی ناوەتەوە.