دڵم دەستی بە شیوەن کرد لە حەسرەت بێکەسی کوردی

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 2 دقیقه  866 مشاهده
ئەمە بە موناسەبەتی ئەو ڕۆژە بوو کە مەلیک فەیسەڵ هاتە سەرتەختی مەلەکی و لە کوردان کەسێک نەبوو داوا بۆ کوردان بکات کە ئەوانیش لە خاکی خۆیان گەورەیێکیان هەبێ بەناوی حوکمەتی. منیش لە ئەسەفی ئەوە ئەو شیعرانەم نووسی
دڵم دەستی بە شیوەن کرد لە حەسرەت بێکەسی کوردی
لە چنگ تورکان نەجاتیان بوو ڕیاسەتیان عەرەب بردی
هەتا دەمری بناڵێنە ئەتۆ ئەی کوردی بێ ساحیب
تەماشای مەزرەعەی ژیانت چلۆن سەرمای خەفەت بردی
لەبەر بێ باک و ناڕێکی لە ڕێگای چەوت و تاریکی
بە دائیم وێڵ و سەرگەردان درشت و گەورە و وردی
ئەسەف بۆ خاکی کوردستان درایە دەستی بێگانە
ئەتۆ ئەی کوردی خاوەن ماڵ چ بوو لەم وەختەدا مردی
تەماشای خاکی خۆت ناکەی هەمووی زێڕە لە دەستت چوو
بە قانوونی خەرافاتی لە میرات بێ بەشی کردی
هەتا ماوی گەلێ عەیبە بڵێی کوردم لەناو عالەم
لە خۆت ناگەی لە بەرپێی دوژمنان پردی
دەبینی قەومی بێگانە دەڵێی شێرن ئەتۆش چۆنی
لەبەر بێ ئیتتیفاقیتان گرفتاری دووسەد دەردی
زبانمان زۆر درێژ کرد و ئەسەفەف دەستمان گەلێ کورتە
ڕەواجی سککەمان حەیفێ فسۆسی تەفرەقە بردی
لەناو بازاڕی هەستیدا دەزانی بۆچی بێناوی
لە بانقی یەککەتی ناوخۆ چەکی مایەت نیفاق بردی
بە فیشاڵ و قسەی بێ جێ دەڵێی شێرم ئەمان چ بکەم
تەماشای قەڵفەتی خۆت کە بە کەللە هەروەکوو گردی
نەبوو کوردێک ئەوێ ڕۆژێ بڵێ ئێوە خوداحافیز
عەزیزم خاکی کوردستان سەراپا موڵکە بۆ کوردی
بە (امش) و (شتگول) و (شترید) ئیدارەی کوردیەت نادرێ
ئەسەف ئینگلیزی دین دوژمن کە تەسلیمی ئەوی کردی
ئەدی بۆچی ئەوێستاکەش شعوورێکتان نەبوو ئێوە
بە هێزی بای نیفاقی خۆت بە دائیم تۆز و هەم گەردی
بەحیلە و قونبولەی نەکبەت وەها لێکی ترازاندوون
لە جادەی یەککەتی لایدان عەجەب دووچاری سەد دەردی
گوتم ئۆخەی لە کوردستان کە ئەولادیان موسەققەف بوون
ئەسەف تەختەی سەقافەتیان هەمووی بەربۆوە سەرعەردی
ڕجاتان لێدەکەم کوڕگەل ئەمن عاسیتخلصم خەفەتبام
ئەگەر تۆزێک شعوورم بوو هەوای فیشاڵی تۆ بردی