حەمدولیللا کوندی نەگبەت وا لەناو کوردان فڕی

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 3 دقیقه  616 مشاهده
حەمدولیللا کوندی نەگبەت وا لەناو کوردان فڕی
باز و پیرۆزە کە هاتن ورگی شوومیان هەڵدڕی
بای نەسیم لوتفی خوا بوو باوەشێنی کوردی کرد
ئاگری فیتنە لەناومان گورگی هار بوو دەرپەڕی
شێری ئاشتی کەوتە شوێنی ڕایڕفاند تا کلکی گرت
ئاگری بەردایە عومری تاکوو توبا لێی خوڕی
ڕووح و ویجدان و شەرەف هات گەییە سەر ئەوجی مراد
دەستی دا شمشیری عەدل و ساختە کاری گوێ بڕی
مژدە بێ بۆ ئەو ڕەئیسە عومری نوێی نووسرایەوە
بەحری حیلمی مەوجی عەفوی عالەمی خستە حوڕی
بۆ بەیانی حەق و تۆڵەی قەومی بێ چارەی فەقیر
زوو بەرۆکی زوڵمی گرت و تا بەدامەن دایدڕی
شێری مەیدانی شەجاعەت مەلجەئوومەئوای هەژار
مشکی نەحسی تێک شکاند و دەست بە جێ ڕووحی بڕی
وەک زەمانە بووبە کانتین بابەتی دانا تەواو
مشتەری فەزل و شەرەف بوو قەومی کورد هەردووی کڕی
گەورەکانی قەومی کوردی زۆر ڕجاتان لێ دەکەم
ببنە یەک پارچە هەمووتان هەرچی ڕۆیی تێپەڕی
بەزمی شایی چەند جوانە تێکەڵە کورد و عەرەب
زۆر شکوی بەد گۆی فەسادیش لەو میانە دەرپەڕی
بای سروورە ڕادەژێنێ سەیری بەیداغی نەجات
ئاوی ئەمنییەت لەناومان ژەنگی شوومی زوو بڕی
فورسەتە کەوتۆتە دەستمان سەد دەخیل خۆراگرن
ئەو کەسە مەرد بوو لە مەیدان زوو نیفاقی سەربڕی
وازنەهێنن دەست وبرد کەن پشتی یەکتر بەر مەدەن
هێزی یەکڕەنگی بەهێز کەن ڕۆژی ڕۆیی و تێپەڕی
لێک ببوورن مەردی خوابن تا نیفاق سامتان نەبا
چاو لە یەکتر زوو بپۆشن وەک پڵنگ بن بۆ دڕی
وەک بەشیری هاتنە مەیدان هەر بەشیری بچنە پێش
واز لە دوولایی بهێنن وەک بە خوێن خاکتان کڕی
چونکە هاودین وزمانین حەیفە بە خودا تەفرەقە
ڕووت لە زندانی بەڵا کا بەدزمانی سیخوڕی
هەر برابوون هەربرابن کاکە گیان کورد و عەرەب
بۆچی کورد بێ بەش بمێنێ عالەمی پێ هەڵپەڕی
گوێ مەدە باسی ئەوانە دین کە کوردی خستە دوا
ئەو کەسەی پشتی لەدین کرد سەیری کە چۆن تێ تڕی
با لەناو تۆماری مێژوو ناوی ئەم ڕۆژە بنێن
جێژنی ئیستیقراری کورد وەم عەرەب تورک و لوڕی
خواش مەرەنجێنن لە خۆتان ئەلئەمان و سەد دەخیل
لوتفی خوا بوو پشتی خستن خاکی کوردتان دابڕی
پشت بە خوا بەستن عەزیزم ڕەنجەڕۆن گەر وانەبن
شێری خوا بە هەردوو چاوم گەرچی پیری هەر کوڕی
یا ئیلاهی هەر بمێنێ تا ئەبەد ئەم خۆشییە
وا لەناو کوردی عیراقا کوندی نەگبەت هەڵفڕی
زۆر بە عیززەت هەر بژی کورد تا فەلەک دەورانەکا
شێر و شێر بەچچە بمێنن بێ خیلافات و شەڕی
عاسیتخلص تەبعی چەند خەیاتە چۆن لەیەک پارچە غەزەل
هەر بە ئەندازەی شەجاعەت ئەم کەوا جوانەی بڕی