کەسانێک هەن بە زۆرێکی زۆر گیرۆدەی دەست...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  970 مشاهده

کەسانێک هەن، بە زۆرێکی زۆر، گیرۆدەی دەست منداڵ بوون، لەوانەیە سەریان لە خۆیان و لە منداڵەکانیش تێکدابێ، هی واش هەیە نقە ئەکا و جقە ئەکا و شەخس و نوشتە و دکتۆر ئەڕوا بۆ کەرتە منداڵێک، کەچی هەر بەولاوە ئەچێ و هیچی نابێ، دیارە ئەمانە کە وا منداڵیان نابێ، نەخۆشیی و ناتەواوییەک لە لەشی خۆیانایە، یا لە لەشی پیاوەکانیانایە، یا پیاوەکە تۆوی نییە، یا ژنەکە منداڵدانی زەدەیەکی تیا هەیە، جارێ لەمەیان بگەڕێن.

باری منداڵ زۆربوونەکە، تەنگوچەڵەمەیەکی زۆر گەورەیە بۆ زۆر کەس لە زۆر شوێنا، دوور نییە دوکتۆرەکانی عالەمیش بە دەست ئەم کەسەلەوە دامابن و هەر یەکە قسەیەکیان کردووە و هەر یەکە جۆرە چارێکیان وتووە، لەگەڵ ئەوەیشا نەگەیشتوونەتە ئامانج. ئەمە و دیسان هەرشتێک لەسەر پێوشوێنی تەبیعەت لاچوو، لە لایەکی ترەوە زیانی هەیە. زیانەکەش ئەوەیە وا بڵێن کە مەکینەی لەشی ئەم ئافرەتە تەواوە و ئامادەیە بۆ منداڵبوون، ئەگەر هات و بەربەستی ئەوە بە دەرمان و بە شتومەکی دەسکاری، دەستکاری کرا، ئەوە مەکینە ئەسڵییەکە لەسەر ئیشکردنی خۆی بە زۆر لادرا، شتێکیش کە بە زۆر لاببرێ لەسەر ڕێوشوێنی خۆی، گومانی تیا نییە کە زیانی هەیە.

ئەم لایەنەش -لایەنی منداڵ زۆربوون- بۆیە ئەوەندە بووە بە تەنگوچەڵەمەی عالەم، چونکە شەرت لەم ڕۆژەدا هەر منداڵ فڕێدان نییە، شەرت بەخێوکردن و تەربیەدانە، شت کە زۆر بوو، نە ئەو بەخێوکردنە ئەبێ، نە ئەو تەربیەتە ئەبێ کە ئیمڕۆ پێویستە. باوک و دایک نازانن لا بە لای کامیانا بکەنەوە و تەربیەی کامیان دادەن، ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەم باوک و دایکە لە ژیانا هیچ حەسانەوەیەکیان دەست ناکەوێ، دوور نییە تاوانێکیشە کە بەرانبەر بەم منداڵ زۆرییە ئەکرێ. جا من خێری خۆم! دەرمانێکم لایە کە هیچ زیانێکی تەبیعیشی نەبێ بۆ ئەو مەکینە ئەسڵییەی لەشی ژن و پیاوە، ئەیڵێم، ئەوی بەجێی هێنا بەجێی هێنا، ئەوەش کە نەیهێنا بە دەردی خۆیەوە، با بتڵێتەوە! ئەو دەرمانەش زۆر کەس داوایان لێ کردووم بە پارە، بەڵام من قازانجی تێکڕای ناگۆڕمەوە بە پارە، لەم ڕووەوە ناچارین ئەبێ زۆر بێ پەردە و بە ئاشکرا قسە بکەین:

ژن لە مانگێکا جارێک «حەیز - عوزری شەرعی» پیا دێت، دیارە لەو ماوەیەدا پیاو توخنی ناکەوێ، ماوەی حەیزەکە سێ ڕۆژە، پێنج ڕۆژە، حەوت ڕۆژە، هەرچەندە هەیە، لەبەر نەچوونی پیاوەکە بۆ لای و لەبەر خڵتە و لیتەی ئەو خوێن و هەرا و بەزمە، منداڵدانەکەی بە هیچ جۆر ئامادەی منداڵ وەرگرتن نییە، واتە ئەگەر بە کوتەکیش «ئاو - شەهوەت»ەکەی تێ بکرێ، وەریناگرێ.

ئەو ڕۆژەی کە لە حەیزەکە بووە هەموو ئافرەتێ خۆی حسابی خۆی ئەزانێ، لە پاش ئەو ڕۆژە، تا ماوەی پینج ڕۆژ منداڵدانەکەی خاڵی ئەبێ لەو هێلکانە کە منداڵی لێ دروست ئەبێ، لەو پێنج ڕۆژەدا پیاوەکە ئەتوانێ بچێتە لای و هیچ موتوربە و پەیوەندییەک دروست نابێ: چونکە شتومەک و ئەسبابی موتوربە پێک نەهاتووە.

ئەمجا لەپاش ئەو پێنج ڕۆژە تا ماوەی یەک حەفتە، کوورە بەجۆشە و منداڵدان پڕی ئەبێ لە هێلکەی بێ خەوشی منداڵ. لەو ماوەیەدا -ماوەی حەوت ڕۆژەکە- ئەگەر پیاوەکە چووە لای و ئاوەکەی ئەم چووە منداڵدانەکەوە ئەوە موتوربە و بناغەی منداڵ پەیدا ئەبێ.

تەنانەت لە پاش ئەو حەفتەیە گەلێ جار ئافرەت هەست ئەکا کە ئاوێکی لینجی زیچکاوی پیا دێتە خوارەوە، ئەوە ئەو ئاوە خڵتەی هێلکە پیسەکانن و بەبێ فەڕی دەریان ئەداتەوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی ئەم ئیشە، زانینی حیساب و حساب تێکنەچوون زۆر پێویستە، هەر لەگەڵ حسابەکە تێکچوو، ئیشەکەیش تێکئەچی، ئیتر تۆ بە خێر و من بە سەلامەت!