مەلا تۆفیق حاجی برایم لە سولەیمانی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  829 مشاهده

«مەلا تۆفیق حاجی برایم» لە سولەیمانی گێڕایەوە و وتی:

کابرایەک لە دێی «ئاوکورتێ» هەبوو، ویستی ژن بێنێ، هەر چۆنێ بوو ئافرەتێکیان بۆ دۆزییەوە و هێنای. شەوێ کە چووە لای بۆ ئەوەی ببێ بە زاوا، ڕوانی ئافرەت دانە چیڕیەتی و ژان ئەیگرێ! کابرا تووڕە بوو، مووی سمێڵی ڕاست بۆوە و ویستی ژنە بکوژێ، ئافرەت کە بەمەی زانی پێی وت: پیاوەکە ئەمە کاری خوایە، تۆیش نابێ لە کاری خوا لاریت بێت، ڕاوەستە با منداڵەکەمان ببێ. لە پاش ئەوە خوا -کوڕێکی دا!! شەوێک کە دەوریان چۆڵ بوو، پیاوەی دانا و بۆی باس کرد. وتی: پیاوەکە! لە بیرتە ئەو ساڵە کە شێخ تەشریفی هات، ڕۆحم بە ساقەی بێ، فەرمووی نابێ کەس دەس لە کاری خوا بدا، وە هەرچی بە چاو نەیبینن باوەڕی پێ مەکەن. بەم قسانە کابرای سارد کردەوە جوان گوێی بۆ شل کردبوو، ئەمجا ئەم بەندانەی بە سەردا هەڵدا.

شام و شیراز و شیتر
کاردوو و گێلاخە و کەنگر
مانگێکیان ناوت بردم
دوو مانگیش ئاموشۆت کردم
دوو مانگ و نیو دەستگیران
دوو مانگ و نیو خەنەبەننان
نۆ ڕۆژیش زەماوەندت بۆ کردم.

ئەمە نۆ مانگ و نۆ ڕۆژەکەی! توخوا پیاوەکە بەس نەبوو شەیتان ئەم تاوانەی پێ نەکردی کە خۆم و منداڵەکەم بکوژی! کە ئەمەی وت کابرا هەڵسا و پەلاماری دەستی ژنەی دا و ماچی کرد و وتی: بە خودای ژنی زیرەک و عاقڵ بەکەڵکە، ئافەرین ژنەکە بۆ تۆ، کە منت لەم تاوانە گێڕایەوە.