بایەزید و وان و مووش و ئەرزڕۆم و حەیدەران
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
2 دقیقه
791 مشاهده
بایەزید و وان و مووش و ئەرزڕۆم و حەیدەران
ئورفە و خەرپوت و چارێ و ئورمیە و شەمزینیان
نەهریە و دیاربەکەر و زەرزاو و وڵاتی بارزان
خانەقین و مەندەلی و گۆران و لور و باجەلان
وەک «کەوا» نەیدوورن، بە مەنتەقەی بابانەوە
ئۆردووێکی شەڕ فرۆشی کوردی موتڵەق ڕێک ئەخەن
دەستەێکی کینەخاهی جوان و سەر ڕەق ڕێک ئەخەن
بۆ نیشانەی سەربەخۆیی شکڵی بەیرەق ڕێک ئەخەن
عەسکەرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن
جوان و ڕازاوە بە تۆپ و لاکەلی ئەڵمانەوە
نەوجەوانانی وەتەن یەک یەک وەکوو شێری ژیان
پاڵەوانانی بەهەیبەت، هەر وەکوو بەبری بەبان
شۆڕە سوارانی تەهومتەن، وەک یەلی مازیندەران
بەچکە شێرانی عەشایر، بۆ قرانی دوژمنان
هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە، هاتن و جەولانەوە
نووکی خەنجەریان، لە جەرگی دوژمن گیر ئەکەن
دوژمنی دایکی وەتەنیان بۆ عەدەم تەهجیر ئەکەن
موڵکی کوردوستان لە میکرۆبی بەڵا، تەتهیر ئەکەن
پاش قرانی موددەعی، خاکی وەتەن تەعمیر ئەکەن
ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە
دەشت و سەحرامان، ئەبێتە ڕەوزەیی خولدی بەرین
سەوز و پۆر مێوە و بە ڕەونەق، لالەزار و عەنبەرین
جۆگەکانمان پڕ لە ئاوی خۆش گواری، شەککەرین
کێو و کەژ گشتی ئەبێتە، باخ و قەسری گەوهەرین
بۆ تەماشای، دەستە دەستە دێن لە ئینگلستانەوە
بولبولی تەبعم لە پەروازایە، هەردەم بۆ چڵێ
وا ئەناڵێنێ، بە کوڵ بۆ غونچە پشکەوتووی گوڵێ
ئەو گوڵەش هیوایە، شاهۆتخلص بۆی بەداخە گشت دڵێ
لامەدە «ئەحمەد» لە باسی میللەت و سا پێی بڵێ
تاکوو ساقی زوو بدا «بادە» بەدەم، مەستانەوە
بادەگێڕ هاتوو بەسەرمانا بە عیشوە تێ پەڕی
گوێی نەدایە مەجلیس و بادەی بلوور و ساغری
عاشقانی دایە بەر شەستیری چاوی ساحیری
پێی بڵێ، بەو ساقیە بۆ حسن و ناز و دولبەری
داخی خۆی ناوە بە جەرگی یوسفی کەنعانەوە