ئەڵێن یەکێک کە ئەکەوێتە نزگەرەکردن

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  1299 مشاهده

ئەڵێن یەکێک کە ئەکەوێتە «نزگەرەکردن» و هەر لە کۆڵی نابێتەوە، ئەگەر کتوپڕ لە ناکاو خەبەرێکی ناخۆشی بدەنێ، نزگەرەکەی لە کۆڵ ئەکەوێ.

ئەڵێن منداڵ بە کۆرپەیی نینۆکی بکرێ، دز دەرئەچێ.

ئەڵێن منداڵ کە تازە پەیدا ئەبێ و دایکەکەی زەیستانە، تا چل شەو، چرای بە ژوورسەرەوە دائەگیرسێنن.

لەناو ئەو کوردەوارییەدا باوە، منداڵی -تا دوو ساڵان- ئەگەر هات و زۆر گریا، یا هەموو جار کتوپڕ ڕاچەنی لە خەو، ئەڵێن ئەمە گۆیا ترساوە، بۆ ئەم ئیشە دێنن «قوڕقوشم» ئەتوێننەوە، جامێکی خاڵی لەسەر سەری منداڵەکە ڕائەگرن و قوڕقوشمە تواوەکەی -بەو نیازە کە ترسەکەی لاچێ- تێ قڵپ ئەکەنەوە ئیتر ترسی منداڵەکە لائەچێ و گۆیا قوڕقوشمەکەش کە مەیی، ئەبێ بە وێنەی ئەو شتەی کە منداڵەکە لێی ترساوە!

ئەڵێن منداڵ کە تووشی نەخۆشی «مانگ» بوو، جامێ ئاوی لەسەر ڕائەگرن و حەو پشکۆی تیا ئەکوژێننەوە نەخۆشییەکەی ئەڕوا.

ئەڵێن بە گسک لە منداڵدان تەمەنی ئەو منداڵە کورت ئەکاتەوە.

ئەڵێن یەکێک ئەگەر «موو» لە پەنجەی هات. «گا»یەک بێنن کونە لووتێکی گاکە بگرن و کابرا پەنجەکەی بکا بە کونە لووتەکەی تریا و گاکە هەڵی بمژێ، نێرکەکەی لە بن دێت و چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێک «دڵۆ» لە پەنجەی هات، ئەنگوستیلەی پۆڵا بکاتە ئەو پەنجەیە، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێک ڕتووبەت و ژان و با کەوتە شوێنێکی لەشییەوە، خوریی نەشۆراوی لێ بنێ و بە شتێک بیپێچێ، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن «بنێشتە تاڵ» و «زاخ» تێکەڵاو بکرێن و بیسوون بە پارچە پەڕۆیەکا و بیخەنە سەر ئەو شوێنەی کە بادارییەتی، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەو شوێنەی کە ژان و بای لێیە، گەڵای «بناوەتۆ»ی لێ بنێن چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن شوینێک لە لەشی ئینسانا -کە ژان و بای تێدابوو «بنێشتە تاڵ»، «ڕۆن گەرچەک و مێو»، «مۆمی هەنگوین» ئەمانە پێکەوە جوان بکوڵێنرێن تا ئەبن بە مەڵحەم، ئەو وەختە لێی بدا چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن یەکێ کە چاوی هاتە ژان، زاخ لەسەر تەپاڵە کێویلە ئەسووتێنی و لە پاشا لەگەڵ شەکرا ئەیسوێتەوە و تێی ئەکا چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ «هەزارپێ» چووە گوێچکەیەوە، دێنن «هەزبیە» و «مەرزە» و «ئاڵەت» و «زەردەچەوە» پێکەوە ئەکوتن و ئەیسوونەوە، ئەمجا لەگەڵ گۆشتا ئەیکوتن و پانی ئەکەنەوە و ئەیخەنە سەر ئەو گوێیەی کە هەزارپێکەی تێچووە، بە بۆنی ئەوانەوە ئیتر دێتە دەرەوە.

