گوڵشەنی خەتمی نوبووەت ھەر گولێکی گرتووە
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
3 دقیقه
1474 مشاهده
بە موناسەبەتی مەولوود کە لە مزگەوتی گەورەی کۆیە بە سەرپەرشتی مەلایەکان کرا، منیش ئەوەم نووسی و خوێندمەوە موقابیل بە خەتمی پێغەمبەر. ئەگەر ئەو غەزەلە کەم بوو ئەمما گەلێکم زیاد کرد، بە موناسەبەتی مەولوود
گوڵشەنی خەتمی نوبووەت هەر گولێکی گرتووە
سەیری بۆن و جەوهەری کەن کائیناتی گرتووە
گەوهەرێکی شەو چراغە ئەووەل و سانی نییە
شەوقی دینی شەرق و غەرب وئاسمانی گرتووە
دانە دووڕڕێکە بە شکڵی ئادەمی هاتە وجوود
نووری تەوحیدە لە جیلوەی مەعریفەت پەیدا بووە
چوونی سەر ئەوجی نوبووەت بۆ مەقامی خاتەمی
ئینتیخابی لوتفی حەققە ئیختیاری کردووە
سەیری کەن پەڕگاری قودرەت حوکمی نەققاشی ئەزەل
سوورەتێکی چۆنی کێشاوە سەوقی کوێشی کردووە
کردییە خەیروخەلایق بردییە عەرشی عەزیم
جبرەئیلی کردە دختۆر شەرحی سینەی کردووە
چەند لە پێش خەلق و وجودی ئادەمی بابی بەشەر
بۆ نەجات کردییە شەفیع و تا لە نەکبەت دەرچووە
وا مەزانن شەوقی ڕۆژە جلوە بەخشە بۆ زەمین
زەڕڕە نوورێکە لە ڕووی ئەو ئیقتیباسی کردووە
هەم مەزانن کۆچی دوایی ئەو لە دنیا مردنە
وا لە سایەی عەرشی ئەعلا تا قیامەت نووستووە
یا ڕەسولەللا تەماشا ئوممەتت میوانی تۆن
جێژنی میلادی ئەتۆیە گوێزەبانەی کردووە
کۆمەڵی ئیسلامە هاتوون پێکەوە کورد و عەرەب
قووەتی دینی ئەتۆیە پشتی یەکیان گرتووە
تا لە دەعوای خاتەمیدا تێبگەن با خاس و عام
خوا لە قورئاندا بە خاتەم شوهرەتی دەرخستووە
جێژنەتان پیرۆز هەمووتان ئوممەتی خەیرولئەنام
خوا قەبووڵی کا بە ڕەحمەت ڕێی سەوابتان گرتووە
سەد دەخیل ئەی شاهی لەولاک تۆش بفەرموو مەرحەبا
چونکە ڕێزگرتن لە میوان خۆت پەسندت فەرمووە
چۆن ڕەوایە من لە قاپیت دەرکرێم بێبەهرە بم
چونکە عومرم من لە هەشتا زیاتریش تێپەڕ بووە
بەو شەقامی دینی تۆدا تاکوو ئێستا هاتمەرێ
خوا دەزانێ لام نەداوە بەڵکوو قاپیم تەڕ بووە
ئەو کەسەی مەدحت کە کردووە ئەو شەفیعە مستەفا
مستەفای موختار لە دەرگەت مستەفایەک کەوتووە
پڕ گناهـ و ڕووڕەشێکە ڕووی نییە بێتە حزوور
قەد خەمیدە و تەن زەبوونە پیر و بێتاقەت بووە
دەستی من دامێنی عەفوت چاوەنۆڕی مەرحەبام
نەک بڵێن بێبەش لە لوتفت دەرکرا و خوێڕی بووە
چەپڵە لێدەن ئەی موسڵمان ڕۆژی ڕێژنەی ڕەحمەتە
نووری فەخرولعالەمینە تەلعەتی وا کردووە
باری شانی زۆر گرانە چونکە ناوی عاسیتخلصیە
وا لە قاپیت ڕووم لە ڕیزەی خوانی لوتفت کردوو