پێم بڵێن یاران بزانم بۆچی وا داماوە کورد
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
2 دقیقه
787 مشاهده
پێم بڵێن یاران، بزانم بۆچی وا داماوە کورد؟
بۆچی وا گێژ و پەرۆشە، ڕەوتی لێ شێواوە کورد؟
ماڵ و میراتی، بە ناحەق بۆچی وا، دابەش کرا؟
بۆچ لە ناو جەمعی بەشەردا، بێ بەش و بێناوە کورد؟
کردەوەی، خۆیە وەهایە، ڕۆژی ڕووناکی شەوە
کەوتە ناو چاڵاوی خەم، بنواڕە چۆن خنکاوە کورد؟
یەک لەگەڵ یەک، بەد دڵ و تینوو بە خوێنی یەکترین
گشتی بوختان چین، لەحەق یەک بۆیە وا بەدناوە کورد
نۆکەر و پاساوڵن، بۆ خوێنە خوارانی وەتەن
هەر ئەڵێی «بۆ نۆکەری بێگانەکان» خوڵقاوە کورد
تیرە تیرە و بڕ بڕن، ئەمیان ئەوی لا هیچ نییە
بۆیە بەم حاڵە هەموو دەم قەبری بۆ کنراوە کورد
ڕێی، بە بەختی خۆی نەبرد، ڕۆژێ بچێتە ڕیزی خەڵق
داخی داخانم، لە هاوڕێی دایما جێماوە کورد
گاه، ماشەی دەستە پشکۆی پێ هەڵئەگرن بۆ فەساد
گاهـ «فتبۆڵە» ئەوەی هات تێر شەقی پیادا داوە کورد
خۆی بەزل پیشان ئەدا، وەختی گوڕە و فیشاڵ، کەچی
چاوەڕێی پاش خوانی، خەڵق و کەوچکێ چڵکاوە کورد
وا تەمایان کردە ماڵ و موڵکی کوردستان هەموو
هەر کەسێ بۆ خۆی ئەپچڕێ سەیری چۆن پچڕاوە کورد
سوریەش لەو لاوە وا قۆڵی جزیرەی لێ بڕی
خۆیشی لێڵ ناکا بزانێ، چی بەسەر هێنراوە کورد
دایکی داماوی وەتەن، بۆ یارمەتی هاوار ئەکا
واجبە فریای کەون، تا دەرفەتی بۆ ماوە کورد
یەک کەون کوردینە بەسیە، پشتی یەکتر بەر مەدەن
کورد هەمیشە کورد بووە، کوردیش ئەبێ تا ماوە کورد
مەبنە تۆوی ناو دڕک، هەریەک بەلایەکا مەچن
وابکەن، عالەم بزانێت پیاو بووەو، هەر پیاوە کورد
بەنج کرابوو، نووستبوو، ئاگای لە مەرگی خۆی نەبوو
ئێستە وا پیشان ئەدا شاهۆتخلص لەخەو هەستاوە کورد