ئەڵێن زەردێنەی هێلکە دێنن ئەیسوون بە هەردوو بەرە لەپا و دەست بە یەکا دێنن، تا وردە وردە زەردێنەی هێلکەکە توند ئەبێتەوە و وەکوو پڕپۆڵە هەڵئەوەرێ، ئەمجا دێنن ئاردی گەنمە بەهارە، ئاوی «هەمیشەجوان» -کە گیایەکە- ئاوی ڕکێشە، کەرەی مانگا، ڕۆن گەرچەک، ئەمانە تێکەڵاو ئەکەن پێکەوە، ئەیانشێلن تا ئەبن بە مەڵحەم، ئەو وەختە ئەیخەنە سەر ئەو برینانەی کە زۆر کاریگەرن، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەو شوێنەی گوللەی بەرکەوتبێ، یا بە خەنجەر لێدرابێ یا کابرا لە شوێنێک کەوتبێتە خوارەوە زام و برینێکی زلی تێ بووبێ و خوێنەکەی نەوەستێتەوە و چاک نەبێتەوە، بێنن لە پێشا هەنگوین بخەنە سەر برینەکە خوێنەکەی ئەوەستێتەوە، پاش ئەوە «هەوژە» و «بەڕژەف» -کە ئەمانە دوو گیان- لەگەڵ «مێو -مۆمی هەنگ» و «بنێشتەتاڵ» تێکەڵاو بکڕی و ببێ بە مەڵحەم و بخرێتە سەری چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن هەر برینێک کە زۆر سەخت و گران بێ، بە ئەندازەی قاپێک ڕۆن گەرچەک بێنن، بە ئەندازەی هێلکەیەک کبریتی زەرد بخەنە ناویەوە، لەناو مەنجەڵ یا دیزەیەکی تۆزێ فراوانا بیانکوڵێنن، ئەوەندە بکوڵێنرێ تا کبریتەکە ڕەش دائەگەڕێ پاش ئەوە دایبگرن تا سارد ئەبێتەوە، ئەمجا برینە کونبووەکە بە فتیلە ئەو مەعجونەی تێ هەڵکێشن، وە ئەگەر هەر برینی ڕواڵەتی بوو مەعجوونەکەی لێ بدەن و بیپێچن، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن «ڕیشەی زریشک» بهێنیت پاکی بکەی، پاشان بیکوتی، بو ئەمە شی ببێتەوە و ئەمجا بیکوڵێنی جوان جوان تا هیچ هێزی تیا نامێنێ، ئەو وەختە تڵفەکەی فڕێ دەیت و دیسان ئاوەکەی بخەیتەوە سەر تا ئەوەندە ئەکوڵێ هیچ ئاوی تیا نامێنی، مەگەر تەنها مەعجوونی ڕۆحی گیاکە نەبێ، ئەمجا بێنی تۆزێ لەو مەعجوونە بخەیتە سەر هەر برینێک کە خوێنی نەوەستێتەوە، خوێنەکەی ئەوەستێنێتەوە بە یەک دوو دەست برینەکەش چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن گیایەک هەیە پێی ئەڵێن «ئاڵەتە کێویلە»، بیهێنی و بیکوتی، بیخەیتە سەر ئەو شوێنەی کە ژان و بای تیایە لە لەشی پیاوا، شوێنەکەی ئەکا بە برین و هەچ ژان و بایەک هەیە لەو شوێنەدا لە برینەکەوە ئەیکێشێ، پاشان برینەکەش چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەو گیایەی کە پێی ئەڵێن «ئاڵەتە کێویلە» بیهێنی و بیخەیتە سەر «بالووکە»، ئەیسووتێنێ و هەچ بالووکێکی تر لەشا هەبێ هەمووی لا ئەبا.

ئەڵێن جانەوەرێک هەیە سوور و بچکۆلەیە، پێی ئەڵێن «گوێرەکەسوورە» ئەو گوێرەکەسوورەیە بهێنی و بیگووشیتە سەر «بالووک» زیچکاوێک لە قینگیەوە دەرئەچێ بە هۆی گووشینەکەوە، ئەو زیچکاوە بچێتە سەر بالووکەکە، ئەو بالووکە و هەچ بالووکێک لە لەشایە هەمووی چاک ئەبێتەوە.