ژنێک بوو لە ئیسیاوا شەوێک دەم ئەنێتە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1002 مشاهده

ژنێک بوو لە «ئیسیاوا»، شەوێک دەم ئەنێتە کانییەک ئاو بخواتەوە، بە دەم ئاوخواردنەکەوە «مار»ێک ئەچێتە ناو سکییەوە. هەرچەند ئەملا و ئەولایان پێ کرد هیچ کەڵکی نەبوو. پیاوێک هەبوو لەو دێیەدا «نوورە»ی ناو بوو، دەستی حەکیمیی هەبوو، ئەویان هێنایە سەری. «نوورە» کە چاوی پێ کەوت، وتی؛ من ئەم مارەی سکی دەردێنم، بەبێ ئەوەی ئافرەتەکە هیچی بەسەر بێت. بە ئەندازەی دوو بەرە لەپ گۆشتی نەرمە لاڕانی مەڕێکم بۆ بێنن. گۆشتەکەیان بۆ هێنا، زۆر جوان لەگەڵ خوێیاوکێکی زۆر زۆرا سووری کردەوە و دای بە ئافرەتەکە وتی: بیخۆ. کانییەک قەڵبەزەی ئەکرد لە قەراخ ئاواییەک، وتی: ئافرەتەکە بەرنە بەر ئەو قەڵبەزەیە نزیک بە ئاوەکە، بە ئافرەتەکەی وت کە دەمی بکاتەوە، زۆری پێنەچوو مار لە تینوانا ئارامی لێ بڕا و سەری لە دەمی ئافرەتەکەوە هێنایە دەرەوە، ڕووبەڕووی ئاوەکەوە، ناشگا بە ئاوەکە، زۆرتر هەرەسی پێ هەڵگیرا و تینوێتی زۆری لێ سەند، وردە وردە ئەهاتە دەرەوە و ئەکشا بۆ ئاوەکە. هەر ئەهات و نزیک ئەبۆوە لە ئاوەکە و دەمیشی نەئەگەیشتێ. تا دوایی بە تەواوی هاتە دەرەوە و چووە سەر ئاوەکە.

«نوورە»ش وتی هیچ لاقەی مەکەن. ئافرەتەکەیان دوور خستەوە، مارە چووە سەر ئاوەکە و تێر ئاوی خواردەوە. ویستی بگەڕێتەوە، قورس بووبوو نەیئەتوانی بڕوا، بە ئاسانی کوشتیان.

ئەمجا هێنای داوای مەنجەڵێ شیری کرد. شیرەکەیان بۆ هێنا و بە ئافرەتەکەی وت بیخواتەوە، ئافرەتەکە هەر شیری ئەخواردەوە و بە ژەهرەوە هەڵی ئەهێنایەوە، ئەوەندەی شیر دایە تا ئیتر هەڵی نەهێنایەوە.

پاش ئەوە داوای «هەنگوین»ی کرد، هەنگوینیشیان بۆ هێنا و بە ئافرەتەکەی وت دەست بکات بە هەنگوین خواردن تا سێ ڕۆژ ئافرەتەکە خۆی گرتە هەنگوین و ئیتر بە تەواوی چاک بۆوە.